Roza_Hamasalh.jpg

چیرۆكى ژنێك، لە ماوەی شانزه‌ ساڵ حوکمڕانیدا

رۆزا حەمە ساڵح

بە بەهێزترین خانمی جیهان ناوبراوە، وەسف کراوە بەوەی کە یەکسانە بە شەش ملیۆن پیاو، نازناوی ژنە ئاسنینەکەی پێبەخشراوە، بە دایە بانگی دەکەن، لە پشتەوەی دیواری بەرلین گەورە بوو، بەڵام هەموو دیوارەکانی ڕوخاند وئەڵمانیای بە ڕووی جیهاندا کردەوە، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بکات بە سەرچاوەی هەناردە پێشەسازییەکان و دەرگا بەرووی ملیون و نیوێک لە کۆچبەران بکاتەوە.

ئەو بروانامەی دکتۆرای لە بواری کیمیا فیزیادا هەیە، زانایەکی بواری کیمیا بووە، بەڵام توانی لە هاوکێشە سیاسی و ئابورییەکاندا پێشکەنگ بێتو وڵاتی ئەڵمانیا بکات بە خانمی ئەوروپا لە روی ئابوری و ڕۆشنبیریشەوە.

ئەنگێلا مێرکڵ، لە ماوەی 16 ساڵدا توانی بە پاکی و لێهاتووانە سەرکردایەتی 80 ملیۆن هاونیشتیمانیانی بکات، هیچ کات مۆدە و پۆست و پلە و پایە نەیانتوانی بیگۆڕن ، هیج موڵک و خانووبەرە و ئۆتۆمبێل و یەخت و فرۆکەی تایبەتی بۆ خۆی نەکڕیوە، لە ماوی 16 ساڵی حوکمڕانییەکەیدا، هیچ سکاڵایەک لە دامودەزگاکانی ناو دەسەڵات لە دژی تۆمار نەکراوە، هیچ پێشێلکارییەکی نەکردووە.

ئەنگێلا مێرکڵ کێیە؟

ئەنگێلا کاسنەر لە ساڵی 1954 لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا لە دایک بووە، بەڵام لە ئەڵمانیای ڕۆژهەلات و لە ژێر حوکمی یەکێتی سۆڤێتدا گەورە بووە. لە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین و لە ساڵی 1989 ڕۆشتە ناو دونیای سیاسەتەوە ، لە ناو حزبی مەسیحی دیموکراتی کاری کرد، لە ساڵی 1990 گەیشتە پەرلەمان، لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەڵمانیا لە دوای یەکگرتن، بوو بە وەزیری ژنان و لاوان، دواتر لە ساڵی ١٩٩٤ بوو بە وەزیری ژینگە. لە ساڵی 2002 بوو بە سەرۆکی حیزبی مەسیحی، دواتر لە ساڵی 2005 بوو بە یەکەم ڕاوێژکاری ژن لە ئەڵمانیا کە سەرکردایەتی وڵات بکات.

ئەنگێلا کاسنەر دوو جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، خاوەنی هیچ منداڵیک نییە، یەکەم هاوسەرگیری لە ساڵی 1977دا بوو، لە گەڵ "ئەولریش مێرکڵ"، لە ساڵی 1982 لە هاوسەرەکەی جیابۆتەوە، دواتر لە ساڵی 1998 لەگەڵ "یواکیم زاوەر "مامۆستای فیزیا هاوسەرگیری پێکهێناوەتەوە، بەڵام هەر نازناوی هاوسەری یەکەمی هەڵگرتەوە. 

ئەوەی بە هیتلەر نەکرا کە ویستی لە ڕێگەی جەنگەوە ئەڵمانیا بکات بە وڵاتێکی زلهێز، مێرکڵ توانی بیکات.

ئەو بە هیچ شیوەیەک کاری لە سەر هیچ دەمارگیریەکی نەتەوەیی، یان ئایدۆلۆژی، یان رەگەزی نەکردووە، بەڵام بۆ یەکەم جار و لە دوای هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، تە‌نھا لە‌ ڕێگە‌ی كاركردنێكی لێھاتووانە‌، توانی ئەڵمانیا بکات بە هێزێکی گەورە لە ناو کیشوەری ئەوروپا و بە یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، بە بێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت.

مێرکڵ دەستی لە کار کێشایەوە، وا بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢١ بە فەرمی کۆتایی بە ماوەی حکومڕانی خۆی بهێنێت، واتا دوای ١٦ ساڵ لە سەرکردایەتی و 18 ساڵ لە پۆستی سەرۆکایەتی پارتەکەی، بەوەش مێرکڵ توانی لەو ماوەیەدا ئەڵمانیا و گەلەکەی لە باشترین بارودۆخدا بەجێ بهێڵێت.

توانی سەرکەوتنی گەورەی پیشەسازی بۆ ئەڵمانیا بە دیبهێنێت. لە هاوسەنگی بازرگانی و بودجەی گشتییشدا، وڵاتەکەی توانی زیاتر لە وەی کە چاوەڕوان دەکرا بە دەستی بهێنێت. ڕیژەی بیکاری لە وڵاتەکەیدا بە شیوەیەکی یەکجار کەم تۆمارکرا.

لە دوای دەست لە کارکێشانەوەی، کاردانەوەی گەلی ئەڵمان چاوەڕوان نەکراو بوو، هەموو هاتنە ناو بالەکۆنەی ماڵەکانییان بۆ ماوەی ٦ خولەک بە گەرمی چەپڵەیان بۆ لێدا، گەلی ئەڵمان وەک یەک جەستە ڕاوەستان و خواحافیزییان لە ڕابەرەکەیان کرد.

ئەو مرۆڤە مەزنەی کە هیچ شتێک نەیتوانی لە خشتەی بەرێت، نە مۆدە، نە پلەو و پۆست وپارە، نە فێلا و کۆشک و تەلار، نە یەخت و فرۆکەی تایبەت… ، وازی لە پۆستەکەی هێنا، لە دوای ئەوەی وڵاتی ئەڵمانیای لە لوتکەدا بەجێهێشت.

18 ساڵ، جلوبەرگە کۆنەکانی نەدەگۆڕی، جارێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، یەکێک لە ڕۆژنامەنوسەکان لێی پرسی، ئێمە سەرنجمان داوە کە تۆ ئەم تاقمە جلەت زۆر دووبارە لە بەری دەکەیتەوە، ئایا جگە لەمە هێجی ترت نییە؟

لە وڵامدا وتی: من کارمەندێکی حکومییم، کاری مۆدێلاتی جلوبەرگ ناکەم.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی تردا لێیان پرسی، ئایا هيچ خزمەتکاریک لە ناو ماڵەکەدا هەیە، ماڵەکەت بۆ پاک بکەنەوە و خواردنت بۆ ئامادە بکەن؟

لە وڵامدا وتی: نەخێر هیچ خزمەتکارێکم نییە و پێویستیشم بە خزمەتکار نییە، خۆم و هاوسەرەکەم ڕۆژانە، هەموو ئیش و کارەکانی ناو ماڵ دەکەین. 

دواتر پێی وتن، چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد کە پرسیارم لە سەر سەرکەوتن و شکستی کارەکانمان لە ناو حکومەتدا لێبکەن، نەک لە سەر ئەم زانیاریە ڕۆتینیانە.

خاتوو مێركڵ، لە ناو شوقەیەکی ئاسایدا ژیان دەگوزەرێنی، وەک هەر هاونیشتیمانییەکی دیکەی وڵاتەکەی، ئەم شوقەیە پێش ئەوەی بە ڕاوێژکاری حکومەتی ئەڵمانیا هەڵببژێریت، تییدا نیشتەجێ بووە، ئەم پۆستە یەکسانە بە پۆستی سەرۆک وەزیران لە وڵاتانی دیکە. 

ئەمەیە مێركڵ راوێژکاری پێشوو، سەروک وەزیرانی حکومەتی ئەڵمانیا، کە بە یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا و جێهان لە ڕووی پێشەسازییەوە هەژمار دەکرێت. 

دەبێت ژیان و بارودۆخی سەرۆکەکان وابێت ، وە بۆ ئەوانەشی کە دیانەوێت بە دڵسۆزی خزمەت بە گەڵ و نیشتیمانی خۆیان بکەن.

ئایا تۆ هیچ هیوایەک بەدی دەکەیت کە رۆژێک بێت و وڵاتمان بگاتە ئاستی وڵاتی ئەڵمانیا و سەرۆکێکمان هەبێت هاوشانی مێركڵ بێتو سەرکردایەتی وڵات بکات ؟!


ئەم بابەتە 279 جار خوێندراوەتەوە