Kamal.jpg

تەرمى د. کەمال مەزهەر لە ئەڵمانیاوە دەگاتەوە کوردستان

بڕیارە ئەمشەو 23/3/2021 تەرمى نوسەر و مێژوونووس و لێکۆڵەر و ئه‌كادیمیستى کورد د. کەمال مەزهەر، بگاتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر و سبەینێش لە شارى سلێمانى بەخاکدەسپێردرێت.

د. هەڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی، له‌ واڵى تایبه‌تى خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نوسیویه‌تى: "وابڕیارە ئەمشەو تەرمی کەسایەتیی ئاکادیمیی و نیشتمانیی کوردستان، کۆچکردووی خۆشەویستمان بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر کەمال مەزهەر، بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و پێشوازیی لێبکرێت".

راشیگه‌یاند "بەیانی رۆژی چوارشەممە لە مەراسیمێکی تایبەتدا له‌ هه‌ولێر پێشوازیی رەسمیی لێدەکرێت و، بەرەو شاری سلێمانی ماڵئاوایی لێدەکرێت، لە دەروازەی شاری سلێمانیدا لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبووانەوە پێشوازیی لێدەکرێت و بە مەراسیمێکی شایستە بۆ دوا ئارامگای خۆی لە گردی سەیوان بەڕێدەکرێت".

پارێزگاری سلێمانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌  "بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە پێویستە هەمووان پابەندی رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن".

د. کەمال مەزھەر له‌ چه‌ند دێرێكدا:

 - ناوى تەواوى: کەمال مەزھەر ئەحمەد رەسوڵ

- پیشە: نوسەر و مێژوونووس و لێکۆلینەر و ئه‌كادیمیست

- لە رۆژى 14/2/1937 لە گوندى ئاغجەلەرى شارى کەرکوک لە دایکبووە.

- بەهۆی پیشەی باوکیەوە کە فەرمانبەر بووە لە شاری کەرکوک گواستراونەتەوە بۆ ئاغجەلەر.

- قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.

- لە ساڵی 1955 بەشی مێژوو لە کۆلیژی ئەدەبیاتى زانکۆی بەغدادى تەواو كردووە.

- لە ساڵی 1959 لەلایەن حکومەتی عەبدولکەریم قاسم بۆ تەواوکردنی خوێندنى باڵا لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکارى دیکە ڕەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کراوە.

- لە ساڵی 1963 بڕوانامەی دکتۆرای لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت لە بواری مێژووی هاوچەرخی کورد وەرگرتووە.

- لە ساڵی 1969 لە ئەنستیتۆتی رۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرتووە.

- لە ساڵانی 1971 تاکو 1975 سکرتێر و ھاوکاری سەرۆک لە پرسەکانی زانستی لە فەرھەنگستانی کوردی بەغداد بووە.

-  لە ساڵی 1981 بووەتە مامۆستای مێژوو. 

- لە زانکۆی بەغدا لە ئەنستیتۆتی گەلانی رۆژھەڵاتی نزیک و ناوین لە باکوور، ئەنستیتۆتی باڵای لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی زانکۆی موستەنسەرییە و ھەروەھا ئەنستیتۆتی لێکۆڵینەوەکانی عەرەبی وانەی گوتووەتەوە.

- ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئەنستیتۆتی کورد لە پاریس بووە.

- ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد بووە و خزمەتێکی زۆری کردووە.

- ئەندامی یەکێتیی نووسەرەکانی کورد بووە.

- ئەندامى ئەنستیتۆتی کورد لە پاریس بووە.

له‌ رۆژى 16/3/2021 لە تەمەنى (84) ساڵى له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى شارى بۆن لە ئەڵمانیا کۆچی دوایکردووه‌.
 

چەند بەرهەمێکى هەیە بە زمانى کوردى، لەوانە:

- کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانى حکومەتى بەریتانیادا.

- چینی کرێکارانی عێراق پەیدابوونەوە و یەکەمین بزووتنەوەکانی.

- ئافرەت لە مێژوودا: کورتە باسێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی.

- چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد - بەرگی 1 و 2.

- تێگەیشتنی راستی؛ شوێنی لە رۆژنامەنووسی کوردیدا.

- خەباتی رزگاریخوازی کورد و ئازەر لە ئێران.

- کوردستان لەساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهاندا.

- زاراوەی کارگێڕی، (عەرەبی کوردی).

- پەڕەکانێک لە مێژووی گەلی کورد.

- میر.

- مێژوو.

- رێنیسانس.

چەند بەرهەمێکى هەیە بە زمانى عەرەبى، لەوانە:

- چاوپێکەوتنێک بە چەند کێشەیەکی نێونەتەوەیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین.

- چینی کرێکاری عێراق پەیدابوونەوە و یەکەمین بزووتنەوەکانی.

- ڕۆلی گەلی کورد لە ڕاپەرینی 1920ی عێراق.

- ڕاپەرینی 1920 لە ڕۆژھەڵاتناسیی سۆڤیەت.

- کوردستان لە ساڵانی شەڕی جیھانیی یەکەم.

- حەقیقەتەکانی مێژووی کوردەکان.

- مەکیاڤێلی و مەکیاڤێلیسم.

- سەرھەڵدان.

چەند بەرهەمێکى هەیە بە زمانى روسى، لەوانە:

- خەباتی ڕزگارکەری کوردان دژ بە ئیستیعماری بریتانیا لە ساڵانی 1918 - 1932.

- کورتەیەک لە مێژووی کوردەکان لە ساڵانی 1918 - 1958.


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە