Nihad.jpg

کۆچی سواڤۆمیر مرۆژێک، مۆتیڤێک بۆ شکستی خەون

نیهاد جامی

پەیوەندی خەون بە شوێن، بینینی شوێنە وەک دۆزەخێک، وێناکردنی نادیاری شوێنی دووەمە وەک بەهەشتێک، ئەو وێناکردنە وا دەکات مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە لەشوێنی خۆی ڕابکات، چونکە بڕوای وایە ئەو شوێنەی تر کە لەخەیاڵدایە، فانتازیاکانی دەبنە وێنەیەکی ڕاستەقینە، بۆیە بەرەو ڕووی فانتازیاکانی دەڕوات، کاتێک شوێن ڕووە فانتازیاکەی دەدۆڕێنێت، تێدەگەین ئەوە زهنی ئێمە بوو ئەو وێنە بارگاویکراوەی بەشوێن بەخشیبوو، دەنا جوانیەک لەو مانایەدا بوونی نیە، ئەو کاتە ئەوە تەنیا خەون نیە شکست دێنێت، بەڵکو ڕووبەروو بوونەوەی مرۆڤە لەگەل نائومێدی، لێرەوە پرسیارکردن لەشوێن، دەبێت بە نائومێدبوونی مرۆڤ لەگەڵ دنیا.

شانۆنووسی پۆڵەندی سواڤۆمیر مرۆژێک لەڕێی تێکستێکی شانۆییەوە بەناوی (کۆچبەران) دەیەوێت وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەو دیوی فانتازیا بەرجەستە بکات، ئەو وێنەییە کەسی کۆچبەر خۆی لێ دەدزێتەوە و نایەوێت بیبینێت، ئەوەش وابەستە نیە بە ئاستی کولتوورییەوە، بەلکو ئەوە پرسیاری ئەخلاقی مرۆڤە لەنێوان دوو شوێندا، سەرەنجام کۆچبەر ڕووبەرووی دەبێتەوە، ئەوە دەبێتە تێکستێک بۆ یادەوەریی ئەزموونی  کۆچ، ئەزموونێک ئەو بەشەی ناگێڕدرێتەوە، ئەوا نووسەری ئەو شانۆنامەیە دێت یادەوەری لەبیرکراو، دەکات بە حەقیقەتی مرۆڤی کۆچبەر.

هەڵبەت پێویستە ئەو ڕاستیە بیر خۆمان نەبەینەوە کەوا ئەو شانۆنامەیە بۆ سواڤۆمیر مرۆژێک وەک بەشێک لەئەزموونی تایبەتی خۆی سەرچاوەی گرتووە، کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم ئەو دەمەی وەک پەناهەندەیەک بەرەو فەڕەنسا ڕۆیشت و ئەزموونی ژیانی وەک کۆچبەرێک دەست پێکرد، لەوێوە سەفەری ئەو بەدنیادا دەستی پێکرد، وەک چۆن ئەو ئەزموونەی تیای دەژیێت، دەبێتە ڕووبەری ژیان لەرێی دوو کارەکتەری ئەو شانۆنامەیە.

دوو مرۆڤ لەڕاستیدا وەک ڕووی دیار ونادیاری مرۆڤی کۆچبەر دەردەکەون، بۆیە هەمیشە کۆمەکی یەکتری دەکەن تا ڕووداوەکان بەرەو لووتکە بەرن، بۆیە کارەکتەرەکان بە پیت ئاماژەیان بۆ دەکرێت و ناوێکیان نیە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە شوناسێک بە کارەکتەر نەبەخشرێت، هێندەی ئەوان هەڵگری ئازاری مرۆڤی کۆچبەرن، کە شوێن بریتیە لەو ژوورەی ئەو دوو مرۆڤە تیایدا دەژین، کەل و پەلی هەرە سادە، رووداوەکان لەشەوێکی سەری ساڵ ڕوو دەدەن، ئەو کاتەی مرۆڤەکان یادی ئەو جەژنە دەکەنەوە، ئەو دوو کارەکتەرەش هەریەکە بەشێوەی جیاواز دەیەوێت بچێت بەشداری بکات، بەڵام سەرەنجام هەر کەو ژوورە دەمێننەوە.

