Nzar_Qabani.jpg

بەلقیس ئەلڕاوی.. ئەو ژنەی کە دڵی نزار قەبانی رفاند و لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا گیانی سپارد

رۆزا حەمە ساڵح

نزار قەبانی، شاعیری گەورەیی سوری، بە چیرۆکی خۆشەویستییەکی گەورە لە گەڵ بەلقیس  ئیبراھیم ئەلڕاوی، ھاوژینە عێراقییەکەی ژیا، ھەمیشە وەك سامانێک وەسفی کردووە کە بەڕێکەوت ڕێی لێکەوتووە.

قەبانی بەم شێوەیە باس لە چیرۆکی خۆشەویستی و گەیشتنی بە بەلقیس دەکات:

" لە ساڵی ١٩٦٢، لە شەوە كۆڕێكی شیعری خۆمدا بووم، لە پایتەختی بەغدا بەڕێوە چوو، چاوم بە ژنێکی شۆخ و شەنگ و گەردن بەرز کەوت بە ناوی (بەلقیس ئەلڕاوی)، ھەر دوای یەکتر ناسین، گفتوگۆیەکی زۆرمان کرد، خۆشەویستی لە نێوانمان دروست بوو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆشەویستیمان بۆ یەکتر زیاتر پەرەی دەسەند تا ئەو پەڕی عاشق بوون، بۆیە ھەر زوو چوومە داخوازی، بۆ ئەوەی ببێت بە ھاوسەری ژیانم، بەڵام لەسەرەتاوە باوکی ناڕازی بوو، بە ھەموو شێوەیەک دژی ئەم ھاوسەرگیرییە وەستایەوە. ئەوە بەھێزترین بەرھەڵستی بوو لە سەر مێژووی شیعرەکانم، کۆمەڵە شیعرە غەزەلییەكانم ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن، بەناوبانگترینیان "خانەوادەی بەلقیس دوژمنمن ".

هەروەها هۆزە عەرەبەكانیش رێگەیان بەوە نەدەدا، کە کچییان ھاوسەرگیری لە گەڵ شاعیرێكدا بکات، کە بە باڵای ژندا ھەڵبڵێت.

کاتێك ھەموو ھەوڵەکانم بێ ھودە بوون، بێزار بووم، بۆیە سواری فڕۆكە بووم و چوومە ئیسپانیا، لەوێ وەك دیبلۆماتکار بۆ ماوەی سێ ساڵ کارم كرد، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بە بەردەوامی نامەم بۆ بەلقیس دەنارد، ئەویش بە ھەمان شێوە نامەی بۆ من دەنارد.. 

بەم شێوەیە، ئەو دۆخەی نێوانییان مایەوە تاكو ساڵی ١٩٦٩، لەو ساڵەدا بە فەرمی بۆ بەشداریكردنم لە فیستیڤاڵی مەربەد بانگهێشت كرام، ھەر لەو ڤیستیڤاڵەدا یەکێك لە جوانترین قەسیدەکانم بە ناوی " بەلقیس ئەلڕاوی" خوێندەوە.

دەستپێکی قەسیدەكەی بەم شێوە بوو:

 سڵاو ئەی عیراق، 

ھاتووم گۆرانیت بۆ بڵێم..

ھەندێک لە گۆرانییەکەم گریانە..

سڵاو، سڵاو.. ڕوخسارێك دەناسیت

ڕۆژگار و دووری ھەڵیکۆڵیوە..

خۆشەویستی له کانگای دڵی خواردوە..

ئەوەیشی ماوەتەوە، ژن دابەشی کردووە..

 لە دوای ئەم قەسیدەیە، کە لەو کاتەدا بەغدای پایتەختی ھەژاند، دەسەڵات و گەلی عێراق ھاوسۆزی سەبارەت بەم دۆخەی قەبانی دەردەبڕن، تا دەگاتە ئەو ڕادەی سەرۆک کۆماری عێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر) شاندییەکی فەرمی حزبی دەنێریتە لای باوکی بەلقیس و بە ناچاری رەزامەندی دەنوێنێت، ھەردوو خۆشەویست ھاوسەرگیری دەکەن، دەبنە خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی عومەر و زەینەب.

بەڵام ئەفسووس لە دوای چەند ساڵێکی کەم و لە ١٥ دیسەمبەری ساڵی ١٩٨١، لە تەقینەوەکەی كۆنسوڵخانەی عێراق، لە بەیروت، بەلقیس شەھید دەبێ، ئەو ڕووداوە سامناک و ناخ ھەژێنە، کاریگەری زۆر دەکاتە سەر دەروونی نزار و برێنێکی قوڵ لە ناخیدا بە جێ دەھێڵێت، بە جۆرێك  لە ھەندێك لە شیعرەکانیدا بەو پەڕی کاریگەرییەوە ناوی ھێناوە و بەسەریدا ھەڵداوە.

نزار بەم شێوەیە وەسفی ئەو ساتە دەکات: "لە نوسینەگەکەی خۆم بووم لە شەقامی سور، کاتێک گوێبیستی دەنگی تەقینەوەکە بووم، دەمارەکانی جەستەمی ھەمووی ھەژاند، نازانم لەو کاتەدا چۆن چۆنی ڵاڵ نەبووم، وتم خوایە ڕەحم بکەیت.. دواتر کەسێک ھات و ھەواڵەكی پێڕاگەیاندم وتی: كۆنسوڵخانەی عێراق خوێنی لێ دەچۆڕێ.. زۆر بە دڵنیاییەوە گوتم، تەواو ئیتر بەلقیس ڕۆیشت.. پارچەکانی قسەکانم ھێشتا لە ناو جەستەمدان.. پێشوتر وا ھەستم دەکرد کە بەلقیس بۆ ھەتا ھەتای لە گەڵمدا دەژێ، نەمزانی لە بەیروت و لە چوار دەورم بۆ ھەتا ھەتایی بە جێم دەھێڵێت، بەلقیس ھەموو ژیانم بوو، ئارەزووەكانم و شووناسم و پێنوسەکانم بوو".

شاعیر لە قەسیدەیەکدا،  بە ناوی " بەلقیس" کە بە درێژترین قەسیدەی لاواندنەوە ھەژماردەکرێت، ھاوارێکی پڕ لە خەم و حەسرەت دەھۆنێتەوە، بە یەکێك لە قەسیدە ھاوچەرخە بەناوبانگەکانی شیعری عەرەبی دادەنرێت.

  ئەم قەسیدەیە بۆ چەندین زمانی بیانی وەرگێڕدراوە، منیش وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە گەڵ کۆمەڵێکی تر لە شیعرەکانی  نزار قەبانی لە کتێبی "ھەوڵدان بۆ کوشتنی ئەو ژنەی کە ناکوژرێ" چاپم کردووە.

 

 بەلقیس

نوسینی: نزار قەبانی

وەرگێڕانی: رۆزا حەمە ساڵح

 

سوپاس بۆ ئێوە

سوپاس بۆ ئێوە

خۆشەویستەکەم کوژرا

ئێستا دەتوانن

لە سەر گۆڕی شەھید

پێکێ بخۆنەوە.

قەسیدەکەم تیرۆرکرا..

ئایە ھیچ میللەتێك ھەیە

لەم سەر زەمینەدا

-جگە لە ئێمە-

قەسیدە تیرۆر بکا؟

 

بەلقیس..

جوانترین شاژنبوو

لە مێژووی بابلدا..

بەلقیس..

بەرزترین دار خورما بوو

لە خاکی عێراقدا..

کاتێك ڕێی دەکرد

تاوسەکان یاوەری بوون ..

ئاسکە کێویەکان بە دوایەوە بوون..

 

بەلقیس..

ئەی ئازاری من..

ئەی ئازاری قەسیدە،

لەو کاتەی کە پەنجەی بۆ دەبەن..

ئایا دەکرێ،

لە دوای پرچی تۆ

گوڵە گەنمەکان باڵا بکەن؟

ئەی نەینەوا سەوزەکەم..

ئەی قەرەجە قژزەردەکەم..

ئەی شەپۆلەکانی دیجلە..

بەھاران لە قاچیدا جوانترین،

پاوانە لەپێ دەکات.

بەلقیس تۆیان کوشت..

ئەوە چ میللەتێکە ئەو عەرەبە

دەنگی بولبولەکان تیرۆر دەکا؟

_سەموئال_ و

_موھەلھەل_ و

مرۆڤە پێشەنگەکان لە کوێن؟

ھۆزەکان یەکتریان خوارد و

رێویەکان یەکتریان کوشت و

جالجاڵۆکەکانیش یەکتریان كووشت.

سوێندبێت بەو چاوانەت

کە گریاندمی و

داڵدەی ملیونان ئەستێربوون ..

ئەی مانگەکەم

بە عەرەبی عەجەم دەڵێم

ئایا ئازایەتی درۆیەکی عەرەبییە؟

یان مێژۆکەمان وەك ئێمە درۆیە؟

 

بەلقیس..

لێم ئاوا مەبە

چونکە دوای تۆ

خۆر لە کەنارەکاندا ھەڵنایە

لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:

وایلێھاتووە دز

بەرگی جەنگاوەر دەپۆشێت،

لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:

ڕابەری لێھاتوو

وەك بەڵێندەری لێھاتووە،

دەڵێم: داستانی تیشکەکان،

ناماقوڵترین نوکتەیەکە کە وتراوە..

ئێمە ھۆزێکین لە نێوان ھۆزەکاندا،

ئەمەیە مێژوومان.

ئەی بەلقیس..

چۆن مرۆڤەکان جیاوازی

لە نێوان باخچەکان و

زبڵدانەکان دەکەن؟

 

بەلقیس..

ئەی شەھید..

ئەی قەسیدە..

ئەی پاكی بێگەرد..

"سەبەء" به دوای

شاژنەکەیدا دەگەڕێت و

تۆیش سڵاوی جەماوەر بدەرەوە

ئەی مەزنترین شاژن..

ئەی ئەو ژنەی ھەموو شکۆی

چاخەکانی سۆمەری

لە خۆیدا بەرجەستە کردووە.

 

بەلقیس..

ئەی چۆلەکە جوانەکەم

ئەی نیگا بە نرخەکەم

ئەی فرمێسکی ڕژراوم

لەسەر ڕۆمەتی مەجدەلییە

ئایا ستەمم لێکردی

کە ڕۆژئ تۆم

لە کەنارەکانی ئەعزەمییەدا گواستەوە؟

بەیروت..

ھەر ڕۆژێ یەکێکمان لێدەکۆژێت

ھەموو ڕۆژێ بە دوای قوربانییەکدا دەگەرێت،

مردن..

لە ناو فنجانی قاوەکەماندایە و

لە ناو کلیلی شوقەکەماندایە و

لە ناو گوڵەکانی بالەکۆنەکەماندایە و

لە ناو کاغەزی ڕۆژنامەکان و

پیتی ئەلفوبێدایە.

 

ئەی بەلقیس..

ئەوەتا ئێمە

جارێکیتر دەچینەوە

ناو سەدەی تاریکی

دەچینەوە ناو دڕندەیی و

دواکەوتوویی و

ناشرینی و

زەبوونی..

جارێکیتر دەچینەوە

ناو چەرخی بەربەرییەت،

کاتێك نووسین کۆچێکە

لە نێوان پارچەیەك و

پارچەیەکیتردا..

کاتێك تیرۆرکردنی پەپولەیەك

لە گێڵگەکەیدا،

بۆتە دۆسێیەك.

 

ئایا بەلقیسی

خۆشەویستم دەناسن؟

ئەو گرنگترین بوو

کە لە پەرتووکی دڵداریدا نوسرابێ..

تێکەڵەیەكی یەکجار جوان بوو

لە نیوان ئەرخەوان و مەڕمەڕدا..

وەنەوشە لە نێوان ھەردوو چاویدا

دەنووست و نەدەنووست..

بەلقیس..

ئەی ئەو بۆنەی

کە لە ھزرمداییت..

ئەی ئەو گۆڕەی

لەناو ھەوردا کۆچدەکات..

لە بەیروت وەك ھەر ئاسکێك تۆیان کوشت و دواتر

وشەشیان کوشت.

 

بەلقیس..

ئەمە شیوەن نییە،

بەڵام با بڵێن سڵاو لە عەرەب.

بەلقیس..

تامەزرۆین.. تامەزرۆین.. تامەزرۆین

ماڵە بچکۆلەکەش،

پرسیاری شازادەی بۆن خۆشی دەکات.

گوێ بۆ ھەواڵەکان دەگرین..

ھەواڵەکان ئاڵۆزن..

ھەواڵە حەزپێکراوەکان باس ناکەن..

ھەتا سەر ئێسك سەربڕاوین..

مناڵەکان نازانن چی ڕویداوە..

منیش نازانم، چی بڵێم؟

ئایا پاش چەند خولەکێکی تر لە دەرگا دەدەیت؟

پاڵتۆ زستانیەکەت دادەکەنییت؟

ئایە بە زەردەخەندەوە دێت..

باش و گەشاوە

وەك گوڵی باخان؟

 

بەلقیس..

ھێشتا ڕووەکە سەوزەکانت

لە سەر دیوارەکانن و دەگرین..

ڕووخساریشت ھێشتا

لە نێوان ئاوێنە و پەردەکاندا

دێت ودەچێت..

تەنانەت ئەو جگەرەی

کە داتگیرساندبوو، نەکوژاوەتەوە

دووکەڵەکەشی

ھێشتا نایەوێ کۆچ بکات.

 

بەلقیس..

لێدراوین

لە ناخەوە لێدراوین

باخچەکانیش

نائارامی تیادا نیشتەجێیە.

بەلقیس..

چۆن ڕۆژەکان و

خەونەکانت لێبردم و

باخچەکان و

وەرزەکانت نەھێشت..

ھاوسەرەکەم

خۆشەویستەکەم

قەسیدەکەم

نووری چاوم

تۆ چۆلەکە جوانەکەی من بوویت

چۆن لە دەستم فڕیت

ئەی بەلقیس؟

 

بەلقیس..

ئێستا کاتی

خواردنەوەی

چای عێراقی بۆنخۆش و

پێشکەشکردنیەتی..

ئەی زەڕافە،

ئایە کێ لە مەولا

پەرداخەکان دابەش بکات؟

کێ بوو فورات و

گۆڵەکانی دیجلە و ڕەسافەی

بۆ ماڵەکەمان گواستەوە؟

بەلقیس..

خەمەکان ئەنجن ئەنجنم دەکەن..

ئەو بەیروتەی کە تۆی کوشت

بە تاوانەکەی نازانێت

ئەو بەیروتەی کە عاشقتبوو

نازانێ کە عاشقەکەی خۆی کوشت و

مانگی کوژاندەوە.

بەلقیس..

ئەی بەلقیس

ئەی بەلقیس

ھەموو ھەورێك بۆت دەگری،

ئایە ئیتر کێ بۆ من بگری؟

بەلقیس..

چۆن بە بێدەنگی ڕۆشتی و

دەستت نەخستە سەر دەستم؟

 

بەلقیس..

چۆن ئێمەت لە بەر _با_دا

بەجێھێشت،

وەك گەڵای دار ھەڵدەلەرزین؟

ھەرسێکەمانت بە جێھێشت،

وەك پەڕێک لە ژێر باراندا..

ئایە بیرت لە من نەکردەوە؟

کەچەند پێویستیم

بە خۆشەویستیتە؟

وەك چۆن(زەینەب و عومەر)یش پێویستیان پێیە.

 

بەلقیس..

ئەی گەنجینە ئەفسوناویەکەم

ئەی ڕمە عێراقیەکەم و

ئەی دارستانی حەیزەران

ئەی ئەوکەسەی لە بڵندیدا بەرەنگاریی ئەستێرەت دەکرد،

ئەم ھەموو چالاکیانەت

لە کۆێوە ھێنابوو؟

 

بەلقیس..

ئەی ھاورێ و دۆستم

ناسك وەک گوڵە بەیبون..

بەیروت دڵی بۆمان تەنگە و

دەریا ناڕەحەتە و

شوێنیشمان تەنگە.

بەلقیس..

تۆ ھەرگیز دووبارە نابیتەوە و

بەڵقیسێکی تر نابێتەوە.

 

بەلقیس..

ئەو شتە بچووکانەی

کە لەنێوانماندا هەیە

سەرم دەبڕێ..

خولەك و چرکەکانی

جەڵتەم لێدەدەن..

بۆ هەر دەرزییەکی بچووک،

چیرۆکێك هەیە..

بۆ ھەر گرێبەستێك

لە گرێبەستەکانت،

دوو چیرۆك هەن..

تەنانەت شانەکردنی

قژە ئاڵتوونیەکەشت

وەك هەمیشە

بارانی سۆزم بەسەر دەبارێنێ..

دەنگی جوانی عێراقیش

دەگاتە لای پەنجەرەکەم

دەگاتە لای کورسی و

قاپ و قاچاخەکان..

لە ئاوێنەکەوە دەرئەکەویت،

لە ئەنگوستیلەکەتەوە،

لە پەخشانەکانەکەتەوە،

لە مۆمەکان،

لەجامەکان،

لە شەرابی ئەرخەوانییەوە دەرئەکەویت.

 

بەلقیس..

ئەی بەلقیس

ئەی بەلقیس

ئەگەر دەزانیت

چێگات چەند بە ئازارە

لە ھەر گۆشەیەك

تۆ وەك چۆلەکەیەك

بە ناویدا دەخولێیتەوە..

بۆنی خۆشت

وەك دارستانی بیلەسان دێت..

لەوێدا، جگەرەت دەکێشا..

لەوێدا، دەتخوێندەوە..

لەوێدا، وەك دارخورمایەك قژت شانە دەکرد..

کە دەھاتیتە لای میوانەکان

وەك شمشێرێکی یەمەنی بوویت.

بەلقیس..

کوا شووشەی گەیرەلان؟

کوا چەرخە شینەکە؟

کوا جگەرەی کێنت،

کە لێوەکانتی جێنەدەھێشت؟

کوا (ھاشمی) گۆرانیبێژ؟

لە سەرو پێکھاتەی

فێستیڤاڵەكان

شانەکان ڕابردووی خۆیان وەبیردێتەوە..

فرمێسکیان دەرژێتەوە.

ئایا شانەکانیش

لە تامەزرۆیان بۆت دەناڵێنن؟

 

بەلقیس..

زۆر ئەستەمە

لە خوێنی خۆم کۆچ بکەم..

منێك کە گەمارۆدراوبم

لە نێوان کڵپەی ئاگر و

کڵپەی دووکەڵدا.

بەلقیس..

ئەی شازادەکەم

ئەوەتا تۆ

لە جەنگی

خێڵ وخێڵدا

دەسوتێت..

ئایە لەسەر کۆچی شاژنەکەمدا چی بنووسم؟

قسەکردن ئابڕوچوونمە..

ئەوەتا ئێمە لە نیوان قوربانێکاندا

بە دوای ئەستێرەیەکی کەوتوودا دەگەرێین..

بەدوای جەستەیەك

کە وەك ئاوێنەیەکی شکاو پەرشوبڵاوە..

ئەی خۆشەویست،

ئەوەتا ئێمە پرسیار دەکەین

ئایا ئەم گۆڕە گۆڕی تۆیە

یان گۆڕی عروبەیە.

 

بەلقیس..

ئەی ئەو شۆڕەبییەی

کە پرچی بە سەرمدا

شۆڕکردۆتەوە..

ئەی زەرافەی سەربڵند.

بەلقیس..

چارەنووسی عەرەبیمان وایە

 عەرەب تیرۆرمان بکات..

عەرەب گۆشتمان بخوات..

عەرەب ورگمان ھەڵدڕێت..

عەرەب گۆڕمان ھەڵکەنێت..

ئایا چۆن لەم دادگاییە ڕابکەین؟

خەنجەری عەرەبی

ھیچ جیاوازییەك لە نێوان

گەردنی پیاوان و

گەردنی ژناندا ناکات.

 

بەلقیس..

ئەوان تۆیان پارچەپارچەکرد،

لای ئێمە ھەموو تەرمەکان

لە کەربەلاوە دێن

لە کەربەلاشەوە کۆتاییاندێت.

لەمرۆ بە دواوە

چیتر مێژوو ناخوێنمەوە،

پەنجەکانم گڕیانگرتووە..

جلەکانم بە خوێن داپۆشراون..

ئەوەتا ئێمە دەچینە

ناو چەرخی بەردینیمان،

ڕۆژانە ھەزار ساڵ

دەگەرێنەوە بۆ دواوە..

لە دوای کۆچی چاوانت

دەریا لە بەیروت کشایەوە..

هۆنراوەش پرسیاری

پەخشانەکەی دەکات،

کە ھێشتا وشەکانی تەواو نەبوون..

ھیچ کەسێکیش

وەڵامی پرسیارەکە ناداتەوە..

 

ئەی بەلقیس..

خەم وەك پرتەقاڵ

شادییەکانم دەگوشێت..

ئێستا تەنگوچەڵەمەی

وشەکان دەزانم..

گرفتی زمانی ئاڵۆز دەزانم..

منم کە داھێنەری نامەکان

کەچی نازانم

چۆن نامەکە دەستپێبکەم..

شمشێر بە ناو گۆشتی کەمەرمدا دەچێت و

بەناو کەمەری

دەستەواژەدا دەچێت..

ھەموو شارستانییەت تۆیت،

ئەی بەلقیس،

مێینە خۆی شارستانییەتە.

 

بەلقیس..

تۆ مەزنترین مژدەی منی،

کێ بوو ئەو مزگێنەی دزی؟

تۆ نووسین بوویت

بەر لەوەی نووسین ھەبێ..

تۆ دوورگە و منارەیت.

 

بەلقیس..

ئەی مانگی من

ئەی ئەو مانگەی

کە لەنێو بەردەکان دایانپۆشی..

ئێستا پەردە لادەدرێت

ئێستا پەردە لادەدرێت

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەڵێم:

من ناوەکان دەزانم

ناوی شتەکان و

بەندکراوەکان و

شەھیدەکان و

ھەژارەکان و

لاوازەکان..

دەشڵێم: من شمشێروەشێنی

بکوژی ھاوسەرەکەم و

ڕووخساری ھەموو سیخوڕەکان دەناسم..

دەشڵێم:

پاکیزەییمان جندەییە و

خواپەرستیمان پوخڵییە..

دەشڵێم:خەباتمان درۆیە و

ھیچ جیاوازییەكیش نییە

لە نێوان سیاسەت و لەشفرۆشیدا!

 

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەڵێم:

من بکوژەکانم ناسیووە و دەڵێم:

زەمەنی عەرەبی ئێمە تایبەتە

بە سەربڕینی یاسەمین و

کوشتنی ھەموو پەیامبەران و

کوشتنی ھەموو نێردراوان..

عەرەب تەنانەت

چاو سەوزەکانیش دەخۆن..

ھەتا کەزییەکان و

ئەنگوستیلەکان و

بازنەکان و

ئاوێنەکان و

یارییەکان و

ئەستێرەکانیش

لە نیشتمانی من دەترسن..

من ھۆکارەکەی نازانم ..

تەنانەت باڵندەکانیش

لە نیشتمانی من ڕادەکەن..

من ھۆکارەکەی نازانم..

تەنانەت ھەسارەکان و

پاپۆڕەکان و ھەور و

تەنانەت تیانووس و پەرتوکەکان و

ھەموو شتە جوانەکانیش..

ھەموویان.. دژی عەرەبن،

کاتێ جەستەی ڕووناکت ھەڵوەری.

 

 

بەلقیس..

ئەی مروارییە بەخشندەکەم

بیرمکردەوە: ئایە کوشتنی ژنان

ئارەزوویەکی عەرەبییە

یا ئێمە بە ڕەچەڵەک

تاوانە پیشەمان؟

بەلقیس..

ئەی ماینە جوانەکەم،

من شەرم لە تەواوی مێژووم دەکەم.

ئەمە وڵاتێکە

تیایدا ئەسپەکان دەکوژن..

ئەمە وڵاتێکە

تیایدا ئەسپەکان دەکوژن،

لەو ڕۆژەوەی کە سەریانبڕیت.

ئەی بەڵقیس..

ئەی جوانترین نیشتمان،

مرۆڤ نازانێت

چۆن لەم نیشتیمانەدا دەژی..

مرۆڤ نازانێت

چۆن لەم نیشتیمانەدا دەمرێ..

من ھێشتا خوێنم دەدەم

تاکو دونیا دڵخۆشبکەم،

بەڵام ئاسمان ویستی

وەک گەڵاکانی پایز

بە تەنھا بمێنمەوە.

 

ئایا شاعیران

لە ڕەحمی ماندوویەتی

لە دایك دەبن؟

ئایا قەسیدە

چەقۆ لێدانە لە دڵ

کە ھیچ ھەتوانێکیشی نییە؟

یا ئەوە منم بە تەنھا چاوەکانم مێژووی گریان کورتدەکاتەوە؟

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەڵێم:

چۆن ئاسکەکەم

بە شمشێری ئەبو لەھەب مرد؟

پێیاندەڵێم کە چۆن

ھەموو دەزەکان

لە کەنداوەوە

ھەتا زەریا..

وێراندەکەن و دەسوتێنن و

تاڵاندەکەن و بەرتیلدەخۆن و

دەستدرێژی دەکەنە سەر ئافرەت،

بەو جۆرەی کە ئەبو لە ھەب دەیەوێ.

پێیاندەڵێم:

ھەموو سەگەکان فەرمانبەرن و

لە سەر حیسابی ئەبو لەھەب

دەخۆن و

دەخۆنەوە و

سەرخۆشدەبن.

 

ھیچ دنکە گەنمێ لە زەویدا

بەبێ پرسی ئەبی لەھەب ناڕوێ..

ھیچ منداڵێك لای ئێمە

لە دایك نابێت،

ئەگەر ڕۆژێ دایکی

سەردانی ناوجێی

ئەبی لەھەبی نەکردبێ..

دەرگای ھیچ زیندانێک ناکرێتەوە،

بەبێ پرسی ئەبی لەھەب..

ھیچ سەرێك ناپەڕێنرێت

بەبێ فەرمانی ئەبی لەھەب..

لە لێکۆڵێنەوەکەدا دەڵێم:

چۆن دەستدرێژی

کرایە سەر شازادەکەم و

چۆن پیرۆزەی چاوەکانی و

ئەنگوستیلەی بوکێنییان

دابەش کرد.

دەشڵێم چۆن ئەو قژەیان دابەشکرد

کە وەك ڕووباری زێر دەڕۆیشت.

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەڵێم:

چۆن دەستیانگرت

بە سەر ئایەتەکانی

کتێبە پیرۆزەکەدا و

گڕیان تێبەردا..

 

دەڵێم:

چۆن خوێنیان ڕشت و

چۆن دەمیان زەوت کرد

نە گوڵێکیان لێھێشتەوە و

نە ترێیەك..

ئاخۆ مەرگی بەڵقیس

تاکە سەرکەوتنە

لە ھەموو مێژووی عەرەبدا؟

 

بەلقیس..

