Hiwa.jpg

سبه‌ینێ، ئەو چیرۆکانەی ئەبێت بزانرێن بڵاوده‌كرێته‌وه‌

دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان و کۆمەڵگەی پەروەدەیی مارگرێت كتێبى (ئەو چیرۆکانەی ئەبێت بزانرێن - یاداشت و بیرەوەری) بڵاوده‌كاته‌وه‌.

وابڕیاره‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 29/3/2021 كاژێر (3:30)ى دوانیوه‌ڕۆ له‌ کتێبخانەی جەمال عیرفان دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە درێژه‌ى زنجیره‌ كتێبه‌ چاپكراوه‌كانید كتێبى (ئەو چیرۆکانەی ئەبێت بزانرێن - یاداشت و بیرەوەری) لەنوسینی سیاسەتمەداری کورد (محەمەد ئەمین پێنجوێنی) و کۆکردنەوە و پێداچوونەوە و پێشەکی (پ.ی.د. هیوا عەزیز سەعید) بڵاوبكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ نوسه‌ر له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسیویه‌تى:

 ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن.

لە چیرۆکەکانی تردا باسی ئەو رێپێوانانەمان کرد کە لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیاوە لە شاری (بۆن) ەوە دەستمان پێکرد بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل ( بەناوی ڕێپێوانی ئازادیی ) کەلە ئەڵمانیاوە کەوتینە ڕێ بۆ ھۆڵەندا، دوایی بەرەو بەلجیکا، پاش نزیکەی ٧ رۆژ کە ھەر ڕۆژەی ٢٠-٣٠ کیلۆمەتر رێگەمان دەبڕی ھەتا گەشتینە شاری ماستریغت لە ھۆڵەندا.

ئەم وێنەیە کەلە تەک ئەو بەرێزانەدا بەدەر دەکەوێت کاتی پشوودان و خۆ ئامادەکردنە بۆ چوونە لای سەرۆکی شارەوانی ماستریغت و سەرۆکی سەندیکای پۆلیسی شارەکە.!!

بۆ ئەوەی ئەو برۆشەر و دیکۆمێنتانەی کە ئامادە کراوە لە بارەی ئامانجی ڕێپێوانە کە و دۆزی گەلی کورد بە گشتی بە بەرچاوی میدیاکانەوە پێشکەشیان بکەین.

حەزدەکەم ئەو ھەڤاڵە بەرێزانە بە خوێنەوارانی فەیسبوک بناسێنم.

١-ئەحمەد باراش قەلنج ، چالاکوانی باکوور و دانیشتوی ئەڵمانیا

٢-مامۆستا فەقێ حسێن سانج، رووناکبیر، تێکۆشەر، زمانزانی بەرچاوی باکووری کوردسان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئینیستیتوتی ئیستانبوڵ و ماوەیەکیش سەرۆکی ئەو ئەنیستیوتە بووە

فەقێ حسێن ھاوڕێ و دۆستی تێکۆشەری باکووری کوردسان (موسا عەنتەر) بووە کە زۆربەی ژیانیان لە بەندیخانەکانی تورکیا پێکەوە بوون، زۆر سەرگوزشتە و چیرۆکی خۆش و دانسقە لە بەینیاندا ڕووی داوە. ئەوان ساڵەکانی بەندیخانە ھەر خەریکی ئەدەب و زمانی کوردی بوون کە چۆن زمانی کوردی پاک بکەنەوە و ڕێزمان و ڕێنوسی کوردی چۆن فەراھەم بێنن و وشەی نوێی بۆ دابتاشن و ڕێچەکەیەک دابنێن بۆ رێنووسی نوێ کە بگونجێ لەگەڵ ڕۆشنبیریی ئەم سەردەمەدا!!!

وە لە ژێر ھەژموونی زمانی تورکی رزگاری بکەن

دەڵێن فەقێ حسێن ھەر وشەیەکی نوێی لە ڕستەیەکدا بەکاربهێنایە، موسا عەنتەر لێی دەپرسی ڕەگ و سەرچاوەی ئەم وشەیە چییە چۆنە؟؟

فەقێ حسێن لە وەڵامدا گوتوویەتی : ئەمە دایکم وا ئەڵێ !

ئێتر موسا عەنتەر لەم وەڵامە بێتاقەت ئەبێت دەڵێ: ئەری فەقێ دایکت کوردە لۆژە؟ یان پرۆفیسۆری زمانەکانە ؟ ! ھەی .............!!

٣- دوکتۆر عیسمەت شەریف وانلی کە سایەتییەکی ناوبەدەرەوەی بەناوبانگی کورد و رووناکبیر، سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکارێکی بە ئەزموون لە ئەوروپا

٤- بەندە محەمەد ئەمین پێنجوێنی .

ئەم ڕێپێوانە بوو بە سەرەتایەکی گرنگی بەھێز بۆ کاری سیاسی و ڕووناکبیری و دیبلۆماسی بزاڤی ئازادیخوازی باکووری کوردستان لە ئەوروپا .

حەزدەکەم ئەوەشتان( عەرز بکەم ) کە بەندە و دوکتۆر عیسمەت شەریف وانلی ١٨ ڕۆژ بە لنگان ڕەومان کرد ھەتا گەشتینە برۆکسل لە ژێر دروشمی ئاشتی و ئازادیی بۆ کوردستان کە بە زمانەکانی ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی و فەلەمانی نووسرا بوو.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە