Mamuzin.jpg

گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا، مەم و زین بە نموونە

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر داستانی (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی، چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

(گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا، مەم و زین بە نموونە) لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبییە لەسەر میتۆدی شیکاری، پراکتیکی، بەراوردکاری ئەنجامدراوە، کە باسی هەر بەشێک دەکرێت لە ڕووی تیۆری بەهەمان شێوەش لەڕووی پراکتیکیش شڕۆڤە و شیکار دەکرێت. ئەمە بۆ لێکدانەوەی بەرهەمی شیعری داستانی و شیعری شانۆیش بە هەمان میتۆد دەخرێتە بەر نووکی قەڵەم و خاڵە هاوبەش و جیاوازییەکانیان دەستنیشان دەکرێت.

نوسه‌رى كتێبه‌كه‌ (هاوکار جەمیل) گرنگی هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە (گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا، مەم و زین بە نموونە) دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، کە ئەمانیش بریتین لە:

یەکەم: گرنگی گێڕانەوە، کە هەمیشە خۆی دەخزێنێتە ناو زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکان.

دووەم: بەراوردی دوو جۆر ڕەگەزی ئەدەبیی دەکات کە یەکێکیان داستانە و بۆ سەردەمی کۆن دەگەڕێتەوە، ئەویتریشیان بۆ سەردەمی نوێ دەگەڕێتەوە کە شانۆیە و بەراوردکردنیان ئەرکێکی ئەدەبییە بۆ ناسینەوەی دەقەکانیان.

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت: ( بنیادی گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا، توخمەکانی گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا، هونەرەکانی گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا) وە هەربەشێک چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت، کە لایەنی تیۆری و پراکتیکی ڕەگەزەکان دەکرێت و بەراورد دەکرێن. نووسەر لەم لێکۆڵینەوەیەدا لە کۆتایی کتێبەکە دەمانگەیەنێتە ئەنجامێک و بۆ لێکۆڵینەوەکە سوود لە چەندین سەرچاوەی کوردی و عەرەبی و فارسی وەرگیراوە بۆ سەلماندن و شیکردنەوەی بابەتەکان.

باسکردن و لێکۆڵینەوە لەبەرهەمە فۆلکلۆرییە کوردییەکانی وەک داستانی (مەمی ئالان)، لە زمانی ڕۆژهەڵاتناسێکی وەک (ئۆسکارمان) بۆمان کۆکراوەتەوە، کە سامانێکی نەتەوەیی گەورەیە. ئاشکرایە هەموو گەل و نەتەوەیەک شانازی بە داستانە فۆلکلۆرییەکانی خۆیانەوە دەکەن، بەمەبەستی ئاراستنی دابونەریت و سامانیی ئەدەبیی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو، تا بە چاوی ڕێز و شکۆوە بڕواننە داستان و شانۆ فۆلکلۆرییەکانیان.

کتێبی (گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا، مەم و زین بە نموونە) لە نووسینی (هاوکار جەمیل)ە و (ئیحسان محەمەد) پێداچوونەوە زمانەوانی و خاڵبەندی بۆکردووە و (سیروان مەحموود) دیزایینی ناوەوە و (زاگرۆس ڕۆژهەڵاتی) دیزایینی بەگی بۆ کردووە. ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین بە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.


ئەم بابەتە 244 جار خوێندراوەتەوە