Nihad.jpg

ڕوانینی جیاواز بۆ هاملێت - بەشی دووەم

نیهاد جامی

 

ئەگەر هەمیشە قسەوباس لەوەدابێت کەچۆن شکسپیر لەڕێی نامەیەکەوە ئۆڤیلیا شێت دەکات، بەڵام لەلای دەرهێنەر یان کلاتا دوای وەرگرتنی کارتێک کە نامەی لەسەر نووسراوە ئۆڤیلیا دەچێت کارتەکانی تریش دێنێت، ئەو شووشە شەرابانەش دێنێت کەلەهەر دیدارێکدا دوای خواردنەوە نامەی ئەو ڕۆژەی تیا هەڵگرتووە، دەردەکەوێت چەندین نامەو خواردنەوە لەنێوانیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر دیدە شکسپیریەکەو تەنیا لەسەر نامەیەک بگیرسێتەوە دێت هاملێت توورە دەکات و دەکەوێتە شکاندنی شووشە شەرابەکان ئۆڤیلیاش بەهەمان شێوە، لێرەدا بۆ ئەوەی دیمەنەکە لەخۆشەویستیەکی پاکیزەیی نەمێنێتەوە نەوارێکی مۆسیقای دەخاتە سەر کەپڕە لە ئیحای شەهوەت و ئارەزووی دەجولێت لەپڕ پەلاماری هاملێت دەدات ماچی دەکات، بەلام هاملێت خۆی لەدەستی دەرباز دەکات

لێرەدا دوو خاڵ وادەکەن ماناکان ببنەوە شکسپیریی شکاندنی شووشە شەرابەکان ئاماژەیە بۆ روانینی شکسپیریانە بۆ کەسێتی هاملێت بەهۆی ئەوەی دیدی ناو شانۆنامەکە ئەو ڕوانینەیە کە هاملێت نایەوێت ئەو پەیوەندیەی بیربێتەوە، بۆیە دەرهێنەر ویستویەتی ئەو وێنە شاراوەیەی شکسپیریی بکاتە وێنەیەکی بینراو، تەسلیم نەبوونی هاملێت بۆ شەهوەتی ئۆڤیلیا داکۆکیکردنێکی شکسپیریانەیە بەوەی ئەوەی لەنێوانیانە تەنیا ئەو نامەیەی ئێستایە، بەڵام هەر بەڕاست هەر ئەو نامەییە؟ ئەوە دنیابینی شکسپیرو هاملێت کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەناو نمایش حەقیقەت بریتیە لەوەی ئۆڤیلیا نیشانی دەدات سەرباری نکولی شکسپیرو هاملێت، بەڵام یان کلاتاو ئۆڤیلیا ڕوانینی تریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.

بۆلۆنیسی باوکی ئۆڤیلیا بێئاگا نیە لەو بابەتە بۆیە دوای ڕۆیشتنی هاملێت دێت ئەو ناوە پاک دەکاتەوە، بەڵام ئەو ئاگاداربونەی لەرووداوەکان توورەبونی ئۆڤیلیای لێ دەکەوێتەوە، کۆی ئەو دیدە شانۆییە تەواو دوورکەوتنەوەیە لەمانا شکسپیریەکان و نووسینەوەی دیدێکی نوێ کەچەندە لەشکسپیر دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لەکۆتاییەکاندا سەرلەنوێ بو مانا شکسپیریەکە دەگەڕێتەوە.

دیمەنی ئاهەنگ گێرانی پاشای بکوژو دایکی هاملێت، ئاهەنگێکی شێتانەو پڕ لەئارەزوی زەبروزەنگی بەزمەساتە بۆ دەسەڵات، کە خاڵی نیە لەهەستی زەوتکردن و غەریزی بۆیە کلەو دیمەنەدا پاشای نوێ دەکەوێتە ماچکردنی شاژن وشاژنیش تاوێک تووشی خورپەیەک دەبێت، تا شادیەک دەکەوێتە سەر رووخساری ولەگەڵ پاشای نوێ پێکەوە دەڕۆن، وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان و دەسەڵات.

تارمایی لەم نمایشەدا دەرناکەوێت، کەواتە کاریگەری تارمایی لێرەدا لەکوێدایە؟ هاملێت کتێبێک دەخوێنێتەوە باس لەگەڕانەوەو دەرکەوتنی باوک دەکات لەئاسمانەوە، ئەوەیان لەبنەرەتدا نزیکبونەوەیە لەخوێندنەوەیەکی فەلسەفیانەی ژاک دێرێدا لەکتێبی "تارماییەکانی مارکس" کاتێک تارمایی باوک بە تارمایی مارکس ناو دەبات، لێرەدا کلاتا پشتی بەستووە بەو تێگەیشتنە فەلسەفیە، بۆیە بەبێ دەرکەوتنی تارمایی، ئەو لەکتێبدا ئاگادارمان دەکاتەوە لەهاتنی، ئەوەشیان بابەتێکە سەرەتا لەلای دێرێدا بۆ تارمایی باوکی هاملێت و مارکس خوێندومانەتەوە.

 Hamlet_bashi2

شانۆگەری هاملێت، دەرهێنانی یان کلاتا

بوونی تارمایی لەناو کتێبدا، بابەتێک نیە دوورکەوتنەوە بێت لەشکسپیر، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئەو تێگەیشتنە لەشیکردنەوەی کارەکتەر کاتێک هاملێت  کارەکتەرێکە ئارەزووی لەئەدەبیات و کتێبە، بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە تارمایی خراوەتەوە ناو کتێب، نەک دەرکەوتنی بێت لەئاسماندا، هەرچەندە وەک هاملێت دەلێت باوک لەنیوەشەودا لەئاسمان دەردەکەوێت؟ ئێمە کاتێک لەدیمەنی کلێساکە هاملێت و ئۆڤیلیا دەبینین قسەدەکەن و کتێبەکەی هەر بەدەستەوەیە لەخۆمان دەپرسین ئاخۆ ئەو کتێبە ئینجیلە بۆیە لەکلێساش بەدەستیەوەیەتی؟ ئاخۆ باوک مەبەست لەخودا یا مەسیحە؟ ئەگەر لەمانا شکسپیریەکە بەدور بین دەتوانین لەو دیدەوە بڕوانینە هاملێت، بەڵام کاتێک لەکۆی شانۆنامەیەکەوە سەیری بکەین ئەوە کتێبەکە بەشانۆنامەکانی شکسپیر دەبینین و دەتوانین ناوی بەرین کە خەریکی خوێندنەوەی کارەکانی شکسپیرە، بەو پێیەی چەندە شکسپیر بۆ مرۆڤی پۆڵەندی گرنگە، بەهەمان شیوەش شانۆنامەکە هەر لەسەرەتاوە ناوی شوێن  دەگۆڕێتە سەر پۆڵەندا بۆ ئەوەی نیشانمانی بدات ڕووداوەکان لەسەردەمی پاشایەتی پۆڵەندیە

هەر لەو دیمەنەدایە دەرهێنەر چڕ دەبێتەوە لەسەر ئەو پەیوەندیە بۆیە ئۆڤیلیا تەواوی دیاری ونامەکانی بۆ هێناوەتەوە، ئەوەیان ڕوانینێکی نوێ و جیاوازە بۆ ئەو شانۆنامەیە کەوا دەرهێنەر لەناو نمایش دۆزیویەتیەوە

هاملێت لەگەڵ هۆڕاشیۆو هاورێکانی دیمەنێک دەنوێنن کەگوزارشت لەدۆخی ئەمڕۆ بکات، ئەویش کە وەرگیراوی دیمەنە نواندنەکەی ناو شانۆنامەکەیە، لاسایی گفتوگۆی ناو بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکان دەکەنەوە، وەک چۆن مەنەلۆژە ناسراوەکەی هاملێت "من هەم یان نیم ئەمەیە گرفتەکە" هاملێت نایلێت، بەلکو ئارەزوومەندێک دەیلێت کە هاتۆتە بەردەم لیژنە بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی وەک ئەکتەر، دوای تاقیکردنەوەی تواناکان هەر ئەوان هەلدەستن بە پێشکەشکردنی دیمەنی نواندنەکە لەبەردەم شاو شاژن

یەکێک لەجوانیەکانی ئەم دیمەنە ئەوەیە هاملێت بۆ خۆی ڕوناکی بەدەستەوەیە، ئەو ئەکتەرەی دەیالۆگ دەلێت ڕوناکیەکەی ئاراستە دەکات، وەک ئەوەی ئەو بۆ خۆی ئاراستەی ڕووداوەکانی نواندنەکە بگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت، ئەوەش پەیوەستە بەو حەقیقەتەی کە خۆی ناتوانێت ڕاستیەکان ئاشکرا بکات، بۆیە لەڕێ ئەو گروپی نواندنەوە تاوانەکە ئاشکرا دەکات، تەنانەت ئەو کەللە سەرەی هاملێت لەدیمەنی سەر گۆڕستانەکە هاملێت بەدەستیەوە دەگرێت، لەو دیمەنی نواندنە بەدەست پاشای ئەکتەری ناو نواندنەکەوەیە

بەدوای کووشتنی باوکی ئۆڤیلیا، هاملێت بەدایک دەلێت "هیچ کەسێک هەیە برای خۆی بکوژێت؟" ئەو پرسیارە لە گرترودی دایک ئاگادارکردنەوەیەتی بەوەی لەکۆی تاوانەکەیان ئاگادارە، وەک چۆن دواتر بە مامیشی دەڵێت "هەموو شتێک دەزانم" بەو گۆڕانکاریانە دەرهێنەر هەوڵ دەدات رابردووی کۆمەلگاکەی پێ بخوێنێتەوە، هەمیشەش لەکۆتاییدا هێلێک هەیە دەیگەڕێنێتەوە لای شکسپیر، بەواتای خوێندنەوە نابێتە مانایەکی سەربەخۆ بۆ نمایش، هێندەی چەندە گۆڕانکاری دەکرێت، سەرەنجام ئەوە شکسپیرە دەیگەڕێنێتەوە سەر هێلی درامی ڕووداوەکە، کاتێک لایەرتیس دەگەڕێتەوە دەبینێت باوکی کوژراوە هاوار دەکات "باوکە تۆ لەکوێی؟" لێرەدا هاملێت ولایەرتیس دوو مرۆڤی باوککوژراون، بەلام سەر بەیەک سیستمی زەبروزەنگی دەسەڵاتێکن، هاملێت کە باوکی کوژراوە، کەچی ئەویش باوکی لایەرتریسی کووشتوە، واتە لەیەککاتدا باوککوژراو و باوککوژە، ئەو تێگەیشتنە کاتێک لایەرتیس دەبینین هاواری باوک دەکات، ئەوسا بیرۆکەی هاملێتی کوژراو وبکوژ  لەلامان سەر هەڵدەدات، ئەو بەتەنیا لەرێی جەستەوە بکوژ نیە، بەلکو لەڕیی فیکریشەوە دەبێتە بکوژی رۆحی عاشقانەی ئۆڤیلیا، ئۆڤیلیا کە هەست بەمەرگی رۆحی خۆی دەکات، ئەوە وای لێ دەکات بڕیاری خۆکوشتن بدات، ئەو ڕەتکردنەوەیەی ژیان وایکردووە شێتی ئۆڤیلیا بوونی نەبێت هێندەی خەمۆکیەک دایبگرێت کە بگاتە بریاری خۆکووشتن.

کۆتاییەکەی نمایش چەندە شەرەشمشێرێک و تراژیدیایەک دەخولقێنێت کەهەمووان دەمرن و هاملێتی زامدار بەتەنیشت هۆڕاشیۆ دادەنیشێت و بەگریانەوە دەڵێت "هۆڕاشیۆ دەمرم" مردنێک کۆتاییەکی شکسپیریانە بەتراژیدیاکە دەبەخشێت، کەچەندە لەتێکست دوور بکەوێتەوە هێندەش لێی نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە هیچ دەرهێنەرێکی پۆڵەندی هێندەی کلاتا بەهۆی خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی دوورکەوتنەوەی لەماناکان لەشکسپیر  ڕانەگەیاندبێت، وەک چۆن هەمیشەش ویستویەتی خۆی ڕابکێشێتەوە ناو ماناکان، بەڵام چەندە دوور دەکەوێتەوە تا ئاوڕ لەمێژووی پۆڵەندی بداتەوە، هێندەش لەنا وئەو مێژووەوە دەگەڕێتەوە لای شکسپیر.


ئەم بابەتە 100 جار خوێندراوەتەوە