Choman.jpg

فرینیچوس کێ بووە؟

چۆمان تەقێدین

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی بیستەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

 فرینیچوس کێ بووە؟

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ  ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە  لە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی  یۆنان ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن ، و ڕۆمای کۆن ، و ڕووسیا.

 ژیاننامەی فرینیچوس

فرینیچوس ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆی کۆنی شارستانیەتی یۆنان نووسراوەن ، بە یەکێک نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی کۆمیدی دا ، کە بە یەکێک لە نووسەرە  گرنگەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ، کە ئەوەیش پاڵ ئەوانەی تر توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات ، و داهێناێکی گەورەی تێدا کردووە ، و هەروەها بە یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن و مرۆڤایەتی دانراوە.

فرینیچوس ، نەزانراوە  لە ساڵی چەندی سەدەی شەش یان سەدەی پێنجی پێش زایین لە دایک بووە ، و هەروەها نەزانراوە لە چی شارێکی وڵاتی یۆنان لە دایک بووە ، و بەڵام بەشێکی زۆری ژیانی لە شاری ئەسینا بە سەر بردووە.

فرینیچوس ، دەستی بە نووسینی شیعری کۆمیدی کردووە ، توانی گەلێک داهێنانی مەزن بخاتە ناو هونەری شانۆیی کۆمیدی  یۆنانی ئەو سەردەمە ، کە لە تەمەنی گەنجی دا بووە دەستی کردووە بە نووسینی شیعر و دەقی شانۆیی ، و لە شانۆکانی دا گاڵتەی بە دیاردە دزێو و چەوتەکانی ناو کۆمەڵگەی ئەو کاتەی ئەسینا و وڵاتی گریکی کردووە.

فرینیچوس ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامەکانی وەکو: ئاریستۆفانێس ، و ئاریستۆفۆن ، و کراتیس ، و نیکۆچاریس ، و فیلیپپیدیس ، و فیلیللیوس ثیۆدیکتیس ، وکیفیسۆدۆریوس ، و گەلێک شانۆنامەی تر  بووە ، و ئەوەیش هەر وەکو ئەوان دەورێکی کاریگەر و بنەڕەتی لە بەرەو پێشبردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە.

بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی فرینیچوس

فرینیچوس ، لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆنامە نووس ، نزیکەیی (86) بەرهەمی شانۆیی نووسیووە ، و بەڵام تەواوی دەقەکانەکانی  فەوتاون و لەناوچووە ، و بەڵام تەنها ناوی چەند بەرهەمێکی شانۆیی کە ژمارەیان نزیکەیی (10) شانۆیی بووە زانراوە ، کە ئەمانەن ناونیشانی ئەو دەقە شانۆیین کە تەنها ناونیشانەکانیان زانراوە ، وەکو: ئیفیالتیس ، کۆننۆس ، کرۆنۆس ، کۆمستایی (سەر لێشیواوەکان) ، مۆنۆترۆپۆس (دووبارە بەکارهێنانەوە) ، مۆوسای (موسیس) ، میستایی (دەست پێ کردنی ژنان) ، پۆسترایای (ئەو خانمانەی کە کێڵگەکانیان درۆینە کرد) ، ساتیرۆی (ساتیرس) ، راگۆدۆی (ئەکتەرانی تراجیدی) یان ئاپیلوثیرۆی (کۆیلە ئازاد کراوەکان).

فرینیچوس ، لە زۆربەی فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی یۆنانی ئەو کاتە بەشداری کردووە ، ئەمەیش هەر وەکو شانۆ نامەنووسەکانی هاو سەردەمەکەی خۆی بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، لە چەندین ڤێستیڤاڵ و ئاهەنگەکان ، وەکو فێستیڤاڵی ساڵی (429پ.ز) ی پەرستگای خواوەند دیۆنیسس (شاری دیۆنیسیا) ، و هەروەها لە فێستیڤاڵی ساڵی (414پ.ز) ی پەرستگای خواوەند دیۆنیسس (شاری دیۆنیسیا) کە بە دەقی مۆنۆترۆپۆس (دووبارە بەکارهێنانەوە) بەشدار بوو ، و کە توانی خەڵاتی یەکەمی  لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست بهێنێت ، و شانۆنامە نووسێکی تر و ئاریستۆفانێس خەڵاتی دووەم و سێیەمیان بە دەست هێناوە ، و هەروەها لە فێستیڤاڵی لینانای ساڵی (404پ.ز) کە فێستیڤاڵێکی ئەسینی بووە ، کە تێدا بەشدار بووە ، کە توانی خەڵاتی یەکەمی  لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست بهێنێت و هەروەها ئاریستۆفانێس خەڵاتی دووەمی بە دەست هێناوە ، و هەروەها لە گەلێک فێستیڤاڵی تر بەشدار بووە بە چەندین دەقی شانۆیی ، کە تێدا چەندان جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست هێناوە ، و هەروەها سەرجەم فێستیڤاڵەکان لە پەرستگای خواوەند دیۆنیسس ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراوە ، یان فێستیڤاڵی لینانا لە شاری ئەسینای پایتەخت ئەنجام دراوە.

کۆچی دوایی فرینیچوس

فرینیچوس ، نەزانراوە  لە ساڵی چەندی سەدەی پێنجی پێش زایین کۆچی دوایی کردووە ، و هەروەها نەزانراوە لە تەمەنی چەندی ساڵی دا بووە کە وەفاتی کردووە ، بەڵام ئەوە زانراوە لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان کۆچی دوایی کردووە ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.

 سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 80 جار خوێندراوەتەوە