dereweybazne.jpg

شیعر لە دەرەوەى بازنەکاندا

ته‌ڵعه‌ت تاهیر

لاى ئێمە زۆر باسى پەخشانە قەسیدە دەکرێت و زۆر بە دەگمەنیش باس لە شێوازى ئەم ژانرە شیعرییە کراوە، بە تایبەتى کە ئەدۆنیس یەکێکە لە رابەرانى بوارەکە و دیارترین کەسیش بووە لە ناساندنى بە شێوەى تییۆرى و پراکتیکى، بە پێى خوێندنەوەو تێگەیشتنى من پەخشانە قەسیدە زۆر دوورە لە پەخشانە شیعر، ئەمە ئەگەر نەڵێم پێچەوانەى یەکترن.

پەخشانە قەسیدە ئەوەیە کە شاعیر لە ناو پانتایى شیعر سوود لە پەخشان وەردەگرێت، هەرچى پەخشانە شیعرە ئەوەیە کە شاعیر لە پانتایى پەخشاندا دەنوسێت و سوود لە شیعر وەردەگرێت، بۆ نمونەى ئەم دوو جۆرەى شیعریش دەبینرێت محەمەد ماغوت پەخشان دەنووسێت و سوود لە شیعر وەردەگرێت، کەچى ئەدۆنیس شیعر دەنووسێت و سوود لە پەخشان وەردەگرێت، بە ڕاى سادەى خۆمیش ئەو شێوازەى ئەدۆنیس لە قازانجى بەرهەم هێنانى شیعرییەتە، چونکە کاتێک ماغوت لە پانتایى پەخشانەوە سوود لە شیعر وەردەگرێت بە روونى دەق بەرەو راستەوخۆیى و قسەى ئاسایى دەبات (هەرچەندە قسەى بەهێز و سەرنجڕاکێشن و بە ئارەزووى خەڵکە)، بەڵام لە ڕووى نرخى شیعرییەتەوە کەمخایەن و تەمەن کورتن (زیاتر لە نووسینى ئۆپۆزسیۆن دەچێت کاتێک لەسەر دیوارەکان دژى دەسەڵات دەنووسن)، بەڵام ئەدۆنیس کاتێک لە ناو شیعردا سوود لە فراوانى پەخشان دەبینێت بۆ مەبەستى ئازادبوونى داڕشتن ئەم کارە دەکات، پەخشان لە شیعرى ئەدۆنیسدا وەک ئاوە بۆ شل کردنەوەى قوڕ، تا دواتر شاعیر بتوانێت وەکو کەستەک لە حەرف و وشە نەڕوانێت و زمان ببێتەوە بەو قوڕە شلەى کە شاعیر/ خالق لە ڕێیەوە دووبارە شتەکان دروست بکاتەوە، تازەگەرى ئەدۆنیس پێش ئەوەى لە مانا بێت، لە فۆرم و تەکنیکى شیعرییە، چونکە خۆى گوتەنى شاعیر هیچ بابەتێکى تازە درووست ناکات (مردن، خۆشەویستى، نیشتمانپەروەرى، هتد....) هەموویان وەک بابەت هەبوون، بەڵام شاعیر جۆرى تازەى گوتن و داڕشتن دەدۆزێتەوە، لێرەوەیە گرنگى زمان و تەکنیکى شیعرى دەردەکەوێت.

گرنگى ئەدۆنیس تەنیا لە بوارى شیعریدا قەتیس نامێنێ، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ کولتور و ئاین، ئەدۆنیس پێى وایە ئاینى ئیسلامى بۆتە مۆتەکەى سەردڵى هەموو شێوەکانى پێشکەوتن و نوێکاری کە بە درێژایى سەدان ساڵ نەتەوەکانى ئەم ناوچەیە ویستویانە بەرجەستەى بکەن، ئاین لە ئیسلامدا لەبەر ئەوەى لە شێوەى دەقێکى نووسراودا بەرجەستە بووە، پێى وایە دەبێت هەرچى دەقى دیکەیە: لە شیعر و لە چیرۆک و لە سەرجەم ژانرە ئەدەبییەکانى تر، پێویستە ببنە شەرحکەرێکى بە وەفاى قورئان، چونکە هەرچى دەقى دواى قورئانە پاشکۆن و خزمەتکارى دەقە ئاسمانیەکەن، ئەمەش بە ڕاى ئەدۆنیس گەورەترین سوکایەتییە بە بەرهەمە ئینسانییەکان، هەرچى هەست و نەستى مرۆڤە ئەگەر پاشکۆى قورئان نەبێت ئەوا ناووناتۆرەى ئامادەى بۆ ئامادە کراوە، ئەدۆنیس پێى وایە هاتنى ئیسلام پێش ئەوەى گورز بێت لە بازرگانەکانى مەککە ئەوا گورز بووە لە شاعیران دراوە، یەکەم کارى ئیسلام دەرکردنى شاعیران بووە لە میانەى رەوانبێژى و حەقبێژى، هەرچەندە وەحى لەڕووى مەعریفییەوە هیچ گرنگییەکى نییە، لەگەڵ ئەوەشدا وەحى بۆ پێغەمبەر بووە و شاعیرانیش وەحیان لێسەندراوەتەوە و ناتۆرەى ئەوەیان بۆ هەڵبەستراوە کە جنۆکە ئیلهامیان بۆ دێنێت، بەمەش هەوڵ ئەوە دراوە کە شاعیران دوژمنى قورئانن و دەبێ تۆبە بکەن بەوەى شیعریان لە خزمەتى شەرحکردنى گەورەیى و راستى قورئاندا تەرخان بکەن، لێرەوە ئەدۆنیس تەسەوف بە لقێکى ئاین حسێب ناکات، پێى وایە متەسەوفەکان لە کۆنکرێتى شەرعەوە ڕایانکردووە و لە دەروازەى تەسەوفەوە ئیرادەى تاکیان لە کۆمەڵى مێگەل ئاسادا گەڕاندۆتەوە، بۆیە خاوەن فیکرە گەورەکانى عەرەب لەو پێناوەدا دەبینرێت چەندینیان بوونەتە قوربانى دەستى پارێزەرانى ناسراو و باوى ئایین، چونکە فیکرى ئیسلامى پێى وایە قورئان کۆتایى نوێترین نویێَە، بەمەش ئیسلام وەستاوە بە وەهمى گۆڕانى هەمیشەیى، کۆنە بە وەهمى نوێگەرى، ناسراوە بە وەهمى دۆزینەوە، باوە بە وەهمى شازبوون، ئاساییە بە وەهمى جیاوازى! تەورێکى زیندووى دیکە لە بۆچوونەکانى ئەدۆنیس سەبارەت بە شیعرى بەرگرییە، ئەو پێى وایە هەموو شیعرێکى جوان بەرگرییە، بەڵام ئەو شیعرانەى گرەو لەسەر شۆڕش و نیشتمانپەروەرى دەکەن و لە خزمەتى دەسەڵاتدا کار دەکەن جۆرە شیعرێکن مەرگیان لەگەل خۆیاندا هەڵگرتووە، تەمەنى ئەم شیعرانە بە قەد تەمەنى ئەو دەسەڵاتەن، لەوێشەوە نمونەى مەحمود دەرویش دەهێنێتەوە کە چۆن ببووە مورادیفى کێشەى فەڵەسینى و هەر رەخنەیەک لە شیعرى مەحمود دەرویش بگیرابا ئەوا راستەوخۆ رەخنە بوو لە کێشەى فەڵەستینى، بەو واتایەى کە جار هەیە شاعیر خۆى دەکاتە بەشێکى جیانەکراوە لە پیرۆزییەکانى وڵات و نەتەوە، واتا شاعیر باشى شیعرەکاى لەم حاڵەتەدا پەیوەندى بە شیعرەوە نییە، هێندەى پەیوەندى بەو خۆشاردنەوانەى شاعیرەوە هەیە لە پەنا پیرۆزییەکانى خەڵکەوە، 

لە ڕاستیشدا بە خوێندنەوەى خوێنەران و رەخنەگرانیش مەحمود دەروێش لەو ساتەوە بووە شاعیرێکى ناوازە کاتێک لە کۆتاییەکانى ژیانیدا ڕایگەیاند کە (کێشەى فەڵەستینى گرفتێکى شیعریى نەماوە)، شیعرى بەرگرى شیعرێکى گرنگە بۆ هێزەکانى بەرگرى، بەڵام لە مێژووى شیعردا گرنگییەکى ئەوتۆى نییە. ئەدۆنیس زیاتر لە جارێک پرسیارى کردووە کە دەکرێ : ناوى شیعرێکى شۆڕشمان بۆ بڵێن لە مێژوودا نەمر بووبێت ؟


ئەم بابەتە 111 جار خوێندراوەتەوە