Kochbaran

مانەوە لەشوێن وا دەکات کێشەی ئەوان لەناو دەیالۆگ بمێنێتەوە، کێشەیەک وابەستەی گرفتەکانی مرۆڤی کۆچبەرە، ئەو دوو مرۆڤە لەبنەرەتدا سەر بە دوو چینی جیاوازی کۆمەڵایەتین، بەڵام لەبنەرەتدا گوزارشت لەیەک گوتاری دەست نیشان کراو دەکەن، ئەویش قسەکردنە لەمرۆڤی کۆچبەر، ئەگەر کارەکتەرێک دەبینین نوێنەرایەتی چینی ڕۆشنبیر دەکات، کتێب وەک ئاماژەیەکی ڕۆشنبیری پەیوەندی ئەوە بە دنیاوە، ئەوا کارەکتەرەکەیتر بێ ئاگایە لەو دنیایە و کێشەی ڕۆشنبیرو خوێندنەوەی نیە، وەک هەزارەها کۆچبەر دەیەوێت کار بکات و پارەی دەست بکەوێت و بگەڕێتەوە نیشتیمان، واتە مرۆڤێکە خەونی ژیان هێناویەتی، بەپێچەوانەی کارەکتەرەکەیتر ترس لەمردن کردوویەتی بە کۆچبەر، لێرەوە ململانێی نێوان ژیان و مردن نیە، هێندەی کۆچ بیانوویەکە بۆ ڕزگار بوونی مرۆڤ لەوەی تیایدا دەژیێت.

ئەو شانۆنامەیەی مرۆژەک کە لەساڵی ١٩٧٤ نووسراوە، لەو کاتەوە چەندین دەرهێنەری پۆلەندی کاریان تیا کردووە، دیارترینیان کە جێی سەرنجی ڕامان و وتاری ڕەخنەی شانۆی پۆڵەندی بووبێت، دەرهێنانەکەی ئاندژێی ڤایدا بووە، بەڵام کاتێک لەساڵی ١٩٩٥ دەرهێنەر کازیمیێژ کۆتز ئەو شانۆنامەیە دەردەهێنێت، دەیەوێت وێنەیەکی نائومێدی ئەو دیوی کارەکتەرەکان بەرجەستە بکات، وێنەی مرۆڤ وەک کەسێکی خەون بین ونائومێد بەرجەستە بکات، خەون و نائومێدی دەبنە دوالیزمی پەیوەندی کارەکتەر لەشوێندا، مۆتیڤێکی وێنەیی دەخوڵقێنن، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە بتوانن جیاوازی هۆشیاری مرۆڤەکان لا ببردرێت، ئەگەر کتێب دەلالەت لەئاستی رۆشنبیر یەکێکیان بکات، ئەوا بووکەشووشەی سەگێک گوزارشت لەپاکیزەیی ئەویتر دەکات، بەڵام سەرەنجام تێدەگەین، ئەوە پاکیزەیی نیە، بەڵکو ئەو پارە تاک کاغەزیانەن کە تیای شاردۆتەوە، بۆیە سەرەنجام لەبێئومێدی خەونەکەی دەیەوێت خۆی بکوژێت، کارەکتەرەکەیتر ڕاستە دەتوانێت ڕێگا لەخۆکوژیەکەی بگرێت، بەڵام کاتێک ئەویتر دوای هەوڵەکەی دەخەوێت و ژوورەکە پڕ دەکات لەدەنگی پرخە پرخی خەوەکەی، ئەویتریش وەک ئەو دەچێتە سەر نوێنەکەی خۆی تا بخەوێت، بەڵام هەست بەدۆڕانی خەونی خۆی دەکات وەک کۆچبەر بۆیە دەنگی گریانی تێکەڵی پرخەی هاوڕێکەی دەبێت، مۆتیڤە وێنەییەکەی کۆچبەر بەم شێوەیە دەبەنە قوڵایی شانۆ.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە