Adonis.jpg

حیكمه‌تى غوبار

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

جه‌سته‌یه‌ك له‌ مه‌نفا نیشته‌جێیه‌:

كامه‌یان به‌رى ئه‌ویتر ده‌ڕنێته‌وه‌؟

 *

ده‌ڕۆم، به‌ره‌و مه‌نفا پێشده‌كه‌وم.

هه‌ندێ جار مانگێك یاوه‌رمه‌ له‌ شێوه‌ى سێَگۆشه‌یه‌ك.

هه‌ندێ جاریش هه‌تاوێك، له‌ چه‌شنى حوشترێكى ماندوو.

 *

مرۆڤ ته‌نیا جه‌سته‌ى ناباته‌ مه‌نفا،

هه‌روه‌ها سه‌رده‌مه‌كه‌یشى ده‌با و

ئه‌و شوێنه‌یش ده‌با كه‌ تیایدا له‌ دایك بووه‌.

 *

قووڵترین شت كه‌ مه‌نفا فێرت ده‌كا، ئه‌وه‌یه‌:

له‌ لێكدژییه‌كى به‌ردوام بیت له‌گه‌ڵ خۆتدا.

 *

مه‌نفاش وه‌كو (با) عه‌قڵێكه‌،

داواى حیكمه‌ت ناكا،

ته‌نیا له‌ غوبار نه‌بێت.

 *

شیعرت ده‌ستپێمه‌كه‌،

ته‌نیا له‌ ده‌ستپێكردنى ئه‌و ساته‌ نه‌بێ،

كه‌ هه‌ستت كرد نه‌فى كراویت.

 *

ره‌نگه‌ شاعیر له‌ مه‌نفادا،

تواناى ئه‌وه‌ ده‌سه‌به‌ر بكا:

خۆى له‌ قسه‌ باوه‌كان به‌دوور بگرێ.

 *

ویستى ده‌رچوون له‌ مه‌نفا/

ئه‌مه‌ تایبه‌تمه‌ندى یه‌كه‌مه‌ له‌ نوسینى عه‌ره‌بیى ئێستادا،

ئه‌مه‌ش پێشوه‌خت، نوسینێكى باوه‌.

 

 ترس

*

تیرۆر سارده‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ته‌نیا به‌ ئه‌وپه‌ڕى ساردى خۆى گه‌رمده‌كاته‌وه‌:

مردن.

 *

ترس له‌ جه‌سته‌دا، چرایه‌كى نهێنییه‌.

 *

شه‌قامى چۆڵ: تیرۆرێكى (نادیاره‌) و

ترسێكى (دیاره‌).

*

ئه‌وكاته‌ى جوانى ده‌ستهه‌ڵده‌گرێ له‌ (تیرۆر) كردنى ئه‌وانه‌ى سه‌یرى ده‌كه‌ن،

ئه‌و كاته‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ كوژانه‌وه‌.

 *

له‌ هه‌موو په‌راوێزێكدا،

(تیرۆركردنى) ناوه‌ڕۆك هه‌یه‌.

 *

كێ له‌ به‌فر (ترساوتره‌)

كه‌ خۆى بۆ داپۆشینى گوڵه‌كان ته‌رخان ده‌كا.

 *

له‌ (با) دا،

عه‌تر (تیرۆركردن) و (سه‌لامه‌تى) خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌.

 *

شیعر (دڵنه‌وایى) ده‌داته‌ خه‌یاڵ و

زمان ( ده‌ترسێنێ).

 *

درۆ (تیرۆركردنى) راستگۆییه‌ و

جه‌هلیش (تیرۆركردنى) زانسته‌.

 *

پێم بڵێ (تیرۆرت) چییه‌،

پێت ده‌ڵێم له‌ چى (ده‌ترسى).

 *

ئه‌و جوانییه‌ بناسه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌(تیرۆرى) خۆى،

هیچیتر به‌رهه‌م ناهێنێ.

 *

(ترسى) سروشت،

رێخۆشكه‌ره‌ بۆ (تیرۆرى) خوو.

 *

(ترس)، ئایا چرپاى (تیرۆره‌)؟

 

سه‌رچاوه‌: كتێبى (سه‌رى زمان جه‌سته‌ى بیابان)


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە