Choman.jpg

پێناسە و كێشەكانی چەمكی پیاوەتی لە كوردەواریدا

پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمينيزمى ڕۆشنگەريى، لەچوارچێوەی كاروچالاكیە بەردەوامەكانيدا، كۆڕێك بەناونیشانی (پێناسە و كێشەكانی چەمكی پیاوەتی لە كوردەواریدا) بۆ توێژەرو مامۆستای زانكۆ "د.چۆمان هەردی" ڕێكدەخەن.

كۆڕەكە رۆژی شەممە 27/3/2021 كاتژمێر (سێ)ـی پاشنیوەڕۆ لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەريی چاودێر بەڕێوەدەچێت.

 چۆمان هەردی لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی 1993دا بۆتە پەنابەر لە بەریتانیا. لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد (بەکەلۆریۆس )، لەندەن (ماستەر) و کێنت (دوکتۆرا)ی تەواوکردووە. پاش 26 ساڵ ئاوارەیی، ساڵی 2014 گەڕایەوە کوردستان و وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق سلێمانی، دەستبەکار بوو. لە ساڵی 2015دا سەنتەری جێندەر و گەشەپێدانی لە زانکۆی ئەمریکی دامەزراند. لە ساڵی 2017دا سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان بۆ یەکەمجار خوێندنی فرەپسپۆڕی جێندەری وەک ماددەی لاوەکی لە مەنھەجی زانکۆدا جێگاکردەوە کە یەکەم پرۆگرامی لەمجۆەیە لە عێراقدا. لە ساڵی 2018دا سەنتەرەکە فەندێکی دوو ساڵەی لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە وەرگرت بۆ گەشەدان بە خوێندنی جێندەر بە زمانی کوردی و عەرەبی. لە ساڵی 2019دا فەندێکی لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی بەریتانی وەرگرت بۆ لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە چەمکی پیاوەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا کە ئەمڕۆ لێرە باسدەکرێت. دوو بەرهەمی شیعریی بە زمانی کوردی هەیە کە لە دانیمارک و سوید چاپبوون. دوو کۆمەڵە شیعری ھەیە بە زمانی ئنگلیزیی کە لە بەریتانیا چاپبوون. دووھەم کۆمەڵە شیعری ئنگلیزی، واتە (تێڕامان لە ژنان) لەلایەن (کۆمەڵەی کتێبێ شیعری بەریتانی)یەوە وەک یەکێک لە کتێبە سەرکەوتووەکانی شیعری ئەو وەرزە ھەڵبژێردرا و یەکێک بوو لەو پێنج کتێبەی شۆرتلیستکرا بۆ خەڵاتی فۆروەرد. وەرگێڕانی دەربەندی پەپوولەی مامۆستا شێرکۆ بێکەسی لە ساڵی 2018دا خەڵاتی پێنی ئنگلیزی بردەوە. لە ساڵی 2010ەوە چەند شیعرێکی لەناو مەنھەجی ئەدەبی ئینگلیزییدا بۆ خوێندنی ناوەندی دەخوێنرێت.

پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری وەرزێكی نوێی چالاكییەكانیان دەستپێكردووە بەناونیشانی (بانگەوازی دیالۆگە جیاوازەكان) لە (سەكۆی جیاوازی) تەنها پێوەریش دیالۆگی زانستی و رەخنەی ئازادە بۆ ئەوەی جوانیی جیاوازییەكان لەو سەكۆیەدا بخرێتەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە دوو كۆڕ و سیمینار لەسەر پرسە جیاواز و جێ بایەخەكان بۆ نووسەر و ئەكادیمی و رۆشنبیر و رۆشنگەرەكان رێكدەخات.

Choman1

Choman2


ئەم بابەتە 135 جار خوێندراوەتەوە