Qwbad.jpg

ئەو خودایەی دایکم خۆشیدەویست

خەسرەو ميراودەلى

"ئەو خودایەی دایکم خۆشیدەویست" ناونیشانی نوێترین دیوانی "قوبادی جەلیزادەی"ە، ئەو شاعیرەی لای هەموان ناسراوە، و خاوەنی چەندین دیوانی شیعریە کە بەرهەمی ئەزمونی پتر لە سی ساڵە. لە هەموو دیوانێکی نوێیدا بەچەند وێنەیەکی نوێی شیعرییەوە دێتەوە لامان. خاوەنی زمانێکی ڕوون، ناسک، بەشێوەیەکی گشتیش لە درێژدادڕیش خۆی بەدوور گرتووە، و هەوڵی داوە تا ڕادەیەک چڕ و پوخت بنوسێت.

قوباد بەوە ناسراوە کە بەشێوەیەکی ئیرۆتیک و ئازادانە کار لەسەر جەستە و جوانییەکانی ژن دەکات، جیا لە شاعیرانی دیکە، ئەم تایبەتمەندییەی شاعیر لای خوێنەرانی ئاشکرایە. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی شاعیر، هەرچەندە بە ڕادەیەکی زۆر کاری لەسەر نەکردووە، بەڵام هەردەکرێت وەک خاسیەتی ئەو لێی بڕوانین، بریتیە لە کارکردنێکی هونەرییانە و مرۆڤدۆستانە لەسەر ئاین، هونەر کارییەکی دوور لە توندوتیژی و هەوڵدان بۆ خستنەڕووی ئاین و بابەتەکانی و ئیمان و پایەکانی، وەک بابەت گەلێک کە بەر لە هەر شتێک، ببنە کەرەستەی تایبەتی ئافراندنی ئیستاتیکا و فانتازیا، لە بەرامبەر تەوزیفکردنێکدا کە مەخابن لەمڕۆدا ئاڕاستە توند و تیژانەکەی هەر بەردەوام و بەرقەرارە.

 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پێویستە وەک هەڵوەستەیەکی ڕەخنەیی لەبەرامبەر ستایلی کارکردنی قوباددا ئەو ڕاستییە بدرکێنرێت کە گەرچی شاعیر لە داهێنانی وێنەی ناسک و نوێی شیعریدا کارامەیە، بەڵام ئەم وێنانە لەوێنەی فۆتۆگرافی دەچن، گەرچی بەوەدا کە وێنەی شیعرین خاوەنی فانتازیان و ڕۆڵی میتافۆڕ تێیاندا کارایە، وەلی لەبەرهەم هێنانی ماناو ڕوانینی نوێی مەعریفیەوە دورن، واتە ئیستاتیکایەکیان خوڵقاندووە دوور لە ڕەهەندی تازەی فیکری و باگراوەندی فیکری لە پشتیانەوە بوونی نییە. دوتوانین بڵێین دەقەکانی قوباد لە ڕووی ستایل و ئاستیشەوە هەریەکێکن، بەڵام بە ڕەنگی تا ڕادەیەک جوداوە.

 لێرەوە گەرچی وێنەکان لە ڕووی کارکردنی زمانەوە تازەن، بەڵام وەک ئایدیاهەڵگری شتێکی ئەوتۆنین. بەڵام ئەم ڕەخنەیە هەرگیز ڕەتکردنەوە یان بەهەندنەگرتنی ئەم دەقانە ناگەیەنێت.

 ئەگەر ڕوونتر بدوێین، دەکرا لەم نێوەندە داو لە دیوانە تازەکاندا، ژن و خوانیەکانی، مێینە و ئەفسون و نهێنییەکانی، ئەو کۆیلەیەی تێیدا دەژی و ئەو نادادیەی بەرامبەری دەکرێت، لە پاڵ دەرخستنی جوانیەکانی جەستەدا، ڕەهەند و ڕوانینی فیکریی و فەلسەفیان پێ بەخشرایە.

هەروەها گەرچی قوباد درێژدادڕو زۆر نوسیش نیە، بەڵام دەکرا زیاتر دەست بەنوسینەوە بگرێت. دەیتوانی سەرجەم ئەو وێنانە تۆمار نەکات کە لای دروست دەبن، بەڵکو زیاتر بایەخ بە هەڵبژاردنیان بدات.

 چەند نموونەیەک لە شیعرەکانی نێو کتێبی "ئەو خودایەی دایکم خۆشیدەوێت"

 "خودا

لە هەموو فریشتەکانی دڵنەرمترە،

کە چی،

کە هێنایانە سەر زەوی

کردیان بە تەورداس،

تا

لەناو قەدەوە، هەموو درەختەکانی

خۆشەویستی ببڕێتەوە"

 

فریشتەکانی خودا، لا ٢٥_٢٦

 

ئەو خودایەی،

دایکم خۆشی دەویست

 

"ئەو خودایەی دایکم بۆی دەنووشتایەوە،

لە قەراخی ڕووبارو لەنێودارستانەکاندا

بلوێری لێدەدا_ موزیکژەن بوو.

 

بە ئاسن و دەریا و چیاکاندا، تابلۆ

ڕەنگینەکانی هەڵدەواسی_ شێوەکار بوو.

 

لە هێلانەی باڵندەکانا گەنمی ئارامی ڕۆ دەکرد.

کلێتەی لەبەفر دەچنی و دەینایە سەر

 سەری چیا.

دەستی کانی دەگرت تا دەیگەیاندە

بەرپێی درەختەکان" ل ١٣١

 

"خودا سەرقاڵی

هەلاجکردنی هەورە،

لۆکە دەبارێت،

لۆکەی سارد" ل ٢٢٣

 

"بەفر"

ئەو بووکێکی سپییە..

کە تیشکی "زاوا" دەستی بۆ دەبات

لە شەرمانا دەتوێتەوە" ل ٢٢٤

 

"هێندە سەیری چاوەکانی کردیت،

تا ڕەش و سپی بوون؛

پەنجەکانی پیانۆ" ل ٢٥٩


ئەم بابەتە 79 جار خوێندراوەتەوە