Dyrai.jpg

سایكۆلۆجیا نه‌خۆشى ده‌روونى و ره‌فتارى نائاسایى

كتێبى (سایكۆلۆجیا نه‌خۆشى ده‌روونى و ره‌فتارى نائاسایى) چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.

كتێبه‌كه‌، كتێبێكى زانستیى، دەروونییە؛ بە شێوەى زنجیرە دوو وەرز جارێك ژمارەیەكى نوێى بڵاودەكرێتەوە. هەر ژمارەیەك تایبەت دەكرێت بە بابەتێكى دەروونیى، كلینیكیى و، لە چوارچێوەى بابەتى دیاركراودا ژمارەیەك نوسین و وەرگێڕان، كه‌ له‌لایه‌ن (دیارى سابیر) سه‌رپه‌رشتیار ده‌كرێت، له‌م كتێبه‌دا ژماره‌یه‌ك نوسه‌ر و وه‌رگێڕ تیایدا به‌شدارن ئه‌وانیش بریتین له‌ (دیارى سابیر، ره‌ندان وشیار، فرمێسك جاف، سه‌ركار ع. مسته‌فا، ئیڤان حسێن، په‌رژین محه‌مه‌د، د. جه‌عفه‌ر عومه‌ر، ساوێن هاوڕێ، ته‌لار جه‌مال، د. هێمن فاتیح، مارینۆ عه‌بدولخاڵق و شێنێ محه‌مه‌د).

سه‌باره‌ت به‌م كتێبه‌ (دیارى سابیر) سه‌رپه‌رشتیار پڕۆژه‌كه‌ تایبه‌ت به‌ سایتى گه‌لاوێژ وتى: "سایكۆلۆجیا كتێبێكى زانستیى، دەروونییە؛ بە شێوەى زنجیرە دوو وەرز جارێك ژمارەیەكى نوێى بڵاو دەكرێتەوە. هەر ژمارەیەك تایبەت دەكرێت بە بابەتێكى دەروونیى، كلینیكیى و لە چوارچێوەى بابەتى دیاركراودا ژمارەیەك نوسین و وەرگێڕان لە خۆ دەگرێت، كە ڕەهەندە جیاوازەكانى بابەتى دیاریكراو ڕوون دەكەنەوە.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ لە ئێستادا، تاكە كتێبى زانستیى، دەروونییە لە هەرێمى كوردستاندا بەم شێوازە كارى لەسەر دەكرێت و بڵاودەكرێتەوە. ژمارەى یەكەمى كتێبى سایكۆلۆجیا تایبەت بوو بە "نەخۆشیى دەروونیى و ڕەفتارى نائاسایى"؛ مانگى ٢ى ئەمساڵ لە ناوەندى ڕەهەند، بە تیراژى ١٠٠٠ دانە، بڵاوكرایەوە كە سەرجەم بابەتەكانى لە لایەن كەسانى شارەزاى بوارى دەروونیى (پزیشكى دەروونیى و دەروونزانیى كلینیكى)یەوە ئامادەكرابوون. كتێبى یەكەم ١٣ بابەت لە خۆدەگرێت، كە ٩ دانەیان نوسراو، ٢ دانەیان وەرگێڕدراون، هەروەها ٢ بابەتى دیكەش تێكەڵەیەكن لە وەرگێڕان و نوسین.

سه‌باره‌ت به‌ گرنگى كتێبه‌كه‌ بۆ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمى زو زانستیه‌كانیش وتى: "كتێبى سایكۆلۆجیا هەوڵێكە بۆ بەردەستخستنى سەرچاوەى زانستیى، دەروونیى بۆ خوێندكاران و مامۆستایانى بەشە دەروونییەكان لە زانكۆكانى هەرێمى كوردستان بە زمانى كوردى، كە سەرچاوەى لەم جۆرە لە كتێبخانەى كوردیدا دەگمەنە. لەگەڵ ئەمەیشدا، دەبێتە سەرچاوەیەكى زانستیى، دەروونیى بۆ خەڵكى گشتى بە زمانى كوردى، تا لە شوێنى هەڵەوە زانیارى نادروست وەرنەگرن و تێڕوانینێكى زانستییان هەبێت بۆ دەروونیزانى كە ئەمەیش وا دەكات زانستى دەروونزانیى ببێتە بەشێك لە مەعریفەى گشتى خەڵك.

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجى كتێبه‌كه‌ش (دیارى سابیر) وتى: "وەك هەر پڕۆژەیەكى دەروونیى دیكە، یەكێك لە ئامانجەكانمان كەمكردنەوەى ئەو نەنگى عەیبەیەى لكێندراوە بە زانستیى دەروونزانییەوە، بە تایبەت نەخۆشییە دەروونییەكان، كە تا ئێستاكەیش لە كۆمەڵگەى كوردیدا بە شێوەیەكى نەنگئامێز مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، هەروەها یەكێكى دیكە لە ئامانجەكانى ئەم كتێبە بریتییە لە گێڕانەوەى بەها بۆ دەروونزانیى وەك زانستێك، كە بەهۆى نەبوونى سەرچاوەى زانستیى هەموو كەسێك قسەى تیادا دەكات. ئەم كتێبە وەك سەرچاوەیەكى زانستى دەبێتە هۆى ڕاستكردنەوەى ئەو هەڵەتێگەیشتنانەى بەهۆى كەمى سەرچاوەى زانستى و زانیارى هەڵەوە ئەم بوارەى تەنیووە. لە لایەكى دیكەوە، ئەم كتێبە هەوڵێكە بۆ ئەوەى خەڵكى تایبەتمەندییە ئەكادیمییە (ئیختیساس) جیاوازەكانى نێو ئەم بوارە جیا بكەنەوە؛ بەم مەبەستە لە بابەتەكاندا بڕوانامەى ئەكادیمى سەرجەم نوسەرەكان ئاماژەى پێدەكرێت".

 له‌كۆتایشدا وتى: "بابەتەكانى سایكۆلۆجیا لەلایەن كەسانى شارەزاوە نوسراون، و بڕوانامەى نوسەرەكان ئاماژەى پێدراوە وەك هەنگاوێكى سەرەتایى بۆ ئاشنابوونى خوێنەران بە پسپۆڕییە جیاوازەكان. هەروەها لەسەر ستایلى دەستەى دەروونزانیى ئەمەریكى سەرچاوە بۆ بابەتەكان داندراوە، هەم لە ناو نوسینەكەدا سایتەیشن بۆ سەرچاوەكان كراوە، هەم كۆتاییشدا سەرجەم سەرچاوەكان داندراون.

بابەتەكان لەسەر چەند ئاستێك پێداچوونەوەیان بۆ كراوە. سەرەتا هەر بابەتێك پێداچوونەوەى زانستى بۆ كراوە لەلایەن سەرپەشیارەوە، دواتر بابەتەكان نێردراون بۆ خوێنەرێكى ئاسایى، كە تایبەتمەندى ئەكادیمى لە بوارى دەروونزانیدا نەبوو، تا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بكات تا چەند بابەتەكان ڕوون نوسراون و تێگەیشتن لێیان ئاسانە. ئەم پڕۆسەیە بە شێوازى (Double blind) كراوە؛ واتە بابەتەكان بەبێ ناوى نوسەر نێردراون بۆ خوێنەرەكە، هەروەها نوسەرەكانیش ئاشنا نەبوون بە خوێنەرەكە، ئەمەش بە مەبەستى كەمكردنەوەى لایەنگیرى و زیادكردنى بابەتیبوونى هەڵسەنگاندنەكە. لە كۆتاییشدا پێداچوونەوەى زمانەوانى و خاڵبەندى بۆ بابەتەكان كراوە".


ئەم بابەتە 355 جار خوێندراوەتەوە