Birdcage_Inn_Birdcage_Inn.jpg

فیلمی Birdcage Inn ی کیم کی دوک

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمی Birdcage Inn  فیلمێکی کۆرییە و، سێیەم فیلمی دەرهێنە‌ری ناودار و بەتوانا کیم کی دوکە، لە ساڵی ١٩٩٨ بڵاو کراوەتەوە، ئەو ئەکتەرە سەرەکییانەی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن: لی جی ئیون، لی های ئیون، ئاهن جای مۆ.

فیلمەکە لە ساڵی 1999 لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەرلین بۆ فیلم نماییشکرا Berlin International Film Festival .

چیرۆکی فیلمەکە باس لە جین ئا ی تەمەن (22) ساڵ دەکات کە ژنێکی لەشفرۆشە لە شوێنی کارە کۆنەکەیەوە دەگوازێتەوە بۆ مەیخانەیەکی نوێ کە لە کەنار دەریا دروست کراوە و ناوی The Birdcage Inn ە. خاوەنی مەیخانەکە ژن و مێردێکن کە کچێک و کوڕێکیان هەیە، ژوورێک بۆ جین دابین دەکەن و ئەو پارەیەی پەیای دەکات بەشێکی بۆ خۆی و بەشێکی دەداتە خاوەن مەیخانەکە، جین بە شەو کار دەکات و بە ڕۆژیش وێنە دەکێشێت و سەیری دەریا دەکات.

جین بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت بەهۆی ئەم خێزانەوە چونکە ئەو باوکە بەڕێز و بێدەنگ و بەرپرسیارەی کە وا دەر دەکەوت زۆر گرنگی بە خێزانەکەی بدات، دەستدرێژی دەکاتە سەر جین، دایکەکەش تەنها وەک سەرچاوەیەکی پارە پەیاکردن سەیری جینی دەکرد بۆ دابین کردنی ئەو داهاتەی کە بۆ خوێندنی زانکۆی کچەکەی و قۆناغی دواناوەندیی کوڕەکەی پێویستی پێی بوو. کوڕی خێزانەکە بە ناوی هیون وۆ لە جین دەپاڕێتەوە تا وێنەی ڕووتی بگرێت بۆ پێشبڕکێیەکی فۆتۆیی و، هەروەها سێکسی لەگەڵدا بکات. سەرەتا جین ڕازی نەبوو بەڵام دواتر ڕێگەی پێدا و تەنانەت سێکسیشی لەگەڵ کرد لەسەر کەشتییەک لە دەریادا. دواتر هیون ئامێری دەنگ تۆمار کردنەکەیی بەکار دەهێنا تا گوێ لە دەنگی جین بگرێت کاتێک لەگەڵ میوانەکانیدا سێکس دەکات.

کچی خێزانەکە بە ناوی هیێ می کە هاوتەمەنی جینە، بەردەوام سەرکوت دەکرێت لە ڕووی سێکسەوە ڕێگەی پێ نادرێت ئارەزووەکانی بەتاڵ بکاتەوە زۆر ڕقی لە جینە و بەردەوام دژایەتیی دەکات، هەموو هەوڵ و ئاماژەکانی جین بۆ هاوڕێیەتی فەرامۆش دەکات، بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو لەگەڵ جین سەر بە دوو جیهانی تەواو جیاوازن و، هەرگیز لە یەک ئاستدا نین. پەیوەندییەکەیان تەنانەت بەرەو خراپتر دەچێت پاش ئەوەی کە هیێ می بۆی دەردەکەوێت کە هاوڕێ کوڕەکەی لەگەڵ جین سێکسی کردووە دوای ئەوەی کە هیێ می ڕەتی کردۆتەوە پێش هاوسەرگیری سێکسی لەگەڵدا بکات.

 

ڕۆژێکBirdcage Inn1 هیێ می دزە دەکاتە نێو ژوورەکەی جینەوە و بەناو شتە تایبەتەکانیدا دەگەڕێت و پاش ئەوە هەستەکانی بەرامبەر بە جین دەگۆڕێن و ئەو شەوە هیێ می بە نهێنی گوێ لە دەنگی جین و یەکێک لە میوانەکانی دەگرێت. هەر لەو کاتانەدا ڕاگەیاندکارێک وێنە ڕووتەکانی جین دەبینێت و هیونی کوڕی خێزانەکە قاییل دەکات کە وێنەکانی پە بفرۆشێت بە بڕە پارەیەکی کەم وە دواتر بڵاویان دەکاتەوە لە گۆڤارێکدا. پاش بڵاو بوونەوەی وێنەکان بەرپرسی پێشوی کارەکانی جین دەگاتە لای و دەیدۆزێتەوە و، داوای پارەی لێ دەکات چوونکە پێی وایە جین بڕە پارەیەکی زۆری وەرگرتووە لە بەرامبەر ئەو وێنانەدا، جین نکوڵیی لێ دەکا و دەڵێ کە هیچ پارەیەکی وەرنەگرتووە پیاوەکەش لێی دەدات، هیێ می جین لەدەستی پیاوەکە ڕزگار دەکات و یارمەتیی دەدات، جین ئەو شەوە هەوڵی خۆکوشتن دەدات و مەچەکی خۆی دەبڕێت، هیێ می خەونێکی ناخۆش بە جینەوە دەبینێت و، بەخەبەر دێت وە جین بە برینداری دەدۆزێتەوە.

جین و هیێ می بەیەکەوە دادەنیشن و پاڵ بەیەکەوە دەدەنەوە وە ئاشت دەبنەوە، ئەو شەوە جین میوانێکی دێت بۆ مەیخانەکە، بەهۆی ئەوەی کە جین نەخۆشە هیێ می لەگەڵیدا دەخەوێت و کچێنیی خۆی لەدەست دەدات.

Birdcage Inn2

كیم كی-دوك

ژیاننامە

 ئەو لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا واز لە خوێندن دەهێنێت و لە کارگەیەکدا دەستدەکات بە کارکردن، تەمەنی بیستەكانیشی بە خزمەتی سەربازی و كاركردن لە پەرستگادا بەسەر دەبات كە ھاوكاری نابیناكانی دەكرد، تەنانەت لە بواری ئامۆژگاریكاری دینی "قەشە" دەخوێنێت بەڵام تەواوی ناكات و سەركەوتوو نابێت تێیدا، لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی لە ھونەرە جوانەكان دەبێت و لەكۆتاییدا خەونەكەی بە دی دەھێنێت و لەنێوان ساڵانی (١٩٩٠-١٩٩٣) لە كۆلێژی ھونەرە جوانەكانی پاریسدا ئەو بوارە دەخوێنێت و وەكو ھونەرمەندی سەرشەقام كار دەكات. ئەو كارەش تاكە ڕێگا بوو بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیانی.

كیم كی-دوك، لە ٢٠ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٦٠ لە "بۆنگووا"ی باشوری كۆریا لەدایكبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەھۆی كێشە و سەختی باری داراییەوە لەگەڵ خانەوادەكەیدا بەرەو "سیئۆل" گەشت دەكەن، ئەو بارودۆخە سەختانەی كە كیم كی-دوك لە تەمەنی منداڵییەوە ھەتاكو بەردەوامیی ژیانی پێیاندا تێپەڕیووە كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ژیان و فیلمسازییەكەی كردووە و بەڕوونی بە كارەكانییەوە دەبینرێن.

 یەكێك لە شتە نامۆكانی ژیانی ئەم فیلمسازە ئەوەیە كە بۆ یەكەمین جار لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا دەبێت كاتێك لە "فەڕەنسا" تەماشای فیلم دەكات؛ چونكە لەو بڕوایەدا بوو كە فیلم و سینەما بۆ كەسە ڕۆشنبیر و دەوڵەمەندەكانن و بەدڵنیاییەوە خۆی بە یەكێك لەوان نەدەژمارد.

 ئەو یەكەم فیلمەش كە تەماشای كرد و زۆر كاریگەری بەسەریەوە ھەبوو (The Silence Of The Lambs-1991)  بوو، پاشان (Leos Carax-1991) دواتر دەگەڕێتەوە بۆ باشوری كۆریا و بڕیار دەدات وەكو سیناریۆنووس دەست بە كاركردن بكات، لە كێبڕكێیەكدا كە لە لایەن "ئەنجوومەنی كۆریای فیلم"ەوە ڕێكخرابوو؛ ساڵی ١٩٩٥ سیناریۆیەك دەنووسێت و لە كێبڕكێیەكدا براوە دەبێت و یەكەم خەڵاتی خۆی دەباتەوە، پارەی ئەم خەڵاتەش بۆ بەرھەم ھێنانی فیلمی (Crocodile-1996) تەرخان دەكات. لەو كاتەشەوە ھەتاكو ساڵی ٢٠٠٨ ساڵانە لایەنی كەم فیلمێكی بەرھەم دەھێنا. ساڵی ٢٠١١، پاش ماوەیەكی زۆر دیار نەبوونی لە بواری فیلمسازیدا؛ بە فیلمی (Amen) دەگەڕێتەوە، ھپاشان فیلمی Arirang بەرهەم دەهێنێت ئەم فیلمە بە تەواوی لە لایەن خۆیەوە بەرھەم ھێنرا، ھەر لە كاری نووسینی سیناریۆكەوە ھەتاكو كاری دەرھێنان و كامێرا و دەستكاریكردن و ئەكتەری پاڵپشت. یەكێك لە فیلمە ھەرە تایبەتەكانی ژیانی فیلمسازەكەیە؛ (Arirang) گۆرانییەكی كۆرییە كە خەڵكی لە كاتی خەمباری و دڵخۆشیشدا دەیچڕن، پردێكە لەنێوان ڕابردوو و ئێستای فیلمسازەكەدا. ساڵی ٢٠١٤ لە دوو فێستڤاڵی جیاوازی فیلمدا خەڵاتی باشترین دەرھێنەر بۆ دوو فیلمی جیاواز دەباتەوە، لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە بەرلین" بۆ فیلمی (Samaritan Girl/ 2004) و لە "فێستیڤاڵی فیلم لە ڤێنس" بۆ فیلمی (Iron-3/ 2004). كیم كی-دوك یەكێكە لە گرنگترین و كاریگەرترین فیلمسازەكانی ھونەری-سینەمایی باكوری كۆریا، فیلمەكانی براوەی خەڵاتە جیاجیاكانی فێستیڤاڵە سینەماییە ئەوروپییەكان بوون، بەڵام لە وڵاتەكەی خۆیدا ئەم سەركەوتنانەی نەبووە و بگرە بە شكستخواردوو ھەژمار دەكرێت، خەڵكانی كۆریا بەوە ناوی دەبەن كە فیلمەكانی ترسناك و مەترسیدار و تۆقێنەر و لە ھەمان كاتدا زۆر ئەوروپییانەن، پێدەچێت ھۆكارەكەشی شێواز و ڕەوتی كاركردنی دەرھێنەرەكە بێت كە بە تەواوی جیاوازە لە دەرھێنەرە كۆریاییەكانی دیكە و پەیوەندی بە باس و بابەتی فیلمەكانییەوە ھەبێت.

 سیناریۆی سەرجەم فیلمەكانی خۆی نووسیوونی و تەنانەت ھەندێكجار بەبێ سیناریۆ وێنەگرتنی فیلمەكانی بە ئەنجام گەیاندووە، بۆ نموونە فیلمی (Spring, Summer, Fall, Winter...And Spring)، ھەروەھا زۆرجار لە ناوەڕاستی كاری وێنەگرتندا ھەڵدەستا بە گۆڕینی سیناریۆكان؛ ئەمەی بەپێویست دەزانی بۆ زیندوێتی فیلمەكانی و ھەوڵی دەدا لە شێواز و ستایڵی دەرھێنەرانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی نزیك ببێتەوە. فیلمەكانی پڕن لە دیمەنی توندوتیژیی و بە پێچەوانەی دەرھێنەرە كۆریاییەكانی دیكەوە ھەرگیز شەرمی لەوە نەكردووە كە كێشەكانی كۆمەڵگای كۆریا بھێنێتە نێو فیلمەكانییەوە و بیانخاتە ڕوو.

 بەگشتی پاڵەوانانی فیلمەكانی كەسانێکن کە لەچینە نزم و مامناوەندەکانی کۆمەڵگان و لەبارەی ئەو كەسانەوە فیلم دروست دەكات كە بیر ناكەنەوە، لەم بارەیەوە كیم كی-دوك دەڵێت: "بۆیە لە بارەی ئەم كەسانەوە فیلم دروست دەكەم؛ چونكە دەمەوێت بینەران بیر لەوە بكەنەوە كە ھەر بەڕاستی ژیان چۆنە". پاڵەوانەكانی كەم قسە دەكەن و بە ڕەفتارەكانیان ھەستەكانیان دەردەبڕن، بۆئەوەی لێیان تێبگەیت پێویست ناكات گوێ لە وشەكانیان بگریت؛ بەڵكو سەرنجدان لە ڕەفتار و جووڵەكانیان ناخ و بیركردنەوەكانیان پیشان دەدات، نواندنكارەكانی كەسانێكی كەم قسە و بێدەنگن بەھۆی ئەو كارەسات و ئازارانەوە كە لە ڕابردوودا ئەزموونیان كردووە.


ئەم بابەتە 137 جار خوێندراوەتەوە