لهیهكهم رۆژى هەفتەی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی له شارى سلێمانى له رۆژى 25/3/2021، د. ابتسام اسماعیل سەرۆکی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ وتارێكى پێشكهش كرد.
دهقى وتارى د. ابتسام اسماعیل سەرۆکی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ
ئامادەبووانی بەڕێز ....ئەم کاتەتان باش .....ســلاوتان لێبێت....
پێشەکی بەناوی خۆم و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژەوە دەمەوێ پیرۆزبایی ئەم هەفتەی ڕۆشنبیرییەتان لێ بکــەم...لە شارەکەم....شاری شاران ...پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمـی کوردستان...شاری ئەدەب...شاری هەڵمەت و قوربانی...سلێمانی.
بەڕێزان...
لای هەمووان ئاشکـرایە کە بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ هەر لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بووە پەیامی مەعریفی و ڕووناکبیریی لە سەرجەم بوارەکانی داهێناندا پەخش بکات و لە پێناو بەدیهێنانی خۆری ئازادیی چەپکە گوڵی سەرکەوتن بچنێتەوە.
لەماوەی (٢٣)ساڵی ڕابردوودا وێڕای تەنگەژە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای ئەو هەموو هەوراز و نشێوە ژیارییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵمان بۆتەوە ڤیستیڤاڵـی گەلاوێژ نەوەستا و خۆڕاگرانە لەسەکۆی ئەم ڤیستیڤاڵەوە دەیان و بگـرە سەدان خامە و بەهرەی گەنجانە و دوورە دەست ، توانا ئەدەبییەکانی خۆیانیان سەلماند و بوونە ناوی دیار و درەوشاوە لە ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردییمــان تەنها بۆ میللەتی کورد نا ...بەڵکـو دەنگی سەدان پێنووسی تر بووە لە فارس و تورک و عەرەب و ئەرمەن و فەڕەنسییەکان.
ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ بەوە نەوەستاوە و پەلی هاوێشتووە بۆ سازدان لەشارەکانی تری عێراق وەک بەغداد و بەصرە و نەجەف تا دەگاتە ئەڵمانیا و فەرەنسا، وە چەندین میوانی بیانی و عەرەب و کورد ڕوویان تێکردووە کە بەداخەوە هەندێکیان ئەمـڕۆ جێیان هێشتووین لەو ناوانەش شاعیری گەورە (ئەدۆنیس) کە میوانی یەکێک لەو کەرنەڤاڵانەمان بووە و زۆری تر کە هەموویان جێگەی ڕێز و ستایشی ئێمەن.
هەروەها ناوی چەندین کەسایەتی مەزنی تر دراوە بە خولەکان و پانێڵەکان ...کە ئەمەش وەفاو بە ئەمەکی ئێمەیە بۆ ئەوان و کەمترین شتە کە بکرێت بۆیان ڕێزی ناوە لەو کەسانەی کە هەمیشە ڕۆڵی مەزنیان هەبووە لە بزاڤی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی بە گشتی و دۆستایەتی لەگەڵ گەلی کورد بە تایبەتی.
بەڕێزان...
بنکەکەمان چەندین ساڵ گۆڤاری تایبەتی (گەلاوێژی نوێ)مان دەرکردووە و چەندین کتێب چاپکـراون بەناوی گەلاوێژەوە.
خۆشبەختانە لێرەوە ئاشکــرای دەکەین کە جارێکی تر گۆڤارەکەمان لە ڤیستیڤاڵی ئەمساڵدا دەردەچێتەوە بە شێوەیەکی وەرزیی و بە بابەتی پەسەند و کوالێتی و دیزاینی نوێوە.
بەباشی دەزانین لێرەوە داوا لە سەرجەم قەڵەمەکان بکەین کە ئەم گۆڤـارە بە گۆڤاری خۆیان بزانن و بەشدار ببن لە بەرز ڕاگرتنیدا.
لە ڤیستیڤاڵـی ئەمجارەی گەلاوێژ کە ژمارە (٢٤)وەردەگرێ وەک و ئەوانی پێشووی تری ئەوپەڕی ڕەهابوون و بێ سانسۆری لەناو تێکستەکان ڕێگەی پێدراوە و بەوپەڕی ڕێزەوە لای ئێمەش سەیر دەکرێت.
بەڕێزان...
گەشەکردنی هەر میللەتێک...لە شارستانیەت و ژیارییدا دەردەکەوێ بۆیە ئێمەی کورد هەمیشە شانازی بە شاعیران و مێژوونووسانمان دەکەین ...خاکێک کە نالی و مەولەوی و مەحوی و گۆران و بێکەسی هەبێت هەر دەبێت سەری ڕم و ڕچە شکێن و پێشەنگی ئاوەدانی هزر و وشە بێت...ئێمە بڕوای تەواومان بە ئازادی و دیموکراسی هەیە بۆیە هەرگیز ڕێگە بە پاوان خوازی و مۆنۆپۆلی نادەین.
ساڵی پار سەرەڕای بوونی پەتای نەگریسی کۆرۆنا بەڵام تیمی بنکەمان زۆر لەخۆبوردووانە قۆڵیان لێ هەڵکرد و ڤیستیڤاڵــیان بەڕێکــرد بە شێوازی (ئۆنلاین).
دەمەوێ بڵێم دەسکەوتی وەدەستهێنانی نازناوی شاری ئەدەب لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە بۆ سلێمانی کە بنکەکەمان پایەیەک بووە لە پایەکانی تاجێکـی زێڕینە کە دەبێت بیپارێزین و بەردەوام لە کاری جدیدا بین بۆی و بەردەوامی بە شکـۆی بدەین.
ئەمەش بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆی هەمووماندایە ئەم بەردەوامییەش لە بەردەوامی کاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و مەعریفی و هونەریدا خۆی دەبینێتەوە.
سلێمانی بە بارتەقای چیاکانی ئەدیب و مێژوونووس و ڕووناکبیری لە هەناودایە و بە میهر و سۆزی گۆشیی کردوون.
چەندین ناوی دیار و ئەستێرەی گەشاوە هەڵکشان و نیشتنەوە و بەرگرییان کـرد لە سەروەرییەکانی کورد.
ئێمـە وەک بنکەی گەلاوێژ ، بەڵێنتان دەدەینێ کە ناوەستین و بەردەوام دەبین و ئاسۆی گەشمان لێ دیارە...کە ئەم شارە (ڕۆژێک دێت)ببێتە یەکێک لە هەرە گرنگترین شارەکانی دونیا لەڕووی مەعریفییەوە.
لە کۆتاییدا هیوادارم هەموو ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەڵای سەردەم تێپەڕێنین و هەموومان پارێزگاری لەم شارە و لە میللەتی کورد بکەین بە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی .
سوپاس جارێکی تر بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریی کە ئەم هەفتەیەی سازکرد دروود بۆ ڕۆحی شەهیدانی قەڵەم و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.