ئەم تەنهاییەت ڕۆژێک دەپژێ و
بێدەنگیت دەخاتە سەر دەرگا و دیوارەکان
پێڵوەکانت حیکایەت دەگێڕنەوە و دەبارێن
وەک خۆر کە لەمێژە باریوە و لەبارینیدا
تۆ و خاک و زەویت دەگەڕێنێ و دەگریەنێ،
تۆ دەچیتەوە وەک مۆم کە بێ ویستی خۆی دەچێتەوە و
وەک سەهۆڵبەندانە لوتبەرزەکان کە مەحف دەبنەوە و
وەک سەگێکی ڕەحم بڕاو دەبڕێیتەوە،
شیدەبیتەوە وەک قەنارە کە ژیان هەڵدەلوشێ و هێشتاش پێدەکەنێ
کە لە پێکەنینیدا یادگارەکانت بشکێن و ڕووبار بوەستێ و خەونت شەق بەرێ و
مانگ ڕووت لێ وەرگێڕێ و خاک لەبیرخۆیت بەرێتەوە و
نان لە لێوت بسڵەمێتەوە و ئاو تینوی خنکانت بێت،
تۆ دەفەوتێیت وەک فەوتانی پەپولەکان لە بەهاردا و
وەک فەوتانی کەشتییەکان لە زەریادا،
ون دەبیت کە دەبێت ون بیت کە نازانیت بۆ ڕووەو ونبوون چویت و
دەچیت و هێشتاش دەتەوێت نەگریت
ڕەنگە زەمەن مۆڵەتت بدا تا ڕووخسارت
لە ئاوێنەکاندا بدۆزیتەوە و فرمێسکەکانت بخۆیتەوە
وەک چۆلەکەکان کە مەرگ دەخۆنەوە و
وەک عاشقەکان کە تکا لەڕابردوو دەکەن و
وەک من کە ئەم شیعرە لەبری تۆ دەنووسم ..