Pshko_Najmadin.jpg

بیرێک لە من بکەرەوە

پشکۆ نەجمەدین

بیرێک لە من بکەرەوە،

کە لە قووڵاییی قووڵکەدا،

تەنیا ماوم!

تاڵێک لە دڵی تاریکیم بۆ شۆڕ کەوە،

بەڵکوو بەرەو ڕووناکایی سەر بکەوم!

بەلەمێکم، بە دوو سەوڵی ئاگرینەوە،

پێ ببەخشە،

تا پانتاییی زەریای بەستووی ئەم باکوورەی،

بەدەم گۆرانیی خۆرەوە،

پێ بپێوم!

با پێکەوە، یاسای سروشت سەروبن کەین...

با ئاگر لە ئاو بئاڵێ،

هەتاو چۆڕێک تاریکایی،

بخواتەوە!

وەنەوشەیەک،

گەردانەی دڕک،

لە مل نێ!

با شادی خەمێک بناسێ و

شنەبایەک،

میوانداریی زریان بکا!

تریقەیەک،

پێشوازی لە گریان بکا!

تریفەیەک،

مانگ بە ئاوابوون بسپێرێ!

با تۆ ڕەنگ و ناوی منت،

بیرچێتەوە،

منیش لە باخچەی تەنیایی،

چەپکی گوڵت،

بەڕەنگی شەو، بۆ بچنم!

جارێک وەرە،

تا پێکەوە،

سرووتی سووتانی عیشق،

پێچەوانە، بڵێینەوە!


ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە