Halabja.jpg

هەڵەبجە و هەشتاوهەشت هەنار، لە شانزە باخی خودا

هاوشان عەزیز

قەلەندەر دەیگووت

شنروێ رەقیبە و پاییزان بە بەرگی ماتەوە

ڕوو لە عەدەمی چاوگ ئەکا

کانی عاشقان شوشەیەکی عەترە و

خانمێکی دڵناسکی هەورامان بۆنەکەی

ڕژاندووە بە شارەزووردا

کە باسی سێو دەکەم

جار نییە هاوڕێکەم نەڵێت تکایە

بێدەنگ بە ئێمە بەس هەنار دۆستمانبوو

هاوڕێیکەم شاعیرێکی غەمگینی لە دایکبووی ۱٥/۳ ی هەشتاو هەشتبوو

هاوڕێکەم بە دڵتەنگیەوە بە باڵندەکانی نێو قەفەزە دارینەکەی دەگووت

هێشتا ئێوە لەسەر زەوی دەخوێنن ؟؟

هاوڕێکەم هەموو باڵندەکانی ئازد کرد

دەیگووت بەشکم بێ پشکنینی DNA بە دایکیان شادبنەوە

هاوڕێکەم پیرێژنێکی دەست لەرزۆکی تاران گەورەی کردبوو

 

 کە باسی باخەکانی هەنار دەکەیت

شکۆمەندی دەریات بیر دەکەوێتەوە

دەریای ئاو نا

دەریای فرمێسک

ئەگەر فرمێسکی منداڵەکانی هەڵەبجە نە بووبێت بە خوێن و هەنارەکان

تینوێتیان پێ نەشکاندبێ

ئاخر کوا هەنار زمانی دەپشکوت و باسی ڕەنگی سوری تێر و پاییزی قەدەفەری ئەکرد

 

کە ئێواران دەستەمۆی دابڕان

ئێخەی کاسە سەری هاوڕێکەم ئەگرێ

ئەو کۆترەکانی سەر گومەزەکان هەڵەفڕێنێ

دەیەوێت پێیان بڵێت ئێوە باڵتان هەیە

بفڕن منارە و حەوشەی ئەم ماڵە گڵینەتان خۆش نەوێ

بڕۆن لە شەقەی باڵ بدەن

گۆرانی بۆ قەلەندەر بڵێن

بە خاتری گۆران بە سەر ئاسمانی شارەوە گۆرانی بۆ شارەزوور بڵێن

 

 

ویستم گوڵێکی زەریفی مانگی گوڵان

بۆ هاوڕێکەم بەرم

پێمبەخشی و وەری نەگرت

وتی ئێمە یەک جار متمانە بە سەرابی سێو

و بەهاری دونیا دەکەین

لای ئێمە ئەو دێڕە وەهایە و التین و الرمان

 

قەلەندەر تۆ شەوانی ئەم غەمناکیەت نەبینووە

ئەم شارە لەگەڵ سێوەکەی ئادەمەوە خەلقبووە

ئێستا خۆی لە سێوە مەستبووەکان ئەشارێتەوە

ئادەم و مرۆڤەکانی ئێرە لە یەک  دەچن

سێو بێ خەتایە و هەنار خاوەنی شانزە باخی خودایە ..

Halabja_Halabja1


ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە