Nihad.jpg

ئۆریانا ڤاڵاچی و دووفاقیەتی کارەکتەر

نیهاد جامی

کاتێک لەسەر شانۆی مۆنۆدرامی قسە بکەین، دەبێت ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرین کەوا ئەکتەر بەرجەستەی چەند کارەکتەرێک دەکات، بەڵام ئەو دەمەی ئەکتەر هەڵدەستێت بەنواندنی ژیاننامەی کەسێتیەک کە لەبنەرەتدا هەڵگری دووفاقیەکی کەسێتی بێت ئەوا سەلیقەو وردبینی نواندن پێویستی بەڕوانینێکە کە چۆن ئەو دوو کەسێتیە لەناو مرۆڤێکدا نیشان دەدرێت، شانۆکاری پۆڵەندی ئێڤا بواشچیک (١) ئەو دەمەی ژیاننامەی رۆژنامەنووس ونووسەر ئۆریانا ڤاڵاچی (٢) دەکاتە بابەتی سەرەکی مۆنۆدراماکەی ڕێک ڕووبەرووی ئەو دۆخە ترسناکە دەبێتەوە، بۆ ئەوەی وەک زمانی شانۆگەریەکەی بگۆڕێتە سەر نمایشێکی بایۆگرافی، هەر لەسەرەتاوە ناولە نمایشەکەی دەنێت "ئۆریانا ڤالاچی" (٣) لەماوەی کاتژمێرێکدا دەمانباتە ناو دنیای نووسین و زیندەگی ڕاستەقینەی ئەو رۆژنامەنووسە.

سینۆگرافیای ئەم نمایشە کە دەرهێنەر دایناوە، بەشێکە لەپەیوەندی ئەکتەر بەشوێنەوە، ئەوەش تەنیا دەربڕینێکی ڕەوانبێژی ناو نووسین نیە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی سەر تەختەی شانۆ لەدواوە، دواوەی شانۆ شاشەی درێژی تیایە لەنێوانیان بۆشایی هەیە، لەپێشەوەش مێزێکی خڕی کافێیەک  ودوو کورسی دانراوە، فنجانێک قاوە لەسەر مێزەکەدا هەیە، سەرەتا هەستی دایکێک دەبینین کە کۆڕپەکەی لەسکیدایە چۆن دەجولێتەوە، ئەوەش لەڕێی شاشەکەوە ئەکتەری نمایشەکە بەرجەستەی دەکات، کە گەڕانەوەیە بۆ ڕۆمانەکەی ڤالاچی "ئەو کۆرپەیەی هەرگیز لەدایک نەبوو" ڕۆمانەکە بەشێکی دیاری نمایشەکەی داگیر کردووە.

ڕیکۆردەرێکی گەورە لەبڕی جانتا بەشانیەوەیەتی، کە کاسێتی دەنگی گفتوگۆکانە، هەر کاتێک گوێ لەگفتۆگۆیەک دەگرێتەوە، یان باسی کەسێک دەکات، وێنەی ئەو کەسە لەسەر شاشەکە نیشان دەدرێت، لەم ڕێگەیەوە کۆمەکی بینەر دەکات بۆ تێگەیشتنی ڕەوان، بۆ ئەوەی ئەوانەی بەنووسینەکانی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە نامۆن، لەڕێی نمایشەوە تەواو ئاشنایەتی بەڕووداوەکان پەیدا بکەن، بۆ ئەوەی هیچ ناڕوونیەک ڕووبەرووی بینەر نەبێتەوە.

شاشەکان بەتەنیا نیشان دانی وێنەی فۆتۆگرافی نین، لەبارەی ئەوانەی باسیان دەکرێت، وێنەکان دەبن بە دیمەنی ڤیدیۆی ڕەش وسپی، تا ڕەنگی سەر شانۆ داگیر نەکات، لەهەمان کاتدا بۆ پارێزگاریکردنە لەزەمەنی ڕابردوو، ڕابردوو دەچێتە سەر دوو ئاست، یەکەمیان ئەکتەرەکە دەیگێڕێتەوە، لەویتریش لەسەر شاشەکە ئەو دایکە دڵشکاوە دەبینین، دەبێت کۆرپەکەی لەبار ببات.

دەرهێنەر لەڕێی مۆسیقا وکارتێکەری دەنگی و ڕوناکیەوە دەیەوێت سینۆگرافیا سادەکەی بکاتە ڕووی دوەمی دەیالۆگ، بۆ ئەوەش ئەوەی دەیخاتە ئەستۆی ئەکتەر بارگاویکردنی جولە نیە، بەهۆی ئەوەی کارەکتەر تەمەنێکی تەواوی هەیە، بۆیە توڕەبوون وهەڵچوون و گریان لەوێنەیەکی هێمن بەرجەستە دەکات، کە هاوواتا بێتەوە لەگەڵ ئازاری تەمەنەکەیدا.

لێرەدا چیرۆکی نمایشەکە دابەش دەبێتە سەر دوو ئاست، یەکەمیان دەبێتەوە ژیانی کارەکتەر کە ڕاستەوخۆ پشت بەڕۆمانەکەی بەستراوە، ئاستی دووەمیش پیشەی کارەکتەرە کە دیداری رۆژنامەوانی لەتەک سیاسی وسەرکردەکانی دنیا ئەنجامداوە، لەو دوو ئاستەدا ڤاڵاچی دەبێتە ناوەندگەری ئاستەکان، بەوەی ئەوی ڕۆژنامەنووس بۆ دنیا ناسراو و چالاک، بەلام منی ژن کەسێکی نائومێد، کەوتۆتە پەراوێزی خودە ڕۆژنامەنووسەکەوە، کە لێرەدا دەرهێنەر لەسەر پەیوەندی لەگەڵ چالاکوانی سیاسی ئەلیکساندرۆسیم پاناگولیسیم دەوەستێت، هێلێک لەناو نمایشەکە دەباتەوە سەر ئەو پەیوەندیە، هێزێکی زۆر دەکەوێتە سەر ئەکتەر بەوەی هەردوو کەسێتیەکەی وەک دوو مرۆڤی جیا بەرجەستە بکات، ئەوەی بۆ خۆیەتی ئەو مرۆڤە شکست خواردوەیە، ئەویتریش ڕۆژنامەنووسە چالاک وناسراوەکەیە، بۆیە ئەکتەر لەبەردەم دوو کەسێتی جیاواز دایە لەناو یەک مرۆڤدا، ئەوەش دووفاقیەتی کارەکتەرێکیە کە چەندە لەمۆنۆدرامادا پێویستیە، لەهەمان کاتدا لەناو خودی کارەکتەرەکەش بۆتە حەقیقەتی ژیانی.

شەڕ پانتاییەکی گەورە داگیر دەکات لەهەردوو ئاستی ژیانی تاک و کۆمەڵی، گەر لەژیانی تاک پەیوەست بێت بەشەرو خواستی نێرەکان، ئەوا لەئاستی کۆمەڵی جەنگی نێوان وڵاتەکان وێرانەیەک دێنێت، وەک ڤاڵاچی لەنمایشەکەدا باسی دەکات، جەنگ شوێنێکە دەتوانین بەباشی مرۆڤی تیا بناسین، چونکە حەقیقەتی خۆیان لەوێ دەردەکەوێت.

حەقیقەتێک لەدووفاقی کارەکتەر بەتەواوی دەیبینین، کۆی ژیانی ژنێک کەوا چۆن دەسەڵات وێرانی دەکات، دەسەڵات وەک ئاماژە بۆ نێربوون و دەسەلاتی سیاسی، لەکۆتاییدا کاتێک کاتژمێرێک تێدەپەڕێت، ئەوساتە نمایشەکە کۆتایی دێت، بەئاگامان دێنێتەوە کەوا لەبەردەم نمایشێکی مۆنۆدرامیدا بووین، لەڕێی نواندنێکی ئاسایی ناو ژیان و سینۆگرافیایەک کە وەک وێنەیەکی سادەی ژیانی هەر مرۆڤێکی ئەم ڕۆژگارەی کۆمەڵگا بێت.  

 Oryana_Valchi

ئاماژەکان:

(١) ئێڤا بواشچیک ئەکتەرو نوسەرو گۆرانیبێژە، لەدایکبوی ١٩٥٥، یەکەمجار لەسالێ ١٩٧٧ وەک ئەکتەر چۆتە سەر تەختەی شانۆ لەشاری وارشۆ، لەو کاتەوە تائێستا بەردەوام وەک ئەکتەر لەسینەماو شانۆ بەشداری کردووە، لەو شانۆگەریانەی وەک ئەکتەر بەشداری کردووە  لە ١٩٧٧ لەو شانۆگەریانە ئەکتەر بووە "گەمەی ژنان.. دەرهێنانی: ئێدوارد ژیبرۆڤسکی، ئاهەنگی هاوسەرگیری سپی.. دەرهێنانی: هێلمۆت کایزار، دۆسیەی کۆبونەوەیەکی دەست نیشانکراو.. دەرهێنانی: تادێوش وۆمنیچکی" هەروەها لە١٩٧٨ بەشداری کردووە لەم نمایشانە "ژیانی باوان.. دەرهێنانی: یێرزی کرێچمار، هنریکی چوارەم.. دەرهێنانی: یان کولچینسکی، هەڵسانەوەی بەهار.. دەرهێنانی: کژیستۆف زالێسکی" دواتر بۆتە جێی سەرنجی باشترین دەرهێنەرانی شانۆی پۆڵەندی، بۆیە وەک ئەکتەر لەگەڵ دەرهێنەر ڕیشارد پێریت  لەم شانۆگەریانە بەشداری کردووە "لەداردانی ژان دارک/ ١٩٧٩ ، ئۆپێڕای سێ قروش/ ١٩٨٠، رۆمیۆو ژۆلێت/ ١٩٨١، هۆرشتینیسکی/ ١٩٨٣" هەروەها لەگەڵ دەرهێنەری ناسراوی پۆڵەندی ئادەم هانوشکیێڤیچ لەم کارانە بەشداری کردووە "بەرەو دیمەشق/ ١٩٨١، کتێبی گۆرانیەکانی ماڵ/ ١٩٨٢" لەهەشتاکان لەم کارانەش وەک ئەکتەر بەشداری کردوە "خەونی نیوە شەوی هاوین، دەرهێنانی: ماچیێی ئینگلێرت/ ١٩٨٣، تەنیا لێگەڕێ دارسێوەکان بکرێنەوە، دەرهێنانی: کژیستۆف زالێسکی/ ١٩٨٤، ماهاگۆنی، دەر‌هێنانی:  کژیستۆف زالێسکی/ ١٩٨٤، ڤاڵ و لێتا، دەرهێنانی: باربارا ساس/ ١٩٨٧"

لەنەوەتەکانی سەدەی بیستەم لەکۆمەڵە شانۆگەریەکیتر ڕۆڵی بینیووە کە ئەمانەن "لەخانویەکی لادێی بچکۆلەدا/ ١٩٩١، ئێوارانی گۆرانیە فەڕەنسیەکان/ ١٩٩٣، دەرگای داخراوەکانی سارتەر/ ١٩٩٥، ززستان لەژێر مێزدایە/ ١٩٩٦، کەناری خۆرئاوا/ ١٩٩٨" لەگەڵ دەر‌هێنەری دیاری شانۆی پۆڵەندی و دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندی یێرزی گژیگۆژێڤسکی لەم کارانە بەشداری کردووە: تەڵە/ ١٩٩٤، بۆهیمی/ ١٩٩٥"

لە بیست سالێ ڕابردوو وەک ئەکتەر بەشداری کردووە لە دوانزە کاری شانۆیی، ئەوانیش "نەورەس، کەفالەت، دیبوک، پشووی هەفتە، ساڵێک لەبیرکردنەوەی ئەفسوونی، تەڕنەبوون، دوورگەی ئۆساگا، شەش ژن ونیو، ئەشکەوت، بەرلین ئەلێکساندێر پلاتس، ئۆریانا ڤاڵاچی، قسەکردنی ڤانیا و سۆنیا و ماشا، میتافیزیکای گالیسکەی دووسەر"

لەهەردوو نمایشی "ساڵێک لەبیرکردنەوەی ئەفسوونی، ئۆریانا ڤاڵاچی" لەپاڵ کاری ئەکتەری وەک دەرهێنەریش دەرکەوتووە، هەروەها لە ٢٦ کاری شانۆی تەلەفزیۆنی بەشداری کردووە، لەبواری سینەماشدا لە ٣٦ فیلم وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، سەرباری بەشداری لەزنجیرەو درامای ڕادیۆیی، لە ١٩ زنجیرەی تەلەفزیۆنیش دەرکەوتووە، سێ کتێبی چاپکراویشی هەیە ئەوانەن "بۆت نیە لەوێوە بچیتە ژوورەوە، هەموو شتێک زۆر ماندووە، حەزم لەژیانە"  

(٢) ئۆریانا ڤاڵاچی، نوسەرو رۆژنامەنووسێکی ئیتاڵیە لە ١٩٢٩ لەدایک بووە، دیداری رۆژنامەوانی لەگەڵ بەشێکی دیاری سەرکردە سیاسیەکانی خۆرهەڵات ئەنجامداوە، هەروەها چەند رۆمانێکی نووسیوە لەوانە "ژیان و جەنگ و هیچیتر، پەیامێک بۆ ئەو کۆرپەیەی نەهاتە دنیا"

(٣) ئەم مۆنۆدرامەیە لەساڵی ٢٠١٧ نمایش کراوە، تەواوی نمایشەکە بۆ تەلەفزیۆنی پۆڵەندی تۆمار کراوە، ئەم نووسینەی ئێمەش ڕاستەوخۆ پشتی بەستووە بەڤیدیۆی نمایشەکە، لەپاڵ گەڕانەوە بۆ وێب سایتی دەرهێنەر لەبارەی کارەکە.


ئەم بابەتە 101 جار خوێندراوەتەوە