Nihad.jpg

ڕوانینی جیاواز بۆ هاملێت

نیهاد جامی

بەشی یەکەم

 شانۆنامەی هاملێتی فیسپیانیسکی وایکردووە هاملێت وشکسپیر ببنە بەشێک لەناو ئاگایی کولتووری مرۆڤی پۆڵەندی، بەدوای ئەو شانۆنامەیەوە، هەمیشە شانۆگەری هاملێت جێی سەرنجی بینەرانی شانۆ بووە، کە ڕەنگە لێرەدا نەتوانین و نەکرێت باس لەکۆی ئەو دەرهێنانە جیاوازانە بکرێت، بەڵام دەتوانین ئاماژە بەچەند نمایشێک بکەین، لەوانە هەردوو دەرهێنەر ئاندژێی ڤایدا و یان کلاتا (٧) لەڕێگەی کردەی دەرهێنانیان بۆ ئەو شانۆنامەیە قسەوباسی زۆریان درووست کردووە.

دەرهێنەرێک نیە لەشانۆی پۆڵەندیدا هێندەی ڤایدا گەڕابێتەوە بۆ شانۆنامەی هاملێت، ئەو ئەگەر لەشانۆگەری "شەوی نۆڤێمبەر" بەڕوونی کاریگەری ئەو شانۆنامەیەی بەسەرەوە بووبێت، ئەوا بۆ خۆشی تا کۆتایی ژیانی چوار جار وەک دەرهێنەر کاری تیا کردووە، یەکەمجار لەسالێ ١٩٦٠ شانۆگەریەکەی پێشکەش کرد، لە ١٩٨١ دووجار کاری دەرهێنانی بۆ هاملێت کردووە، لە ١٩٨٩ دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت (٨) و هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ سەرلەنوێ ئەو شانۆنامەی بۆ شانۆ دەرهێناوە،  لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ژیانی مرۆڤی پۆڵەندی بەرەو دۆخێکی جیاوازتر هەنگاو دەنێت، شانۆنامەکانی شکسپیریش لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا ئازاد دەبن، بەرەو دیدی کراوە هەنگاو دەنێن، گەر سیستمی کۆمۆنیستی ڕێگای ئەو کرانەوەیە نەدات، بەڵام بەدوای ڕووخانی سۆڤیەت شانۆنامەکان بەرەو دیدو خوێندنەوەی جیاواز دەبردرێت، دەبنە هۆکارێک بۆ قسەکردن لە کۆمەڵگای پۆڵەندی دوای هۆلۆکۆست و کۆلۆنیالیزم، هەروەها پرسی ژن وەک بابەتی فێمێنیستی لەناو شانۆنامەکانی شکسپیر دەبنە پرسی خوێندنەوەی دەرهێنانی.

گرنگترین سیما چیتر پاڵەوان لەشانۆنامەکانی شکسپیر لەپۆڵەندا چیتر تەنیا وێنەیەکی ئالۆزی دەروونی نیە، یاخود کارەکتەرێک نیە بخرێتە نێوان ململانێی سەرمایەدارو کۆمۆنیستێک،  هەروەها مانا ڕەمزیەکان لەسنورێکدا نامێننەوە، بۆیە ساڵی ١٩٨٩ بەساڵی گۆڕانکاری لەشانۆنامەکانی شکسپیر دادەنرێت.

ڤایدا هەمیشە لەڕیی هاملێت خوازیاری خوێندنەوەی مێژووی پۆڵەندایە، پەیوەندیەک دەدۆزێتەوە تاوەکو ئەو ڕابردووە بکاتە  زەمینەی تێگەیشتی کۆمەڵگا لەخۆی، پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نهێنیە شاراوەکان، بەتایبەت لەدواهەمینی دەرهێنانی بۆ ئەو شانۆنامەیە دەیەوێت لەڕێی دیمەنی نواندنی ئەکتەرەکان لەنمایشەکە کاتێک گروپێکی شانۆیی دەهێنێتە کۆشک تا نواندن بکەن، دەرهێنەر هەوڵیداوە ئەو دیمەنە تەنیا وەک هەوڵی هاملێت نەبێت بۆ نیشاندانی تاوان، بەڵکو پەیوەندی هاملێت بە ئەکتەرەکانەوە.. بەچوونی بۆ ژووری خۆگۆڕین و بڕینی پەیوەندی نێوان شانۆو هۆڵ دەیەوێت وەک بەشێکی ڕاستەقینەی ژیان بیب ینێت نەوەک تەنیا وەک شانۆ.

 Hamlet_prova

ڤایدا لەکاتی پڕۆڤەی هاملێت

بەبڕوای مۆنیکا پیلخ (٩)، هیچ کاتێک ڤایدا نەیویستووە دەرهێنەرێکی شانۆیی بێت، ئەو بۆچوونەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ کاتەکانی بەشانۆ دەبەخشێت، کە لەکاتی پشووی وێنەگرتنی فیلکمەکاندا بووە بەشانۆی بەخشیووە (١٠)

هەندێک ڕوانینی شانۆیی لەدەرەوەی پۆڵەندا بۆ هاملێت جێی بایەخی شانۆی پۆڵەندی بووە، وەک چۆن شانۆی پۆڵەندیش بۆ شانۆی ئەوروپی شانۆیەکە بەگرنگیەوە لێیان ڕوانیووە، بەهەمان شێوەش شانۆی پۆڵەندیش لەگرنگی شانۆکانی تری ڕوانیووەو تا ئاستێکیش دەرگای بۆ گفتوگۆی ئەو شانۆیانە کردۆتەوە، بەنمونە لەگفتوگۆیەکی مۆنیکا پیلخ لەگەڵ دەرهێنەری لیتوانی ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١١) هەندێک تێگەیشتنی جیاوازتر لەبارەی شکسپیر دەبیستین، کە بەهۆی ئەوەی وەک کۆمەڵێک پرسیار ورووژێنراوە، دەتوانین وەک جۆرێک کاریگەریش بۆ داهاتووی ئەو باسە لەپۆڵەندا گرنگی خۆی هەبێت.

بۆچی ئەو دەرهێنەرە بەشانۆی پۆڵەندیەوە دەبەستینەوە؟ لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان رەخنەگرێکی نوێی ئەم شانۆیە دیدارەکەی لەگەلیدا ئەنجامداوە کەوا لەگۆڤارێکی تایبەت بەشانۆ بڵاوکراوەتەوە کەوەک سەرچاوەی سەرەکی شانۆکاری پۆڵەندیە هەر لەهەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە، هۆکارێکیتریش ئەوەیە ساڵانێکە لەپۆڵەندا نیشتەجێیەو کارەکانی لەپۆڵەنداو چەندین وڵاتی تری دنیا نمایش دەکات، سەرباری ئەوەی ئەو دەرهێنەرە بەجۆرێک دنیای شانۆیی شکسپیر وابەستەی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەکاتەوە، ئەوەتا کاتێک باس لەوە دەکات کەوا تەواوی شانۆنامەکانی شکسپیر لەبارەی هێزەوە دەدوێن، ئەوەش بەمشتومری هێز ناو دەبات جا لیبڕالی بێت یاخود دیکتاتۆری "ئەوەش ئەو ڕێگاییە ئەو درامایەم پێی خوێندۆتەوە، لەبەر ئەوە ڕوانینێکم هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو تێکستە (١٢) وابەستەی پەیوەندیەکە بەشیوەیەکی تایبەت بە پۆڵەندا" (١٣)

پەیوەندی شانۆنامەکانی شکسپیر بەمرۆڤی پۆڵەندیەوە باسێکە لەو ساڵانی دوایی قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، پێشتریش ئاماژەمان بۆ توێژینەوەکەی ڕۆژنامەنووس کاتاژینا جیێژبیچکا کرد لەبارەی ئەو پرسەوە.

هەلبەت شانۆگەری هاملێت لەدەرهێنانی یان کلاتا بەهەمان شێوە قسەو باسێکی زۆری بەدوای خۆی هێنا، بەهۆی ئەوەی دەرهێنەر ویستویەتی لەکردەی دەرهێناندا بەشێک لەمێژووی کۆمەڵگای پۆڵەندی پێ بخوێنێتەوە،

پەراوێزو سەرچاوەکان

 (٧) یان کلاتا (١٩٧٣) لەکاری دەرهێنانی شانۆیی وەک نوسەر ودراماتۆرگیش لەشانۆدا کار دەکات، لە وارشۆ شانۆی خوێندووەو لە کراکۆڤیش سینەما، سەرەتای دەرهێنانی شانۆیی بە کارکردن لەناو چیرۆک و ڕۆمان دەستی پێکرد، بەتایبەت  لە ٢٠٠٤ ئەو دەمەی لەشاری ڤرۆسواڤ کاری کرد، سەرەتا "ژێرزەمینەکانی ڤاتیکان" ی ئەندریە ژید بۆ شانۆ دەرهێنا، لەبەشی دواتر لەبارەیەوە دەدوێین

(٨) لەبەشێکیتری ئەو کتێبەدا بەووردی باسمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا کردووە، هەروەها لەسەر بەشێکی کارەکانی ڤایداو نمایشی "شەوی نۆڤێمبەر" شیکاریمان کردووە، بۆیە دەکرێت بۆ تێگەیشتنی زیاتری کارەکانی خوێنەر بۆ ئەو بەشەیان بگەڕێتەوە 

(٩) مۆنیکا پیلخ ڕەخنەگرێکی نوێی شانۆیی پۆڵەندیە، لەبارەی کێشەکانی شانۆی پۆڵەندی ونمایشە شانۆییەکان دەنووسێت، وتارەکانی زیاتر لەگۆڤاری شانۆ بڵاو دەکاتەوە.

(١٠) Monika Pilch, Andrzeja Wajdy spojrzenie na teatr, Teatr numer 2/2017

(١١) ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١٩٦٩) دەرهێنەرێکی لیتوانیە، چەندین شانۆنامەی شکسپیری بۆ شانۆ دەرهێناوە لەوانە "هاملێت، رۆمیۆ وژۆلێت، خەونی نیوە شەوی هاوین،زریان" خاوەنی چەندین خەڵاتی شانۆییە، گرنگترینینان خەڵاتی شانۆی ئەوروپی بۆ واقعی نوێ، لە ٢٠١٦ خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە نەرویژو لیتوانیا وەرگرتووە، لە١٩٩٨ شانۆیەکی تایبەت بەخۆی درووست کردووە لە ڤیلنیێ، کەجەخت لەسەر دراما هاوچەرخ و کلاسیکیەکان دەکاتەوە.

(١٢) مەبەستی شانۆنامەی "پێوانە بە پێوانە" یە

(١٣) Monika Pilch, Szekspir nie moralizuje, teatr numer 6/2016


ئەم بابەتە 172 جار خوێندراوەتەوە