Adonis.jpg

بۆ سه‌میر عه‌تالڵا

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

توڕه‌یى ئاسمان دابارییه‌ زه‌وى و

كێڵگه‌كانى سه‌وز كرد.

2

ئه‌وه‌ى هه‌ور ده‌یبه‌ستێته‌وه‌،

باران ده‌یكاته‌وه‌.

3

كه‌واته‌، به‌ڕاستى هه‌ور ده‌زانێت:

ئه‌و نیگه‌رانیه‌ت له‌ كوێ بوو؟

4

گۆڕى خۆسه‌ویستى،

گوڵێكه‌ له‌ یه‌خه‌ى مردن.

5

ئه‌گه‌ر (رۆح) رقى له‌ جه‌سته‌یه‌، وه‌ك ده‌ڵێن:

ئه‌ى بۆچى ته‌نیا له‌ودا نیشته‌جێیه‌؟

6

ئه‌و كه‌سه‌ بوونى خۆى ته‌رخانكرد بۆ خنكاندنى ئه‌وانیتر:

به‌م شێوه‌یه‌ خۆى به‌ خنكاوى ده‌ژى.

7

له‌ رابردوودا، ئیسلام شارستانیه‌تێكى دروست كرد:

ئایا زۆره‌، له‌مڕۆدا، به‌ هۆیه‌وه‌ ماڵێكى ئازاد دروستكه‌ین؟

8

دارستان خه‌وتووه‌:

به‌ڵام ده‌نگى تێدایه‌ ناخه‌وێ.

9

ئه‌و سیاسیه‌: نازانێ شه‌قامه‌كانى شاره‌كه‌ى روناك كاته‌وه‌:

ته‌نیا به‌ سوتاندنى نه‌بێت.

10

ئه‌و كه‌سه‌، هه‌موو دنیا له‌ رێى خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ:

نه‌خۆش و ته‌نگ و داخراو.

مافته‌، كه‌واته‌ دڵخۆش بیت، گه‌ر دوژمنت بێ،

یان ره‌خنه‌ت ئاراسته‌ بكا.

11

چۆن دانایه‌كه‌؟

كه‌ بۆ ته‌نیا جارێكیش،

له‌سه‌ر چرپاى شێتى نه‌خه‌وتووه‌؟

12

به‌هار خونچه‌یه‌كى بۆ سه‌رده‌مى باوكى نارد،

كاتێ گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌واى پایزى له‌به‌ر بوو.

13

ژیان، زیاد له‌ پێویست پێى به‌خشیوه‌،

بۆیه‌ ده‌بێ ره‌خنه‌ى قبوڵ بێت و

ده‌ست به‌سه‌رى ئیره‌ییدا بێنێت.

14

هه‌ناسه‌كانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌،

دوكه‌ڵى ئاگرێكه‌ كه‌ له‌ ناخیدا گڕیگرتووه‌.

15

ژیان كتێبێكه‌:

له‌ خۆشیدا / له‌ یاوه‌ بۆ ئه‌لف ده‌خوێندرێته‌وه‌.

له‌ ناخۆشیدا / له‌ ئه‌لفه‌وه‌ بۆ یا ده‌خوێندرێته‌وه‌.

16

هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ یه‌قیندا ده‌كا و

هه‌ر وه‌ك عاشقى گومانیش ده‌مێنێته‌وه‌.

17

ئاره‌زوو ده‌كا هه‌ڵه‌ نه‌كا.

هه‌ڵه‌ ده‌كا تا ئاره‌زووى زۆرتر بێ.

18

هه‌ندێ نوسه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌زدا وشه‌كان ده‌ده‌نه‌ پێش خۆیان:

وه‌ك ئه‌وه‌ى مێگه‌ل لێخوڕن.

19

هه‌ندێ جار، بۆ ئه‌وه‌ى بچێته‌ ناو دارستانى ماناوه‌،

ته‌نیا به‌و رێیه‌دا ده‌ڕوا، كه‌ (با) پێیدا ده‌ڕوا.

20

نه‌خێر / مردن هیچ مانایه‌كى نییه‌، گه‌ر مێینه‌ نه‌بێ.

ببووره‌ ئه‌ى نێرینه‌یى زمانى عه‌ره‌بى.

21

له‌ جه‌سته‌ى ئه‌و ژنه‌دا، سروودێكى زه‌مینى هه‌یه‌،

بێ كۆتایى، مۆسیقاى ئاسمان ده‌یخوێنێته‌وه‌.

22

چۆن بازنه‌یه‌كى روناك،

له‌ چوارچێوه‌یه‌كى تاریك دێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌رێ ئه‌مه‌یه‌ نوسین؟

 

* سه‌میر عه‌تالڵا: نوسه‌رێكى لبنانیه‌، ساڵى 1941 له‌ به‌یروت له‌ دایك بووه‌، ناسراوه‌ به‌وه‌ى له‌ نوسیندا سیاسه‌ت و روداوه‌كانى رۆژ ئاوێته‌ى ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى ده‌كا، ستونى رۆژانه‌ى له‌ زۆربه‌ى رۆژنامه‌ ناوداره‌كانى عه‌ره‌بدا هه‌یه‌ و خاوه‌نى چه‌ندین كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌.


ئەم بابەتە 65 جار خوێندراوەتەوە