3-Iron.jpg

کیم کی دۆک و 3-Iron

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

سێ ئاسن 3-Iron 2004 فیلمێکی رۆمانتیکی درامییە، لە نووسین و ئامادە کردن و دەرهێنانی کیم کی دوکە، کاری هاوبەش و ئینتەرناشناڵی نێوان کۆریای باشور و یابانە. سیۆنگ یون لی، هیی جای، هیوک هۆ کوان وەک ئەکتەری سەرەکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، ماوەی فیلمەکە ٨٨ خولەکە.

فیلمی ٣ ئاسن بۆ یەکەمین جار لە پێشبڕکێی شەست و یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ڤێنیس بۆ فیلم نماییش کرا، لە مانگی ١٠ ی ٢٠٠٤دا کە هەڵبژێردرابوو بۆ خەڵاتی شێری ئاڵتونی Golden Lion وە کیم خەڵاتی شێری سلڤەری بردەوە بۆ  باشترین دەرهێنان Silver Lion for best direction لە مانگی ٤ ی ٢٠٠٥ دا لە کۆریای باشوور بڵاو کرایەوە و، لە لایەن بینەرەکانییەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا  و چەندین خەڵاتی بردۆتەوە لەوانە خەڵاتی FIPRESCI Grand Prix لە فیستیڤاڵی سان سێباستیان بۆ فیلم San Sebastian Film Festival .

3-Iron1

چیرۆکی فیلمەکە:

باس لە کوڕێکی گەڕیدە دەکات بە ناوی تای سوک کە بە ماتۆڕەکەیەوە بەردەوام دەگەڕێ و دەچێتە ئەو ماڵانەوە کە خاوەنەکانیان ڕۆیشتوونەتە گەشت یان لە پشوودان و ماڵیان چۆڵ کردووە، تای سو لەو ماڵ و شوقانەدا دەژی کاتێک خاوەنەکانیان لەوێ نین، جل و بەرگەکانیان بۆ دەشوات و کەل و پەلە شکاوەکانیان بۆ چاک دەکاتەوە و هەروەها وێنەی سێڵفی لەگەڵ شتە تایبەتەکانیاندا دەگرێت. ڕۆژێک دەچێتە ماڵێکی زۆر گەورەوە، بێ ئاگا لەوەی کە لە لایەن ژنە مۆدێڵێکەوە کە مێردەکەی هەمیشە خراپ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و سوکایەتیی پێ دەکات چاودێری دەکرێت. خانمەکە ناوی سون هوایە و تای هو ڕاستەوخۆ ماڵەکە جێدەهێڵێت، پاش ئەوەی ژنەکە بەر چاوی دەکەوێت بەڵام، دواتر دەگەڕێتەوە و بە ڕێکەوت دەبێتە گەواهیدەری ڕوداوی خراپ. مامەڵە کردنی مینگ یوو لەگەڵ سو هوای هاوسەریدا، سەرنجی دەبا لە کاتی ڕاهێناندا لە یاریگای گۆڵفەکەدا، بە تۆپی گۆڵف لە مینگ یووی هاوسەری سون هوا دەدات و دواتر لەگەڵ سون هوا هەڵدێت. تای سوک و سون هوا بە پەیوەندییەکی بێدەنگ دەست پێ دەکەن، بێ ئەوەی یەک وشە بڵێن، لە شوقەیەکەوە بۆ شوقەیەکی دی دەڕۆن، تای سوک بەردەوام دەبێت لە ڕاهێنان کردن لەسەر لێدانی گۆڵف، لە یەکێک لە ماڵەکاندا، پاش خواردنەوە، لە لایەن خاوەن ماڵەکەوە دەگیرێن، لە کاتێکدا لە ناو جێگاکەیاندا و بە جل و بەرگەکانیانەوە خەوتوون. خاوەن ماڵەکە بۆکسەرە و چەند بۆکسێکی قورس لە تای سوک دەدات، دواتر تای سوک زیاتر ڕاهێنان دەکات لەسەر لێدانی تۆپی گۆڵف کە بەستراوە بە دارێکەوە.

شەوێک تای سوک و سون هوا دەچنە نێو خانویەکی فۆلکلۆری کۆرییەوە، بێدەنگ دا دەنیشن و چا دەخۆنەوە و ماچی یەک دەکەن، دواتر دەچنە نێو شوقەیەکەوە، لەوێدا لاشەی مردووی پیاوێکی بەتەمەن دەدۆزنەوە بڕیار دەدەن بە ڕێزەوە بینێژن، ڕۆژی دواتر کوڕ و کچی پیاوە بەتەمەنەکە دەگەنە شوقەکەی باوکیان و وا دەزانن کە تای سوک و سون هوا باوکیانی کوشتووە. هاردوکیان لە لایەن پۆلیسەوە دەست بەسەر دەکرێن بەڵام، هەر بێ دەنگ دەمێننەوە، دواتر کامێراکەی تای سوک لە لایەن پۆلیسەوە دەپشکنرێت و پەیوەندی دەکرێت بە هەموو ئەو خاوەن ماڵانەوە کە وێنەکانیان لە نێو کامێراکەی تای سوکدا هەیە. پۆلیسەکان بۆیان دەردەکەوێت کە هیچ شتێک لە هیچ کام لەو ماڵانە نەدزراوە، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە پیاوە بەتەمەنەکە بە هۆی کانسەری سییەکانەوە گیانی لەدەست داوە.  مینگ یووی هاوسەری سون هوا دەگاتە بنکەی پۆلیسەکە تا هاوسەرەکەی بەرێتەوە، مینگ یوو بەرتیل دەداتە پۆلیسەکە تا ڕێگەی پێ بدات بە تۆپی گۆڵف لە تای سوک بدات وە پۆلیسەکەش ڕێی پێ دەدات. دواتر تای سوک لە پۆلیسەکە دەدات و بەو هۆیەشەوە دەچێتە زیندان. لە زینداندا ڕاهێنانی گۆڵف دەکات بە ڕێگەی خەیاڵاندن بە بێ دار و تۆپی گۆڵفەکە تەنها لە هەوادا ڕاهێنان دەکات. پەرە بە تواناکانی دەدات بەو شێوەیە.

تای سوک لە زیندان ئازاد دەکرێت و، مینگ یوو خۆی ئامادە دەکات تا گەر ڕۆژێک تای سوک گەڕایەوە بۆ سون هوا ڕووبەڕووی ببێتەوو. تای سوک دەگەڕێتەوە لای سون هوا لە ماڵەکەی خۆیدا و لێهاتوییەکانی بەکار دەهێنێت بۆ هێرش کردنە سەر مینگ یوو. لە کۆتاییدا سون هوا بە مینگ یوو دەڵێت خۆشم دەوێیت و ئەمە تای سوک زۆر شەرمەزار دەکات بەڵام، ماچی شانی تای سوک دەکات.

کاتێک مینگ یوو بە مەبەستی کار گەشت دەکات تای سوک و سون هوا بەیەکەوە دەوەستن و، نووسینێک دەردەکەوێت کە دەڵێت " سەختە بزانی ئەم جیهانەی ئێمە تێیدا دەژیین ڕاستەقینەیە یاخود خەونە".

 3-Iron2

كیم كی-دوك

ژیاننامە

 ئەو لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا واز لە خوێندن دەهێنێت و لە کارگەیەکدا دەستدەکات بە کارکردن، تەمەنی بیستەكانیشی بە خزمەتی سەربازی و كاركردن لە پەرستگادا بەسەر دەبات كە ھاوكاری نابیناكانی دەكرد، تەنانەت لە بواری ئامۆژگاریكاری دینی "قەشە" دەخوێنێت بەڵام تەواوی ناكات و سەركەوتوو نابێت تێیدا، لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی لە ھونەرە جوانەكان دەبێت و لەكۆتاییدا خەونەكەی بە دی دەھێنێت و لەنێوان ساڵانی (١٩٩٠-١٩٩٣) لە كۆلێژی ھونەرە جوانەكانی پاریسدا ئەو بوارە دەخوێنێت و وەكو ھونەرمەندی سەرشەقام كار دەكات. ئەو كارەش تاكە ڕێگا بوو بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیانی.

كیم كی-دوك، لە ٢٠ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٦٠ لە "بۆنگووا"ی باشوری كۆریا لەدایكبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەھۆی كێشە و سەختی باری داراییەوە لەگەڵ خانەوادەكەیدا بەرەو "سیئۆل" گەشت دەكەن، ئەو بارودۆخە سەختانەی كە كیم كی-دوك لە تەمەنی منداڵییەوە ھەتاكو بەردەوامیی ژیانی پێیاندا تێپەڕیووە كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ژیان و فیلمسازییەكەی كردووە و بەڕوونی بە كارەكانییەوە دەبینرێن.

 یەكێك لە شتە نامۆكانی ژیانی ئەم فیلمسازە ئەوەیە كە بۆ یەكەمین جار لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا دەبێت كاتێك لە "فەڕەنسا" تەماشای فیلم دەكات؛ چونكە لەو بڕوایەدا بوو كە فیلم و سینەما بۆ كەسە ڕۆشنبیر و دەوڵەمەندەكانن و بەدڵنیاییەوە خۆی بە یەكێك لەوان نەدەژمارد.

 ئەو یەكەم فیلمەش كە تەماشای كرد و زۆر كاریگەری بەسەریەوە ھەبوو (The Silence Of The Lambs-1991)  بوو، پاشان (Leos Carax-1991) دواتر دەگەڕێتەوە بۆ باشوری كۆریا و بڕیار دەدات وەكو سیناریۆنووس دەست بە كاركردن بكات، لە كێبڕكێیەكدا كە لە لایەن "ئەنجوومەنی كۆریای فیلم"ەوە ڕێكخرابوو؛ ساڵی ١٩٩٥ سیناریۆیەك دەنووسێت و لە كێبڕكێیەكدا براوە دەبێت و یەكەم خەڵاتی خۆی دەباتەوە، پارەی ئەم خەڵاتەش بۆ بەرھەم ھێنانی فیلمی (Crocodile-1996) تەرخان دەكات. لەو كاتەشەوە ھەتاكو ساڵی ٢٠٠٨ ساڵانە لایەنی كەم فیلمێكی بەرھەم دەھێنا. ساڵی ٢٠١١، پاش ماوەیەكی زۆر دیار نەبوونی لە بواری فیلمسازیدا؛ بە فیلمی (Amen) دەگەڕێتەوە، ھپاشان فیلمی Arirang بەرهەم دەهێنێت ئەم فیلمە بە تەواوی لە لایەن خۆیەوە بەرھەم ھێنرا، ھەر لە كاری نووسینی سیناریۆكەوە ھەتاكو كاری دەرھێنان و كامێرا و دەستكاریكردن و ئەكتەری پاڵپشت. یەكێك لە فیلمە ھەرە تایبەتەكانی ژیانی فیلمسازەكەیە؛ (Arirang) گۆرانییەكی كۆرییە كە خەڵكی لە كاتی خەمباری و دڵخۆشیشدا دەیچڕن، پردێكە لەنێوان ڕابردوو و ئێستای فیلمسازەكەدا. ساڵی ٢٠١٤ لە دوو فێستڤاڵی جیاوازی فیلمدا خەڵاتی باشترین دەرھێنەر بۆ دوو فیلمی جیاواز دەباتەوە، لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە بەرلین" بۆ فیلمی (Samaritan Girl/ 2004) و لە "فێستیڤاڵی فیلم لە ڤێنس" بۆ فیلمی (Iron-3/ 2004). كیم كی-دوك یەكێكە لە گرنگترین و كاریگەرترین فیلمسازەكانی ھونەری-سینەمایی باكوری كۆریا، فیلمەكانی براوەی خەڵاتە جیاجیاكانی فێستیڤاڵە سینەماییە ئەوروپییەكان بوون، بەڵام لە وڵاتەكەی خۆیدا ئەم سەركەوتنانەی نەبووە و بگرە بە شكستخواردوو ھەژمار دەكرێت، خەڵكانی كۆریا بەوە ناوی دەبەن كە فیلمەكانی ترسناك و مەترسیدار و تۆقێنەر و لە ھەمان كاتدا زۆر ئەوروپییانەن، پێدەچێت ھۆكارەكەشی شێواز و ڕەوتی كاركردنی دەرھێنەرەكە بێت كە بە تەواوی جیاوازە لە دەرھێنەرە كۆریاییەكانی دیكە و پەیوەندی بە باس و بابەتی فیلمەكانییەوە ھەبێت.

 سیناریۆی سەرجەم فیلمەكانی خۆی نووسیوونی و تەنانەت ھەندێكجار بەبێ سیناریۆ وێنەگرتنی فیلمەكانی بە ئەنجام گەیاندووە، بۆ نموونە فیلمی (Spring, Summer, Fall, Winter...And Spring)، ھەروەھا زۆرجار لە ناوەڕاستی كاری وێنەگرتندا ھەڵدەستا بە گۆڕینی سیناریۆكان؛ ئەمەی بەپێویست دەزانی بۆ زیندوێتی فیلمەكانی و ھەوڵی دەدا لە شێواز و ستایڵی دەرھێنەرانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی نزیك ببێتەوە. فیلمەكانی پڕن لە دیمەنی توندوتیژیی و بە پێچەوانەی دەرھێنەرە كۆریاییەكانی دیكەوە ھەرگیز شەرمی لەوە نەكردووە كە كێشەكانی كۆمەڵگای كۆریا بھێنێتە نێو فیلمەكانییەوە و بیانخاتە ڕوو.

 بەگشتی پاڵەوانانی فیلمەكانی كەسانێکن کە لەچینە نزم و مامناوەندەکانی کۆمەڵگان و لەبارەی ئەو كەسانەوە فیلم دروست دەكات كە بیر ناكەنەوە، لەم بارەیەوە كیم كی-دوك دەڵێت: "بۆیە لە بارەی ئەم كەسانەوە فیلم دروست دەكەم؛ چونكە دەمەوێت بینەران بیر لەوە بكەنەوە كە ھەر بەڕاستی ژیان چۆنە". پاڵەوانەكانی كەم قسە دەكەن و بە ڕەفتارەكانیان ھەستەكانیان دەردەبڕن، بۆئەوەی لێیان تێبگەیت پێویست ناكات گوێ لە وشەكانیان بگریت؛ بەڵكو سەرنجدان لە ڕەفتار و جووڵەكانیان ناخ و بیركردنەوەكانیان پیشان دەدات، نواندنكارەكانی كەسانێكی كەم قسە و بێدەنگن بەھۆی ئەو كارەسات و ئازارانەوە كە لە ڕابردوودا ئەزموونیان كردووە.

 


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە