Rafiq_Sabir.jpg

شيعرى لاوکی هەڵەبجە شێویندراوە

شاعیرى كورد (ره‌فیق سابیر) له‌سه‌ر شیعرى لاوکی هەڵەبجە رونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و نوسیویه‌تى: " لەلایەن نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان شێویندراوە".

خاوه‌نى شیعرى لاوکی هەڵەبجە ئه‌وه‌شى نوسیوه‌: " دۆستانی ئازیز ئەمە دەقی ئەسڵی پێشەکی هۆنراوەی لاوکی هەڵەبجەیە، کە حەوت چوارینەیە. ئەم بەشەی هۆنراوەکە، لەلایەن نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان شێویندراوە، دوو چوارینەی لێ دزراوە و چوارینەی تری خراوەتەسەر، کە زۆر پەرووت و لاوازن. بە داخەوە چەند هونەرمەندێکی بەڕێزیش, بێ ئەوەی ئاگاداری ئەم شێواندن و  ساختەکارییە بن، ئەم تێکستە شێواوەیان چڕیوە".

 ده‌قى رونكردنه‌وه‌كه‌ وه‌كخۆى:

 

لاوکی هەڵەبجە

دۆستانی ئازیز ئەمە دەقی ئەسڵی پێشەکی هۆنراوەی لاوکی هەڵەبجەیە، کە حەوت چوارینەیە. ئەم بەشەی هۆنراوەکە، لەلایەن نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان شێویندراوە، دوو چوارینەی لێ دزراوە و چوارینەی تری خراوەتەسەر، کە زۆر پەرووت و لاوازن. بە داخەوە چەند هونەرمەندێکی بەڕێزیش, بێ ئەوەی ئاگاداری ئەم شێواندن و  ساختەکارییە بن، ئەم تێکستە شێواوەیان چڕیوە. دزین و ئەتکردنی بەرهەمی نووسەرێک، لە نزیکەی هەموو وڵاتانی دنیا بە دزیی ئەدەبی و فیکری دادنرێت و  سزای توندی بەدواوەیە.

ئەم دەقە ئەسڵییە لە کۆکارە شیعرییەکانم، کە پێنج   جار چاپ کراون، بڵاو کراوەتەوە و هونەرمەند عەدنان کەریم بە گۆرانی دەیچڕێت.

تکایا بۆ ئاگاداریتان ئەم دەقی راستەقینەی ئەم بەشەی هۆنراوەکەیە و هەرچی ترتان بینی ساختەیە:

  لا‌وكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌

به‌ ته‌نیا جێی‌ مه‌هێڵن

              ئه‌مشه‌‌و زریان ده‌یچێنێت

ته‌مومژ دایده‌پۆشێت

              مانگه‌شه‌‌و ده‌یڕفێنێت

گه‌رووی‌ به‌ گزنگ ته‌ڕكه‌ن

             زامه‌كانی‌ به‌ شیلان

به‌ گۆرانی‌ دایپۆشن

             یان به‌ سه‌وزیی‌ دارستان

سه‌ری‌ به‌ شه‌پۆلان كه‌ن

             با ئه‌م شه‌وه‌ رایژێنێت

باڵای‌ له‌ هه‌ور بگرن

             بروسكه ‌‌و با ده‌چێنێت

 به‌ ته‌نیا جێی‌ مه‌هێڵن

            منداڵێكی‌ لاساره‌

شار به‌رده‌باران ده‌كات

             مانگ ده‌كات به‌ كۆلاره‌

سواره‌، چ شۆڕه‌سوارێك

             ئه‌سپی‌ هه‌تاو زین ده‌كات

به‌ گۆرانی ‌‌و تیشك ‌و ماچ

             سه‌رزه‌مین به‌رین ده‌كات

با كه‌ژاوه‌ی‌ له‌ گوڵ‌ بێت

             یان له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌

زه‌ماوه‌ندی‌ خوێن ده‌گرێت

             ئه‌مشه‌و پاشای‌ ئه‌ڤینه‌

ئاشقێكی‌ لاساره‌

             بروسكه ‌‌و با ده‌چێنێت

به‌ ته‌نیا جێی‌ مه‌هێڵن

             مانگه‌شه‌و ده‌یڕفێنێت.


ئەم بابەتە 142 جار خوێندراوەتەوە