ئەی ئەشقی من ھەتا مەستیی

پەیامبەرە درۆزنەکان

دەستەوەستان ڕۆنیشتوون و

ھیچ پەیامێکیان نییە و

سواری کۆڵی گەل بوون..

ئەگەر ئەوان

لە فەڵەستینی غەمبارەوە

ئەستێرەیەك

یان پرتەقاڵێكیان بۆ بھێناینایە

یان لە کەنارەکانی غەزەوە

بەردێكی بچووك

یان سەدەفێکیان بۆ بھێناینایە.

ئەگەر ئەوان

لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا

زیتونێکیان رزگار بکردایە..

یا لیمۆیەکیان بگەڕاندبایە..

یا شورەییان لە مێژوودا نەھێشتایە..

ئەو کات بۆ کوشتنت

سوپاسم دەکردن.

 

ئەی بەلقیس..

ئەی عەشقی من

تا ئەوپەڕی مەستیی

ئەوان فەڵەستینیان بەجێھێشت

بۆ ئەوەی ئاسکێك تیرۆر بکەن!

ئەی بەلقیس..

ئایە شیعر لەم زەمەنەدا

چی دەڵێت؟

ئایا شیعر چی دەڵێت؟

لەم چاخی شعوبییەت و

ئاگرپەرستی ترسنۆکەدا..

جیھانی عەرەبی

دەھاڕدرێ و

سەرکوت دەکرێ و

زمانی بڕێندراوە..

ئێمە لە تاوانکردندا لە لوتکەداین

ئیتر (العقد الفرید) و

گۆرانی چین؟

ئەی خۆشەویستم تۆیان

لەناو دەستم و

قەسیدەیان لەناو زارم دەرھێنا..

نووسین و

خوێندنەوە و

منداڵیم و ھیواشیان برد.

 

بەلقیس.. ئەی بەلقیس

ئەی ئەو فرمێسکەی

دڵۆپ دڵۆپ

دەرژێتە سەر برژانگی کەمان..

ئەی نھێنی عەشقم

زانیم کێ تۆی کووشت

بەڵام ئەوان..

بەر لە تەواو بوونی گێمەکە

ماینەکەی منیان کوشت.

بەلقیس..

داوات لێدەکەم

کە بمبەخشییت

لەوانەیە ژیانی تۆ

قوربانی بوبێ بۆ ژیانی من.

من باش دەزانم

ئەوانەی دەستیان

لە کووشتنی تۆدا بوو،

مەرامییان کوشتنی

وشەکانی من بوو.

ئەی شۆخەکەم

لە سپاردەی خودا بنوو،

تازە لە دوای تۆ

ھەم شیعر نووسین و

ھەم مێینە ئەستەمە.

لە دوای تۆ

نەوەیەك لە منداڵان دەمێننەوە

پرسیاری کەزیە درێژەکەی تۆ دەکەن.

نەوەیەك لە عاشقان

لەبارەی تۆ دەخوێننەوە.

ئەی مامۆستای ڕەسەن

ڕۆژێك دێ عەرەب دەزانێ

کە ئەوان

پەيامبەرێکی ژنیان کوشتووە..

پەيامبەرێکی ژنیان کوشتووە..

پ..ە..ی..ا..م..ب..ە..ر..ێ..ک..ی

ژ..ن..ی..ا..ن..ک..وو..ش..ت..و..ە..

 
*(سەبەء) مەملەکەتێکی عەرەبی یەمەنی کۆنە.

 *( مجدەلیە)  مەبەستی حەزرەتی مەریمی مەسیحە، پێش ئەوەی ببێت بە دایکی مەسیح  پێیان دەوت مەریمی مەجدەلیە

 *(العقد الفريد) ناوی پەرتوکێکە ھی نوسەر ئبن عبد ربە ئەندەلسی، کتێبکە پێکھاتووە لە ھەواڵ و قسەی نەستەق و ئامۆژگاری و شیعر کە لە شێوەی ڕستەدا دابەشکراوە.


ئەم بابەتە 424 جار خوێندراوەتەوە