Majid_xalil.jpg

چیرۆکی هەڵوێستێکی جاویدانەی جەوانێکی (بەنگلادیش)ی لەم شارەدا!

ماجد خەليل

لەکن کۆمپانیاکەی ئەوبەر، رۆژانە چەند کرێکارێکی کزۆڵەی بەنگلادیشیی.

 لاوازو لانەواز، رووتەڵەو رەشداگیرساو. بێدەنگ و بەدبەخت. مژوڵی مەینەتییەکانی رۆژگارن.

من دەمزانی یەکێکیان ناوی جاویدە.

جاوید جەوانێکی تەمەن سی ساڵ دەبێت. خێزاندارەو کوڵفەتەکەی کیژ و کوڕێکن و دایکی هاوژینیشی هەر لەوێ، لەکن وان لە چەپەکێکی چەپێنراوی دوور لە دەککای پێتەخت، لە کابینەیەکی نێزیک بە هێڵی هاسنینی نێوان دەکاو شاری (باریسال) دا ژیان دەکەن.

 

جاوید بۆخۆی فلمبەرداریی خانووەکەیانی نیشانداوم، هەڵبەتە کابینەیەکی ژەنگاوییەو بە قامیش و زەلی زۆنگاوەکان رووپۆشیان کردووە.

لەوێ لە سوچێکی تاریکی کابینەکەدا خەسویم دەبینی بەسەر بەرماڵەوە هەڵکوڕمابوو.

 وەختێ فلمەکە تەواوبوو، شاشەی مۆبایلەکەیم بینی، وێنەی (جیبوو)، کیژە پێنج ساڵییەکەی بەسەرییەوە بوو.

پێرێ وەختێ لێرە، بە بانیژێکەوە بە دەستێکی بتڵە غازێ و بەدەستەکەی تری وەڵامی زەنگی هاوژینەکەی دابوویەوە. هاوژینەکەی بەگریانەوە پێی گوتبوو:

چیبووی کچیان مار گەستوویەتی و لە بیمارستانی دەککا دا خەوێنراوە.

 ئای خودایە چەندە دەستێکی پان و بەرین بەرەو ئاسمان، چەندە چاوێکی حەزین و حیکایەتی مەراق، ملی عەرشی خوای گرتبوو. لۆچەکانی تەوێڵی و ئاهە قوڵەکانی، قوڵتربوون لەو وەیلەی خودا بۆ نەکەرنمازەکانی ناوەتەوە!

ناهەقی نەبوو، دەیزانی کیژەکەی لەبەردەم چ کون و کەلەبەری ئەژدەهای نەریت و ژینگەدا بەپێشچاییەوە دەگەزرێ.

دەیزانی تاوەکو ئێستایش لە وڵاتەکەیدا کە زۆرترین زەمینەی هەژاریی سەوزە.

دەیزانی تا ئەمڕۆیش سی لەسەدی کیژەکانی بە تۆپزی و لەخوار تەمەنی دوازدە ساڵییەوە دەنێردرێنە خانەی بەختیان!

 

بەهەرحاڵ با لە فرمێسکە قەتیسماوەکانی قوڕگی پڕگریانی جاوید گەڕێین.

ئەم بەیانییە، کەوە رۆیەک بوو، رەشەبا تەمای بوو تێهەڵدانی شارکات.

هاوڕێیەکم هاتبووە ئەوێ قیستی مانگانەی یەکەی نیشتەجێبوونەکەی بە دۆلار رادەستی کۆمپانیا بکات.

 پێش ئەوەی دابەزێ، چەند سەد دۆلارێکی لە جزدانەکەی دەرهێنا،  وەختێ دەرگای کردەوە، رەشەباکە وەک ئەوەی بکات بەنێو دەستیدا، هێندەی بڵێی یەکودوو، هەر گەڵایەکی برد بە لایەکی گوزەرەکەدا.

 هەرچۆنێک بوو چەند دانەیەکمان گیرکەوتەوە، وەلێ یەکێکیان بوویە قەترەیەک ئاو و چوو بەناخی زەویدا.

 

کارلەکار ترزاو لە دۆزینەوەی نا ئومێد بووین. ناچار هاوڕێکەم ژمارە تەلەفۆنی خۆی لە نوسینگەکە دانا، وەک ئەوەی لە خنکانی گەڵاکەیدا، چڵەپوشێ کاتە چاودێر و دەستی بۆبەرێ.

بەڵێ رۆیشتین و نەماندییەوە. پاش چەند کاژێرێ، زەنگی مۆبایلی هاوڕێکەم هات. کابرای نوسینگە گوتی:

کاکە وەرنەوە خێرخوایەک پوڵەکەی دۆزیوەتەوە.

وەختێ چوینە ئەوێ و پرسیمان:

 چ مرۆڤێکی مەزن، ئەم ئەتەکێتە دەگمەنەی نواندووە؟

 گوتیان کاکە:

قەیرێ پێش ئێستا، یەکێ لەو کرێکارە بەنگلادیشیانە هێنایەوە.

 ئیدی منیش چومە ئەوبەرو بانگم لە جاوید کرد. جاید خەریکبوو جامی ماشینەکانی دەسڕیی.

 پێم وت: کامتان وەها کارێکی کردووە؟

جاوید بە پێکەنینەوە، وەختێ زاری کرایەوە دوو دانە کەوتووەکەی پێشێی دەرکەوتن. مانگێ پێشووتر، هەر لەم شارەدا خاوەنکارەکەی، کێشابووی بە نێو دەمیداو دوو دانی شکاندبوو.

بەڵێ جاوید بە پێکەنینەوە گوتی:

 ئەرێ من دۆزیمەوە..........


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە