Yadollah_Royaee.jpg

سه‌رپۆشی خنكێنه‌ری شیعر

یه‌دوڵڵا ڕوئیایی - و. لە فارسییەوە: شاڵاو حه‌بیبه‌

1

"داخوا چیرۆكیش ده‌توانێت ئه‌وه‌ی شیعر ده‌یدات به‌ خوێنه‌ر، بیدات؟" پرسی.

- به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر هه‌مان كار كه‌ له‌ شیعردا به‌ زمان ده‌كه‌ین، له‌ چیرۆكیشدا بیكه‌ین. یانی ئه‌وه‌ی له‌ خودی من و له‌ خودی بارستایینووسێكدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وكاته‌ی ده‌نووسێت.

- مه‌به‌ست؟

- پێشتر ده‌مزانی چی ده‌نووسم. ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌وه‌ ده‌نووسم، كه‌ بزانم چی ده‌نووسم. ئه‌وڕۆژ ده‌مزانی كه‌ ده‌نووسم، ئه‌مڕۆ ده‌نووسم كه‌ بزانم.

له‌م تێهێزرینه‌ له‌ داهاتوودا تێده‌هزرین.

  2

شتگه‌لێك كه‌ پێوه‌ند ده‌بن به‌ شیعره‌وه‌، به‌ خه‌ڵكییه‌وه‌ پێوه‌ند نابن.

لانیكه‌م ئه‌و شتانه‌ی شیعر ده‌بێت لێیان بدوێت، شتگه‌لێك نیین كه‌ خه‌ڵكی لێیان ده‌دوێن. ئه‌مه‌ هه‌مان جیاوازییه‌ كه‌ ده‌بێت بیری لێ بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ كاتێك له‌گه‌ڵ شتێكدا جیاوازیمان ده‌بێت، واتا له‌ شتێك له‌گه‌ڵیدا هاوبه‌شین. كه‌واته‌ بۆچی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ سانایی ده‌ینووسین، خه‌ڵكی به‌ سانایی تێی ناگه‌ن؟

 3

ئه‌گه‌ر به‌ختی ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه‌سێكی دیكه‌ له‌ خۆمان ساز بكه‌ین، واتا سه‌ر بكه‌وین كه‌ سازی بكه‌ین- سازكردن پڕ به‌ واتای وشه‌- به‌ جۆرێك كه‌ به‌م "سازكراوه‌"، به‌م كه‌سه‌ چێكراوه‌، به‌ سازكراوبوونی ئه‌م مرۆڤه‌ی دیتر كه‌ له‌ خۆماندا چێی ده‌كه‌ین پشت ببه‌ستین، ئه‌م مرۆڤه‌ چێكراوه‌ ڕازانێكی هه‌یه‌. وه‌كوو هه‌ر چێكراوێك، هه‌ر داهێنانێك، كه‌ ڕازێكی هه‌یه‌. كاتێك به‌ یارمه‌تیی نووسین، یارمه‌تیی شیعر، پشت به‌م كه‌سه‌ چێكراوه‌ ده‌به‌ستین، مرۆڤی خۆمان له‌ بیر ده‌كه‌ین، كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ جۆرێك سڕینه‌وه‌ی جێناوی "م" بێت‌، سڕینه‌وه‌ی "من"، سڕینه‌وه‌ی ئێگۆ.

به‌ڵام كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌م منه‌ چێكراوه‌ كارێكمان نییه‌، سه‌روكارێكمان له‌گه‌ڵیدا نییه‌، له‌ خودی خۆمانین، له‌گه‌ڵ منی خۆمان. ئه‌مه‌یش منی خۆمانه‌ كه‌ ده‌نووسێت و ئه‌و منه‌ چێكراوه‌ چێ ده‌كات. به‌ ده‌ربڕینێكی دیكه‌، ده‌بێت بڵێم من ده‌نووسم، كه‌واته‌ من هه‌م.

 ئایا من هه‌میشه‌ ده‌نووسم؟ له‌ كاتێكدا تۆ هه‌میشه‌ بیر ناكه‌یته‌وه‌. تۆ جاربه‌جار بیر ده‌كه‌یته‌وه‌، كه‌واته‌ جاربه‌جار هه‌یت. منیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌م، كه‌ به‌ نووسین بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، واتا بۆ ئه‌وه‌ی بیر بكه‌مه‌وه‌ ده‌نووسم، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و منه‌ چێكراوه‌ ناخه‌مه‌ ڕوو. واتا منیش جاربه‌جار بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ جاربه‌جار هه‌م.

 4

من هیچ فه‌یله‌سووفێكم نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌. به‌ڕاستی شتێكیان لێ نازانم. من شتێك نازانم. هیچ نازانم. یانیش هیچ ده‌زانم. واتا له‌ ساتێكدا كه‌ شتێك ده‌نووسم، هه‌مان ئه‌و ساته‌ی كه‌ ده‌یزانم ده‌نووسم. ساتێك كه‌ هه‌ڵگری په‌یڤه‌، كه‌ په‌یڤێك له‌ خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات و نه‌ك میراتی ساته‌كانی به‌ر له‌ خۆی. ته‌نێ ئه‌م په‌یڤه‌ هێشتا و هه‌میشه‌ سه‌یره‌ی سوكرات كه‌: "چونكه‌ نازانی كه‌ نازانی، وا ده‌زانی كه‌ ده‌زانی." دوو ئاسنه‌ڕێی ته‌ریب به‌ زمان ده‌ده‌ن، كه‌ له‌ مندا شتێك به‌ شتێك ناگه‌یه‌نن، جگە لە گومان، کە لە فەزای نێوان دوو ئاسنەڕێدا، ڕێ دەکات. فەزای نێوان دوو ئاسنەڕێ؟ پاژفەزا؟ سپاسمان (بارستایی).

 5

له‌سه‌ر ته‌وێڵی كتێبی "منی ڕابردوو ئیمزا"ـدا هاتووه‌:

"له‌ كه‌سی مندا دوو كه‌س هه‌ن:

یەکێکی تاك كه‌ ئیمزا ده‌كات، ئه‌وی دیكه‌ كۆ كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌.

له ساتی خوێندنه‌وه‌دا، ئێمه‌ سێ كه‌سین.‌"

ده‌مویست بڵێم كه‌ ئیمزای تێكست خوێنه‌ر ده‌یكات و خوێندنه‌وه‌، شتێك جگه‌ له‌ نووسین نییه‌. ئه‌و سێیه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كن و بێ یه‌كن. سڕینه‌وه‌ی یه‌كیان هه‌میشه‌ ژینی ئه‌وی دیكه‌یه‌.

خوێندنه‌وه‌ی كتێب سووتانی كتێبه‌. ئه‌گه‌ر تێكست له‌ خوێندنه‌وه‌ی مندا نه‌سووتێت، گڕ نه‌گرێت، من له‌ خوێندنه‌وەدا‌ گه‌رم دانایەم.

 6

من هه‌رگیز له‌ كاتی نووسیندا ئاسایی نیم. نه‌ خۆم و نه‌ زمانم. بۆچی ئاسایی بم؟ بۆ كێ؟ به‌ پێی پێویست بۆ خۆم هه‌م. كه‌واته‌ ده‌نووسم تا ساتگه‌لێك بێگانه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا بمێنمه‌وه‌. خودای خۆیشم بم. ئه‌وه‌یش له‌ نووسیندا به‌ زمان ده‌گات، به‌ خۆی، به‌ باڵغبوون ده‌گات. جا باڵغبوونیش، واتا به‌ چی گه‌یشتن؟

له‌ منداڵییه‌كانی مندا، باڵغبوون كه‌ ده‌گه‌یشت، به‌ شتێك نه‌ده‌گه‌یشت، به‌ڵام ئێستا له‌ نووسیندا، هه‌ركات كه‌ ده‌گات، به‌ هه‌مان شتە سه‌یرەکە ده‌گات، كه‌ یه‌كه‌مینجار له‌ باڵغبوونی منداڵیدا، له‌ پڕ ناسیم.

نووسین هه‌میشه‌ نائاسایی بووه‌. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی زمان ده‌یه‌وێت ته‌یاربوونی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت له‌ سروشتی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و به‌ كاری ده‌بات دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌رده‌پەڕێت. له‌ ئه‌شكه‌وتنشینه‌كانی كه‌وناراوه‌ بگره‌ تا مرۆڤی ئه‌مڕۆ. ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م، تا ده‌یویست له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌ودیوسروشتییه‌كاندا پێوه‌ندیی بگرێت، یان به‌ هێزێكی نادیار گوتارێكی دیار بدات، ده‌ستبه‌جێ زمانی ده‌گۆڕی. له‌ ترسان، یان له ڕووی‌ ڕێزه‌وه‌، مرۆڤی ئه‌مڕۆیش، به‌ زمانی نزا، كه‌ نازانێت چییه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا دەدوێت كه‌ نازانێت كێیه‌، چونكه‌ نانووسێت، دوورخراو ده‌مێنێته‌وه‌ و داتەنراو.

 7

له‌ په‌یڤدا شت هه‌یه‌. شتێك له‌ په‌یڤدا هه‌یه‌. به‌كاربردنی ئه‌م قه‌بووڵی ئه‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و به‌ كار بهێنیت، شتێكت كه‌ له‌ودایه‌، قه‌بووڵ كردووه‌.

كه‌ ته‌نیایه‌ به‌ كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت. به‌ كه‌ڵكی هیچ دێت. ئه‌گه‌ر ڕۆمانی پێ بنووسی سروشتی بێگیانت چێ كردووه‌. سروشتی بێگیانی سارا؛ سروشتێكی باڵا.

من په‌یڤه‌ ته‌نیاكانم هه‌مان هێنده‌ خۆش ده‌وێن كه‌ دارتاش بزماره‌كانی. هه‌ردووكیان ئه‌گه‌ر به‌ كار نه‌هێندرێن له‌ كار ده‌كه‌ون. به‌م جیاوازییه‌وه‌ كه‌ بزمار ژه‌نگ هه‌ڵده‌هێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی دارتاش ده‌ستخه‌ڕۆ بكات یان له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام په‌یڤی ته‌نیا هه‌میشه‌ وه‌ك سه‌رپۆشێك به‌سه‌ر بیره‌كانی منه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مندا ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌میشه‌ په‌یڤێكی من، یان په‌یڤێك له‌ من، ده‌شارێته‌وه‌. حه‌شارگه‌یه‌. سیحره‌كه‌یشیان له‌مه‌دایه‌. ئه‌وه‌ی ده‌ڵێم سیحری وشه‌كان له‌ بیر نه‌كه‌ین، له‌وێوه‌یه‌ كه‌ په‌یڤه‌كان سیحرێكیان نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پێیان نه‌ده‌ین. ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ له‌ لە پاڵوویه‌ک لە شەشپاڵووی بارستایی سیحراوی ده‌بن. له‌ په‌خشاندا هه‌روه‌ك له‌ شیعردا.

 سه‌رچاوه‌ ئەم وەرگێڕانە:

چهره‌ی پنهان حرف- یدالله‌ رویایی ]ڕووخساری شاراوه‌ی په‌یڤ[

انتشارات نگاه- 1390


ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە