A_Hidden_Life.jpg

ژیانێکی شاردراوەی مرۆڤێک کە نایەوێت بکوژێت

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمی  A Hidden Life (ژییانێکی شاردراوە) فیلمێکی مێژوویی درامییە لە ساڵی ٢٠١٩ دەرچووە لە نووسین و دەرهێنانی تێرێنس مالیکە،

دەرهێنەر: تێرێنس مالیک

ئەکتەرە سەرەکییەکان: ئۆگەست دیێڵ، ڤاڵێری پاچنەر، ماریا سیمۆن، تۆبیاس مۆرێتی

ماوەی فیلم: ٢ کاتژمێر و ٥٤ خولەک

ڕەیتینگ: ٧.٤

ژانر: ژیاننامە_ درامی _ ڕۆمانس

کورتەیەک:

باس لە ژییانی فرانز جاگێرستاتەر دەکات کە بە ڕەگەز نەمساوییە و کەسێکە نایەوێت چەک هەڵگرێت و ڕەتی دەکاتەوە شەڕ بۆ نازییەکان بکات لە جەنگی جیهانیی دووەمدا.  ناونیشانی فیلمەکە لە کتێبی Middle march ی جۆرج ئیلیۆتەوە George Eliot وەرگیراوە، کە ئەویش لە پەسنییەکی کتێبی پیرۆز (پەیمانی نوێ) وەرگیراوە کە دەڵێت " For you died, and (now) your life is hidden with Christ in God.”  واتە " بۆ تۆ کە لەم ژییانەدا مردیت، ئێستا ئیدی ژییانە ڕاستەقینەکەت لەگەڵ مەسیحدا لە نێو خودادایە." 

فیلمەکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٩ لە فیستیڤاڵی کان بۆ فیلمدا نماییش کرا ( Cannes Film Festival ) ، کۆتا فیلم بوو کە لە یادی بیست و پێنجەمین ساڵەیدا لە لایەن کۆمپانیای Fox Searchlight pictures ەوە بەرهەم هات، پاشتر ستۆدیۆکانی واڵت دیزنی ناوی کۆمپانیاکەیان گۆڕی بۆ Searchlight Pictures  لە حەڤدەی یەکی دوهەزار و بیستدا.

A Hidden Life1

چیرۆکی فیلمەکە:

جوتیارێکی نەمساوی بە ناوی فرانز جاگێرستاتەر کە لە گوندێکی بچووک لەدایک بووە و ژییاوە، لە کێڵگەکەیدا کاری دەکرد کاتێک جەنگ دەستی پێکرد. فرانز و فانیی هاوسەری دوو ئەندامی گرنگی کۆمەڵەیەکی جوتیارانن لە گوندەکەیاندا، ژییانێکی سادە دەژیان و پاش چەند ساڵێک دەبنە خاوەنی سێ کچی جوان.

فرانز ئاگادار کردنەوەی بۆ دێت تا مەشقی پێ بکرێت و بچێتە نێو ڕیزەکانی سووپای ئەڵمانەوە و، لە هاوژین و منداڵەکانی دوور دەکەوێتەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ، کاتێک فرانز خۆی بەدەستەوە دەدات وا چاوەڕوان دەکرێت کە بەو زووانە جەنگ کۆتایی پێ بێت، دەینێرنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی.

لەگەڵ دایک و زڕ خوشک و هاوژینەکەیدا زەوییەکەیان دەکێڵن و منداڵەکانیان بەخێو دەکەن، لەنێو چیا و دۆڵەکانی نەمسای سەروودا ژییانیان لەسەر بڕین و کۆ کردنەوەی (کا) یە لای روباری ئینی پان و بەرین.

جەنگ درێژە دەکێشێت و جاگێستاتەر و پیاوانیتری گوندەکە دوبارە بانگی نێو سووپا دەکرێن تا بچن بۆ جەنگ و، یەکەمین ئەرکیان ئەوە دەبێت کە سوێندی دڵسۆزییان بخۆن بۆ ئەدۆڵف هیتلەر و ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی، هەروەها فشارێکی زۆریشی لەسەرە لە لایەن کوێخا (سەرۆکی شارەوانی) و قەشەی سالزبۆرگ و جوتیارەکانی هاوسێیانەوە، بەردەوام خۆی و خێزانەکەی فەرامۆش دەکەن و دەیانخەنە دەرەوەی کۆمەڵەکەیانەوە و ستەمیان لێ دەکەن.

A Hidden Life2

جاگێرستاتەر رەتیدەکاتەوە بچێتە ژێر بار، سەرەڕای ئەوەی کە دەشزانێت ڕەتکردنەوە مانای دەست بەسەرکردن و تەنانەت مەرگیشە بۆی، ئەو باوەڕەی کە هەیەتی بە خودا و نزاکانی و خۆشەویستیی هاوسەرەکەی بۆی و پشتگیرییەکانی هێزی دەدەنێ تا دان بەخۆیدا بگرێ و خۆ ڕاگر بێت لە سەختترین ڕۆژەکانیدا لە زینداندا. سەرەتا لە  Enns وە دواتر لە Berlin  دەستبەسەر کرا، چەندین مانگ چاوەڕوانی دادگایی کردنەکەی بوو، لەو کاتانەدا لە زیندان، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا نامەی زۆر دەگۆڕنەوە و، هێزی زۆر بەیەک دەبەخشن، فانی و کچەکانی دەبنە قوربانیی کۆمەڵەیەکی توندڕەو لە گوندەکەیاندا کە زۆر دژیایەتیی فانی و کچەکانی دەکەن بە هۆکاری ئەوەی کە هاوسەرەکەی رەتی کردۆتەوە بجەنگێت بۆ نازییەکان، فانی رێگەی پێ دەدرا سەردانی هاوسەرەکای بکات لە بەرلین.

پاش چەند مانگ لە بەند کردنێکی دڕندانە، لە کۆتاییدا کەیسەکەی دەبرێتە دادگا و تاوانبار دەکرێت و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا داسەپێنرێت. سەرەڕای ئەوەی کە چەندین چانسی دەخرێتە بەر دەست تا سوێندی دڵسۆزی بخوات و واژوو بکات، جاگێرستاتەر لەسەر قسە و بیر و باوەڕی خۆی سورە و ڕەتی دەکاتەوە سوێندی دڵسۆزی بۆ نازییەکان بخوات و بۆیان بجەنگێت، هەر بۆیە لە لایەن ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانەوە لە مانگی هەشتی ١٩٤٣ دا لە سێدارە دەدرێت، هاوسەر و کچەکانی لە ژییاندا دەمێننەوە.

 A Hidden Life3

تێرنیس مالیك

ژیاننامە

تێرنیس فریدریك مالیك، فیلمساز و بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی ئەمریكی؛ لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٣ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایكبووە.، لە شاری "ئۆتاوا"

مالیك؛ كوڕی "ئێرین مالیك" و "ئیمیل مالیك"ە و دوو برای دیكەی ھەبوون بە ناوەكانی "كریس" و "لاری" و ھەردووكیان لە خۆی بچووكتر بوون، "لاری" گیتارژەن بوو، لە كۆتایی ساڵانی شەستەكاندا بۆ خوێندن ڕوو لە ئیسپانیا دەكات، ساڵی ١٩٦٨ بەھۆی پەستانی خوێندنی میوزیكەوە دەستەكانی خۆی دەشكێنێت و باوكیان بۆ یارمەتیدانی كوڕەكەی ڕوو لە ئیسپانیا دەكات، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم "لاری" خۆی دەكوژێت. مردنی براكەی لەو تەمەنە كەمەدا؛ كاریگەرییەكی زۆری بەسەر مالیكەوە دەبێت و لە ھەریەكە لە فیلمەكانی "The Tree Of Life- 2001" و "Knight Of Cups-2015"دا ئەم مەرگە، سێبەری ئەم شکستە رۆحییە ڕەنگی دەداتەوە.

. مالیك لە "تێكساس" و "ئۆكلاھۆما" گەورە بووە و ساڵی ١٩٦٥ لە زانكۆی "ھاڤارد" فەلسەفە تەواو دەكات، پاشان لە كۆلێژی "ماگدالین"ی "ئۆكسفۆرد" بۆ خوێندنی "Rhodes Scholar" وەردەگیرێت، بەڵام تەواوی ناكات و لەجیاتی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و وەكو ڕۆژنامەنووس بۆ چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە كار دەكات، ماوەیەكی كەمیش لە پەیمانگای تەكنیكی "Massachussetts" فەلسەفە دەڵێتەوە، گرنگی بە فینۆمینۆلۆژی دەدا و كاری لەسەر فەلسەفەی "مارتن ھایدگەر" و "كیكەرگارد" دەكرد، وتاری "Vom Wesen des Grundes "ی "مارتن ھایدگەر"یشی وەرگێڕا. ساڵی ١٩٦٩ دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا و لە پەیمانگایەكی فیلمدا پەرە بە خوێندنی فیلم دەدات. مالیك لە ساڵی ١٩٧٠ ھاوسەرگیری لەگەڵ "جیڵ جەیكس" دەكات و ساڵی ١٩٧٦ جیادەبنەوە، پاشان ساڵی ١٩٨٥ لە فەڕەنسا و لەگەڵ "میشێل ماری مۆرێت"دا ھاوسەرگیری دەكەن و ساڵی ١٩٩٦ جیادەبنەوە، دوای ئەوەش لەگەڵ "ئەلیكساندرا واڵس"دا ھاوسەرگیری دەكات كە لە قۆناغی ئامادەیی خۆشەویستی یەكدی بوون. ھەروەھا فیلمی "To The Wonder" لە ئەنجامی كاریگەری پەیوەندییەكانی لەگەڵ "مۆرێت" و "واڵس"دا بەرھەم ھێناوە. .

فیلمی  (Badlands- 1973)دەستپێکی کارکردنی ئەودەبێت بەپیشەی فیلم سازی و دواتریش (Days Of Heaven- 1978) بەرھەم دەھێنێت، كە خەڵاتی باشترین دەرھێنەر و باشترین سینەماتۆگرافی بۆ دەباتەوە لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا، دوای ئەم دوو فیلمە و پاش بیست ساڵ بە فیلمی (The Red Line- 1998) دەگەڕێتەوە بۆ كاری فیلمسازی كە پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ و دەرھێنەر و لە ٤٩یەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلینیشدا خەڵاتی (ورچی ئاڵتونی) دەباتەوە، دواتریش (The New World- 2005) و (The Tree Of Life- 2011) بەرھەم دەھێنێت؛ كە لە ٦٤ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی كان'دا خەڵاتی (Palme d’Or) دەباتەوە و دواتریش خەڵاتی (FIPRESCI) بۆ باشترین فیلمی ساڵ دەباتەوە و پالێورابوو بۆ وەرگرتنی سێ خەڵاتی دیكەی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر و باشترین وێنە و باشترین سینەماتۆگرافی. ساڵێك دواتریش (To The Wonder- 2012) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و بەدوایدا (Knight Of Cups- 2015). مالیك لەسەر ڕەوتی فیلمسازیی خۆی بەردەوام دەبێت و ساڵی ٢٠١٧ (Song to Song) و ساڵی ٢٠١٩ (A Hidden Life) دەھێنێتە بەرھەم. مالیك بەرلەوەی دەست بە فیلمسازی خۆی بكات؛ وەكو سیناریۆنووس كاری لەسەر چەندین فیلمی دیكە كردووە، لەوانەش (Dirty Harry- 1971) و (Drive, He Said- 1971) و (Pocket Money- 1972) و (The Gravy Train- 1974). ھەروەھا پاش ئەوەش كە وەكو دەرھێنەر دەست دەكات بە نووسین و دەرھێنانی فیلمەكانی خۆی؛ ھێشتاش كار لەسەر سیناریۆی فیلم دەكات بۆ دەرھێنەرەكانی دیكە. لە كۆتاییەكانی ساڵانی نەوەدەكاندا كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنانی فیلم دادەمەزرێنێت. تێرنیس مالیك، خاوەنی ڕەوتی دەرھێنانی تایبەت بە خۆیەتی و فیلمەكانی بەوە دەناسرێنەوە كە ناوەڕۆكێكی فەلسەفی و سوڕیاڵییان ھەیە، خاوەنی بەرزترین ئاستی سینەماتۆگرافین و بەوردی كار لەسەر كاراكتەری نواندنكارەكان و نواندنەكانیان دەكات، زۆرێك لە فیلمەكانی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە "شاكاری سینەمایی" ناسراون.


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە