REbin.jpg

ئۆزۆ

ڕێبین حەمەئەمین

پیاوە سەر ڕەشەکە دوێنێ ئێوارەت بیرە

لە ناو بەفرە سپییەکەدا بۆ ژورەکەت دەگەڕایتەوە؟

سارد بوو، دەرەوە سارد

بیرتە کە دەرگای ژورەکەت کردەوە

ژورەوە سارد وەک دەرەوە؟

نە کەسێک گوتی ئێوارە باش و

نە کەسێک چاکەتە تەڕەکەشتی لە شانت داگرت

بیرتە نە بۆنی چێشتێک

نە دەنگی پەرداخێک پێشوازی لێنەکردیت

لە بیرت بێت دوێشەو چەند درێژ بوو

کەسێک نەما بیری نەکەیت

زەنگت بۆ چەند کەس کرد و کەس وەڵامی نەدایتەوە؟

ناچار زەنگت بۆ قەحبەیەک کرد و گوتت، سەعاتی بەچەند

سەر بنێمە سەر شانەکانت و تێر تێر بگریم؟

بیرت بێت دوێنێ چەند سارد بوو

بیرت بێت دوێشەو چەند درێژ بوو

ئێستاش سڵاو لە ڕۆژێکی نوێ بکە

بۆ ئەوەی شەوێکی وا دووبارە نەبێتەوە

بیرت بێت جارێکیتر ئۆزۆت  بیر نەچێت.


ئەم بابەتە 146 جار خوێندراوەتەوە