choman.jpg

پلاتۆ کێ بووە؟

چۆمان تەقێدین

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی بیست و دووەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

 پلاتۆ کێ بووە؟

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ  ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە  لە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی  یۆنان ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن ، و ڕۆمای کۆن ، و ڕووسیا.

 ژیاننامەی پلاتۆ

پلاتۆ ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆی کۆنی شارستانیەتی یۆنان نووسراوەن ، بە یەکێک نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی کۆمیدی دا ، کە بە یەکێک لە نووسەرە  گرنگەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ، کە ئەمەیش پاڵ ئەوانەی تر توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات ، و داهێناێکی گەورەی تێدا کردووە ، و هەروەها بە یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن و مرۆڤایەتی دانراوە.

پلاتۆ ، نەزانراوە لە ساڵی چەندی سەدەی پێنجی پێش زایین لە دایک بووە لە خێزانێکی خانەدانی شاری ئەسینای دێرین ، و خەڵکی دەوڵەتی شاری ئەسینایە ، واتا لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك  (یۆنان) لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) لە دایک بووە ، و بەشێکی زۆری ژیانی لە شاری ئەسینا بە سەر بردووە ، و هەروەها پلاتۆ  لە تەمەنی لاویی دا دەستی بە نووسینی شیعری تراجیدی کردووە ، توانی گەلێک داهێنانی مەزن بخاتە ناو هونەری شانۆیی کۆمیدی  یۆنانی ئەو سەردەمە ، و بە پێی ناونیشانی دەق و ناوەڕۆکی هەندێ لە دەقە شانۆییەکانی ، دەرکەوێت کە شانۆییەکانی ناوەڕۆکێکی سیاسی هەبووە ، و لە ڕێگەی نمایشی شانۆییەکانی گەلێک ڕەخنەی ئاڕاستەی دیاردە خراپەکانی ناو کۆمەڵگەی  ئەسینی بە تایبەتی و کۆمەڵگەی یۆنانی ئەو سەردەمە بە گشتی گرتووە.

پلاتۆ ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامەکانی ، وەکو: سبيس و  پۆلیفرادمۆن و فرینیچوس و کریتیاس و سۆفۆکلێس و ئەیۆن خیۆسی و ئەسخیلیۆس (ئەسکیلیۆس) و ئیپسیچارموس و کراتینوس و چۆیریلوس و فۆرمیوس و سوساریۆن و یۆریپیدێس و فرینیچوس ئەسینی و گەلێک شانۆنامەی تر  بووە ، و ئەمەیش هەر وەکو ئەوان دەورێکی کاریگەر و بنەڕەتی لە بەرەو پێشبردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە.

 بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی پلاتۆ

پلاتۆ ، لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆنامە نووس ، نزیکەیی (292) شانۆیی نووسیووە ، و بەڵام تەواوی دەقەکانەکانی  فەوتاون و لەناوچووە ، و بەڵام تەنها ناوی چەند بەرهەمێکی شانۆیی کە ژمارەیان نزیکەیی (31) شانۆیی بووە زانراوە ، کە ئەمانەن ناونیشانی ئەو دەقە شانۆیین کە تەنها ناونیشانەکانیان زانراوە ، وەکو: هایپەربۆلس کە لە نێوان ساڵانی (420_ 416 پ.ز ) نووسراوە ، و ڤیکتۆرەکان یان سەرکەوتنەکان  لە ساڵی (421پ.ز) نووسراوە ، و کلیۆفۆن لە ساڵی (405پ.ز) یان لە ساڵی (391پ.ز) نووسراوە ، ئەدۆنییەکان ، هاوپەیمانی ، باڵیۆزەکان ، ئەمفیارۆس ، مێروولە ، دایداڵوس ، ئەوروپا ، فیستیڤاڵەکان ، یۆنان یان دوورگەکان ، گریفین ، هایپەربۆلس ، یۆ ، لایۆس  ، لاکونی  یان شاعیر ،  منداڵی بچووک ، شەوی درێژ ، مێنیلۆس ، پێساندەر ، پێرایڵگێس ، فاۆن ، پارچە کەلوپەلەکان ، شاعیر ، نیشتەجێبووەکان ، سۆفیستەکان ، سیرافێکس ، ژنانی پەرستگاکان ، کانتریای یان کێرکۆپێس ، زیوس ستەمی لێ کراوە.

پلاتۆ ، لە زۆربەی فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی یۆنانی ئەو کاتە بەشداری کردووە ، ئەمەیش هەر وەکو شانۆ نامەنووسەکانی هاو سەردەمەکەی خۆی بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، لە چەندین ڤێستیڤاڵ و ئاهەنگەکان ، کە یەکێک لەوانە فێستیڤاڵی ساڵی (410پ.ز) بوو ، کە توانی خەڵاتی یەکەمی  لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست بهێنێت ، و کە سەرجەم فێستیڤاڵەکان لە پەرستگای خواوەند دیۆنیسس ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراوە ئەنجام دراوە.

 کۆچی دوایی پلاتۆ

پلاتۆ ، نەزانراوە  لە ساڵی چەندی سەدەی چواری پێش زایین کۆچی دوایی کردووە ، و هەروەها نەزانراوە لە تەمەنی چەندی ساڵی دا بووە کە وەفاتی کردووە ، بەڵام ئەوە زانراوە لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان کۆچی دوایی کردووە ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.

 سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە