Mazhar_ibrhamy.jpg

دواى ئه‌وه‌ى به‌ یه‌كه‌مى فێستیڤاڵی گەلاوێژ ده‌رچوو، خه‌ڵاته‌كه‌ى به‌خشى

مەزهەر ئیبراهیمی، نوسه‌ر و ئه‌كادیمیستى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، دواى ئه‌وه‌ى له‌ بیست و سێهه‌مین فێستیڤاڵى گه‌لاوێژ به‌شدارى كرد و توانى خه‌ڵاتى یه‌كه‌مى فێستیڤاڵ له‌ بوارى لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌ڵاته‌كه‌ى به‌خشى.

له‌ (23)هه‌مین فێستیڤاڵى گه‌لاوێژ نوسه‌ر و ئه‌كادیمیستى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان (مەزهەر ئیبراهیمی) به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك به‌ ناویشانى (کاریگەریی ئایدیۆلۆجی لەسەر بەسووژەبوونی تاکی کورد لە پێوەندی لەگەڵ زمانی دایکیدا) به‌شدارى كرد و توانى خه‌ڵاتى یه‌كه‌مى فێستیڤاڵ له‌ بوارى لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، دوابه‌دواى به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاته‌كه‌ش خه‌ڵاته‌كه‌ى پێشكه‌شى منداڵه‌كانى كرد و كتێبێكیشى لە بواری وێژەی زارۆکاندا سەرلەنوێ چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى ده‌قى به‌رهه‌مه‌كه‌ى كلیك لێره‌ بكه‌...

 سه‌باره‌ت به‌به‌شداریكردنى له‌ فێستیڤاڵى گه‌لاوێژ و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسیویه‌تى:

 هاوڕێیانی هێژا،

بە سەرنجدان بەوەی بابەتی وتارەکەم لە بیست و سێیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، لێکۆڵینەوەی زمانکوژی و پێشێل‌کردنی مافی زمانی دایکی بوو، خەڵاتەکەی پێشکەش بە منداڵەکانم، هێڤین و هێژین و، هەروەها منداڵانی تری بێبەش لە خوێندن بە زمانی خۆیان دەکەم.

بۆ ئەم مەبەستە، لە هەنگاوێکی هەرچەند بچووکدا، ئەمەوێ کتێبێکم لە بواری وێژەی زارۆکاندا سەرلەنوێ چاپ بکەمەوە و پێشکەشی ئەو منداڵ و بەتایبەت خوێندکارانەی خۆم لە قوتابخانەکانی سنە بکەم، کە خوازیار و تامەزرۆی فێربوونی زمانی کوردین.

هیوادارم زووبەزوو بتوانم ئەم ئەرکە بەجێ ‌بگەیێنم.

ئاواتەخوازی ئەو ڕۆژەی هیچ منداڵێک لە زمانی خۆی بێبەش نەکرێت


ئەم بابەتە 131 جار خوێندراوەتەوە