Baz.jpg

چیرۆكى بازەکە و چڵە دارەکە

وەرگێڕانی لەعەرەبیەوە: بابان حەمە

یەکێک لەپاشاکان دوو بازی نایابی بە دیاری پێ دەگات، دوو جوانترین باڵندەبوون کە بینرابن، پادشا هەردوو بازەکە بە گەورە ڕاهێنەرانی بازی دەدات، تاکو ڕایان بهێنێت، پاش چەند مانگێگ، ڕاهێنەری بازەکان دێتە لای پادشا و پێی ڕادەگەیەنێت کە یەکێک لە بازەکان بەشێوەیەکی زۆر جوان و بێ هاوتا بە تاقی ئاسماندا دەفڕێت، بەڵام ئەوی تریان بەهیچ شێوەیەک ئەو چڵە دارە بەجێناهێڵێت کەلەسەری نیشتۆتەوە، پادشا هیچی بۆ نەمابۆوە ئەوە نەبێت کە  پزیشکان لەسەرتاسەری وڵات کۆبکاتەوە تا چارەی بکەن، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی بیهێننە فڕین.

پاش ئەوەی چەند ڕێگا چارەیەکی بۆ فڕاندنی بازەکە تاقیکردەوە، بیرۆکەیەکی بە مێشکدا هات (ڕەنگە وا چاک بێت پەنا بۆ کەسێک ببەم کە ئولفەتی بە سروشت و ژیانی لادێوە گرتبێت، تا لە ڕەهەندەکانی ئەم کێشەیە تێبگات).

دەست و برد بڕیار دەدات یەکێک لەجووتیارەکان ئامادە بێت. لە سبەیدا پادشا لەخۆشیدا شاگەشکە بوو کەبینی بازەکە بەسەر  باخچەکانی کۆشکەکەیدا دەفڕێت، دەست و برد فەرمان بە دەست و پێوەندەکانی دەکات کە ئەو جوتیارە زیرەکە بێنن کە ئەو کارەی ئەنجامدا کە ئەوانی تر نەیانتوانی ئەنجامی بدەن.

هێنایان و لەبەردەم دەست و پێوەندەکانی پادشادا وەستاو پرسیاری لێکرد (چۆن کارێکی وات کرد بفڕێت؟).. جووتیارەکە بەبڕوا بەخۆبوونێکەوە  هاتە وەڵام: (شتەکە زۆر ئاسان بوو، ئەو چڵەی لەسەری وەستابوو شکاندم، ئەویش ناچاربوو پشت بەخۆی ببەستێت و لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا خۆی بگونجێنێت و کەوتە فڕین.)

 

بەکورتی:

ئەی تۆ کەی چڵەکانی خۆت دەشکێنیت..

چڵی شکست و چڵی تەمەڵی، چڵی گومان و باوەڕنەبوون بەخۆت.. تا لەئاسمانی ژیاندا بەرز بفڕیت!


ئەم بابەتە 146 جار خوێندراوەتەوە