Nihad_Jami.jpg

روانینی جیاواز بۆ هاملێت

نیهاد جامی

بەشی سێیەم و کۆتایی

دواهەمین نمایشی هاملێت کە لە پۆڵەندا نمایش کرابێت کارەکەی دەرهێنەر "میخاو کۆتانیسکی"

میخاو کۆتانیسکی (١٩٧٦) یەکێکە لەدەرهێنەرە شانۆییە نوێیەکانی شانۆی پۆڵەندی، دەرچووی بەشی دەرهێنانی کۆلێژی هونەری شاری کڕاکۆڤ ، هەروەها لەزانکۆی وارشۆ فەلسەفەی خوێندووە، وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە لەتەک دەرهێنەران ڤایدا وکریستینا لوپا ویێژی یارۆچکی بوو، هەوڵیداوە یەکەی زەمەنی تێکستی شکسپیر بپارێزێت بۆ کارەکتەری هاملێت لەنێوان ئاستی دەروونی کەسێتی و هەوڵدان بۆ تۆڵەکردنەوە، دەرهێنەر پابەندی تەواوی تێکستەکە نەبووە، بەڵام پابەندی زەمەنی شکسپیریی دەبێت بۆ کارەکتەرو بیرۆکە، ریتمێکی خێرا وا دەکات ڕووداوەکان بەرەو چڕبوونەوەی دەیالۆگ ببردرێت، ڕووداو سەر بەزەمەنی تێکستە بەڵام جل وبەرگی ئەکتەرەکان زادەی مرۆڤی هاوچەرخن، وەک ئەوەی هەموو شتێک لە ئەمڕۆدا ڕووبدات.

پەیوەندی هاملێت بە باوکی کوژراو وابەستەی حەقیقەت و خەیال نیە، دەرکەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا لەوێنەیەکی بەتەنیشت یەکەوە نیشان دەدرێت، تا باوک چیرۆکی کووشتن بگێڕێتەوە، لێرەوە تارمایی دەبێتەوە بەشێک لەگێڕانەوەی حەقیقەتی کوژراو، تارمایی خەیاڵ نیە، هێندەی مردوویەکە لەگۆڕدا هەلساوەتەوە تا چیرۆکی کوژرانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەش وێنەیەکی شکسپیریی ڕوونە دەرهێنەر تەنیا ئەو وێنەیەی لەبارگاوی خەیاڵی بۆ تێگەیشتن لەدیمەنەکە دەرباز کردووە، جۆرە دراماتۆرگیەکی تیا کردووە کە باشتر لەو پەیوەندیەمان بگەیەنێت.

 Hamlet_mixaw

شانۆگەری هاملێت، دەرهێنانی میخاو کۆتانیسکی

هاوچەرخ بوونی شکسپیر بۆ دەرهێنەر تەنیا دەستەواژەیەک نیە، هێندەی ئەو هاوچەرخێتیەی شکسپیر بەکردەوە لەناو نمایشدا ئامادەبوونی دەبێت، ڕووداو کارەکتەر لەساتەوەختێکی مرۆڤی هاوچەرخدا ڕوو دەدەن، جل وبەرگ و شوێن وابەستەی دنیای ئەمڕۆن، ئەوە دەیالۆگە ڕووداو دەخوڵقێنێت، بۆیە دەرهێنەر  لەڕووی پێکهاتەکانی نمایشەوە دەیەوێت جێپەنجەی خۆی وەک دەرهێنەرێکی شکسپیریی بخاتە ڕوو.

رووداوەکان خێراتر لەوادەی خۆیان بەرەو پێش دەبات، گروپی نواندنەکە بریتین لەسێ ئەکتەر ژن و پیاوێک کە چوونەتە تەمەنەوە، لەگەڵ کوڕێکی گەنج، لەهۆڵی کۆشکەکە هاملێت خۆی کورسی ڕیز دەکات تا ببنە بینەری نمایشی گروپە شانۆییەکە، لەو هۆڵەی کۆشک پەنجەرە فراوانەکە لەڕێگەی بۆیەی ڕەنگێکی کاڵەوە شێوەی دەچێتەوە سەر تابلۆی "شەوی پڕ ئەستێرەی"ڤان کوخ.

تابلۆکەی ڤان کوخ لەپەنجەرەی ژوورێکی نەخۆشخانەیەکتی دەروونیە، کەوا گوزارشت لەبینینی ئەوە دەکات کە لەشەودا بینیویەتی، بۆیە لێرەدا کە پەنجەرەکە تۆنی ڕەنگەکەی دەچێتەوە سەر ئەو تابلۆیە، دەرهێنەر دەیەوێت گەشە بەئاستی دەروونی هاملێت بدات، لەڕێگەی تابلۆیەکی ڤان کوخ، لەهەمانکاتدا وێنەیەکی ئاوێتەیی شکسپیرێکی ڤان کوخیانە بەرجەستە بکات، هەڵبەت ڤان کوخ لەژیانی خۆیدا سێ ساڵ لەبەتریتانیا ژیاوە کە شیکردنەوەی کردووە بۆ چەند نووسەرێکی ئینگلیزیی وەکو شکسپیر وچارلز دیکنز، بۆیە ئەو مۆرکەی لەو نمایشەدا وێنەیەکی هەرەمەکیانە نیە، بەقەد ئەوەی پڕۆسەیەکی ووردی تێگەیشتنە لەپەیوەندیی ئەو دوانەوە، کە دەر‌هێنەر ئەو تابلۆیە دەکاتە دنیابینێکی هاملێتیانە.

کاتێک تیپە شانۆییەکە نمایشەکە پێشکەش دەکەن و پاشای نوێ دۆخی دەروونی تێک دەچێت و ئەو دەمەی ؛ەگەڵ باوکی ئۆڤیلیا قسە دەکات، هاملێت لەبەردەم تیشکی پەنجەرەکە کەوا دیمەنێکی تاریکە، بەڵام پەنجەرەکە لەناو ئەو تاریکیەدا تەواو تابلۆکەی ڤان کوخ بەرجەستە دەکات.

 Hamlet_Dwahamin_Nmaysh

دواهەمین نمایشی هاملێت لە پۆڵەندا

ئەو پەیوەندیە قولکردنەوەی دنیابینی شکسپیرە بۆ کارەکتەر، کە کۆتاییەکەی پارێزگاری لەشەڕەشمشێرەکە دەکات، بەلام لەڕێی ڕوناکیەوە نامەیەکی ترسناک بۆ دوای مەرگی هاملێت و دایک و پاشای تازە دەخاتە ڕوو، ئەویش هۆڕاشیۆ لەناو تەرمی مردووەکان هێرشی جەنگی پێ ڕادەگەیەنرێت، جەنگێک ڕوناکیەکی سووری خوێناوی سەر شانۆکە داگیر دەکات، وەک بەردەوامیەک بۆ تراژیدیایەکی شکسپیریی کە بەرۆکی مرۆڤی هاوچەرخی گرتۆتەوە، لێرەوە تێدەگەین بۆچی دەرهێنەر دەیەوێت لەدیدی مرۆڤی ئەم ڕۆژگارەوە هاملێت نمایش بکات و دەریبکات لەناو فۆڕمێکی کلاسیکی، چونکە کۆتاییەکەی زۆر ڕوون بۆمان دەخاتە ڕوو کەوا ئەو ئێستایەی ئێمە تیایداین ژیانە لەناو تراژیدیایەکی شکسپیریی، ئەوەش ئەو گەڕانەوەییە بۆ یان کۆت کەوا شکسپیری بەشانۆنووسی هاوچەرخ ناو برد.


ئەم بابەتە 170 جار خوێندراوەتەوە