Dlshad2.jpg

ئێوارانی ئەلوەزیرییە

شیرین. ك

شوێنێكی تر مامۆستام دڵشاد مەریوانی پێیناساندم و بەدنیای ئەدەب و ئەدیبان و بەدنیای رۆژنامەوانیشی ناساندم، گۆڤاری رۆژی كوردستان بوو كە ئۆفیسەكەی لەناو بینای كۆمەڵەی رۆشنبیریی كورددا بوو لە گەڕەكی ئەلوەزیرییە لە بەغدا، كە یەكێك بوو لە گەڕەكە جوانە هێمنەكانی ئەو شارە، شۆستەكانی هەمووی درەختی گەورەی كالیپتۆس بوو لق و پۆپیان شۆڕ ببوونەوە، خانووەكانی ئەو گەڕەكە زۆربەی گەورە و باخی تیابوو، ئێواران كوڕان و كچانی لاو كە هاوڕێ یان كەپڵ بوون بەو شەقامانەدا پیاسەیان دەكرد بەدەم گفتوگۆ و مشتومڕەوە، چەندین كافیتریای خۆشی لێبوو بۆ پشوودان و بەسەربردنی كاتێكی خۆش، كۆمەڵەكە لە خانوویەكی گەورەی كۆندا بوو باخێكی خۆشی پڕ لە دارودەرەختی هەبوو، چایچییەكی پیریش كە ناوەكەیم لەبیرنەماوە و زوو زوو چایەكی خۆشی بۆ دەهێناین، ئێواران لەو شوێنە زۆرێك لە نووسەر و رۆژنامەنووس و ئەدیبان و ئەدەبدۆستان، یەكترییان دەبینی و قسە و باس و مشتومڕ دەكرا، زۆرجاریش كۆڕی ئەدەبی تیا دەكرا، ئەو جێیە بۆ من پڕ یادگاریی خۆش و ناخۆشیشە، سەرەتای ساڵی خوێندنی قۆناغی سێیەمم بوو، پەیوەندی منی خوێندكار بە دڵشاد مەریوانی مامۆستاوە هەر هاوڕێیەتی بوو، بەڵام لە دڵی خۆمدا زۆر پێی سەرسام بووم و خۆشمدەویست، هەرچەندە ئەو زۆر بایەخی بە من ئەدا و خۆشەویستی و رێزی زۆری پیشاندەدا بەڵام من چونكە لە خێزانێكی كراوەدا گەورە ببووم و ئازادی زۆریان پێدابووم بۆیە هەموو رەفتارو هەڵسوكەوتێكی دڵشادم ئاسایی و هاوڕێیانە وەردەگرت، دڵخۆش بووم كە دەنووسم و بوومەتە خاوەنی خەونی خۆم، ئیتر نە بەلامەوە گرنگ بوو و نە پەلەشم بوو بۆ پەیوەندیی و زەواجیش خەونی من نەبوو، بێگومان دەمویست لە هەستی دڵشاد دڵنیا بم.

لەو شوێنە بۆ یەكەمجار دڵنیابووم كە دڵشاد منی خۆش دەوێت، پێشئەوەی روو بەڕوو و راستەوخۆ پێم بڵێت، رۆژێكیان لە كۆلیژ پێیوتم ئێوارە كۆڕیك هەیە لە كۆمەڵەی رۆشنبیریی، كە پێشتر بۆ چەند كۆڕێكی تری ئەدەبی چوو بووم، كات پایز بوو، پایزی ئەوسای بەغدا زۆر جوان بوو، هێشتا كەشوهەوای دنیا پیس نەبوو بوو بەغداش وا گەرم نەبوو، لەو مانگی ئۆكتۆبەرەدا ئێواران سەرما بوو، دەمەو عەسر كە چووم بۆ ئەوێ بینیم نە كۆڕ هەیە و نەهیچ، كۆمەڵێك لەو ئەدیبانە لە هەیوانەكە دانیشتبوون قسە و مشتومڕیان دەكرد، ئەوەندەی بیرم بێت لەناویاندا خوالێخۆشبوو مامۆستا رەوف حەسەن بوو كە هاوڕێیەكی نزیك و خۆشەویستی دڵشاد بوو، لەو دانیشتنەدا هەستم بەنیگەرانی و نائارامی دڵشاد كرد، بەجۆرێكی جیاواز لێیدەڕوانیم كە پێشتر بەو جۆرە سەیری نەكردبووم لە ناخەوە دڵم دەلەرزی، هەستم دەكرد دەیەوێ شتێكم پێبڵێت، بەڵام ئەو هەموو خەڵكەی لەوێدا بوون رێگربوون، دوایی كات درەنگ بوو ناچار بووم بڕۆم، دواتر زانیم كۆڕەكە دواخراوە، بەڵام دڵشاد ئەو رۆژە ویستبووی راستی هەستی خۆیم پێبڵێت، ئەوە بوو پاش چەند رۆژێكی تر لە كافیتریای پەیمانگای فێربوونی زمانی ئینگلیزی راستەوخۆ و بێ پێچ وپەنا پێیوتم: (من رەشبین بووم لەوەی كچێك بناسم قەناعەتم پێبكات هەموو ژیانمی لەگەڵدا بەسەر ببەم هەتا تۆم ناسی، ئاخۆ تۆش دەتوانی هەموو ژیانت لەگەڵما بەسەر بەریت؟). من پەسەندم كرد بەڵام!!


ئەم بابەتە 219 جار خوێندراوەتەوە