Dlshad.jpg

ساڵیادى شه‌هید بوونى دڵشاد مه‌ریوانى ده‌كرێته‌وه‌

له‌ ژێر دروشمى (دڵشاد مه‌ریوانى، چراوگى خه‌بات و قه‌ڵه‌مێكى بڵندى ئه‌ده‌ب)، یادى (32) سى و دوو ساڵه‌ى شه‌هیدبوونى شاعیر و چیرۆكنوس و وه‌رگێڕ و نوسه‌رى كورد (دڵشاد مەریوانی) ده‌كرێته‌وه‌.

وا بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/3/2021 كاژێر (3)ى پاشنیوه‌ڕۆر له‌ باخى نالى نزیك كتێبخانه‌ى گشنى سلێمانى شارى سلێمانى، به‌سه‌رپه‌رشتى مه‌ڵبه‌ندى (1)ى رێكخستنى سلێمانى یادى (32) سى و دوو ساڵه‌ى شه‌هیدبوونى شاعیر و چیرۆكنوس و وه‌رگێڕ و نوسه‌رى كورد (دڵشاد مەریوانی) بكاته‌وه‌.

 دڵشاد مەریوانی له‌ چه‌ند دێرێكدا:

 ناوى ته‌واوى: دڵشاد محه‌مه‌د ئه‌مین فه‌تاح مه‌ریوانى

پیشه‌ى ئه‌ده‌بى: شاعیر و چیرۆكنوس و وه‌رگێڕ و نوسه‌رى كورد

له‌ رۆژى 28/3/1947 له‌ شارى سلێمانى له‌ دایكبووه‌،

له‌ ساڵانی سییه‌كانى سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ گوندی كاڵێ‌ی خوارووی مه‌ریوانه‌وه‌، هاتووه‌ته‌ پێنجوێن، پاشان شاری سلێلمانی.

خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌یی له شارى ‌سلێمانی ته‌واو كردووه‌.

له‌ ساڵی 1959 تاكو 1962 له‌خه‌باتی یه‌كێتی خوێندكاران كارى كردووه‌.

له‌ ساڵى 1963 ده‌ستى به‌خه‌باتى سیاسى كردووه‌ و چه‌ندین جار زیندانی كراوه‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌.

له‌ ساڵى 1972 به‌شی زمان‌ و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ زانكۆى به‌غداد وه‌رگرتووه‌.

ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی رۆشنبیری كورد بووه‌.

ئه‌ندامى یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد بووه‌.

ئه‌ندامى نه‌قابه‌ی رۆژنامه‌ گه‌رانی عێراق بووه‌

بۆ ماوه‌یه‌ك چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی‌ و رۆشنبیری له‌رادیۆی عێراق به‌شی كوردی و ته‌له‌فزێونی كه‌ركوك به‌شی كوردی به‌ڕێوه‌بردووه‌.

به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی ‌و رۆشنبیرییه‌كانی له‌رۆژنامه‌كانی (ژین، هاوكاری، كاری میللی، بیری نوێ‌، ده‌نگ ‌و باس..هتد) و گۆڤاره‌كانی (به‌یان، رۆشنبیری نوێ‌، رۆژی كوردستان، ده‌نگی كرێكار، تریفه‌..هتد…) بڵاوكردۆته‌وه‌.

زیاتر له‌ (17) حه‌ڤده‌ شانۆمامه‌ی نووسیوه ‌و وه‌ریگڕاوه‌ و ئاماده‌ی كردووه‌، له‌وانه‌: نازدار و شوان، په‌روانه‌، خۆركه‌، چاوی ڤێتنام، پراوه‌ی ژن هێِنان، بووكه‌ خان. مانگیش ئاوابوو..هتد.

شیعری به‌ره‌نگاری گه‌لێك له‌ شاعیرانی عه‌ره‌ب‌، فارس، ئه‌وروپایی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی له‌وانه‌: موزه‌فه‌ر نه‌واب، محمود ده‌رویش، سه‌میح القاسم، پاپلۆ نێرۆدا، پۆل ئیلوار، فابتزارۆف، مایكۆفسكی، یه‌سه‌نین، كاڤاڤی.. هتد.

له‌ ساڵى 1972 وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌ فیلمێكی سینه‌مایی زانكۆى سلێمانى به‌شداری كردووه‌.

له‌گه‌ڵ چیرۆكنوس و نوسه‌رى كورد (شیرین ك) ژیانى هلوسه‌رى پێكهێناوه‌.

له‌ رۆژى 18/10/1983 تاكو 13/2/1985 ژیانی پارتیزانانه‌ی ناو چیای بردۆته‌ سه‌ر له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌یدا.

له‌ رۆژى 12/2/1989 له‌لایه‌ن رژێمى به‌عس ده‌ستگیر كراوه‌.

له‌ رۆژى 13/3/1989 له‌ ته‌مه‌نى (42) ساڵى له‌ شارى به‌غداد شه‌هید كراوه‌.

خاوه‌نى به‌رهه‌مێك چاپكراوه‌، له‌وانه‌:

فرمێسك‌و زه‌رده‌خه‌نه‌، شیعر، 1968.

یه‌كه‌م هه‌نگاو، په‌خشان، 1973.

دڵدارانی شۆرش، چیرۆك، 1973.

پێشوازی خاوه‌ن شكۆ، ره‌خنه‌، 1973.

ببن به‌تیشك، شیعر، 1976.

به‌په‌نجه‌كانم ده‌تبینم، چیرۆك، 1977.

دێر یاسین، چیرۆك، 1978.

سه‌مفۆنیای وه‌نه‌وشه‌، شیعر، 1980.

وه‌كو ئه‌كته‌ر له ‌دوو شانۆنامه‌دا به‌شداری كردووه‌:

لانه‌وازان، 1973.

پردی ووڵات، 1974.


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە