The_Prestige.jpg

جارێکیتر کریستۆفەر نۆلان

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمی The Prestige فیلمێکی سایکۆلۆجیی هەستبزوێنە، لە دەرهێنانی کریستۆڤەر نۆلان  و، نووسینی کریستۆڤەر نۆلان و جۆناسان نۆلانی برایەتی بە هاوبەشی. فیلمەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاو کراوەتەوە و لە ڕۆمانێکەوە وەرگیراوە بە هەمان ناو کە ساڵی ١٩٩٥ چاپ و بڵاو کراوەتەوە ، ڕۆمانەکە لە نووسینی کریستۆڤەر پریستە و باس لە دوو جادووبازی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە دەکات بە ناوەکانی ڕۆبەرت ئەنگیەر و، ئەلفرێد بۆردن لە شاری لەندەن.

چیرۆکی فیلمەکە:

لە ساڵی ١٨٩٠دا لە لەندەن ڕۆبەرت و ئەلفرێد کاری جادووبازییان دەکرد لەگەڵ ئەندازیارێک بە ناوی جۆن کەتەر کە دیزاینی ستەیجەکەی بۆ دەکردن. لە کاتی نماییش کردنی فێڵی بەرمیلە ئاوەکەدا، جولیای هاوسەری ڕۆبەرت شکست دەهێنێت لەوەی خۆی بکاتەوە و لە ئاوەکە بێتە دەرەوە، دەخنکێت. ڕۆبەرت کە هاوسەری جولیایە ئەلفرێد تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی گوریسێکی قاییمتر بوەتە هۆی مردنی ژنەکەی و سەرکێشیی بە ژیانی جولیاوە کردووە. کاتێکیش ڕۆبەرت لە ئەلفرێد دەپرسێت کامە گوریسی بەکار هێناوە، ئەلفرێد بە نازانم وەڵامی دەداتەوە، هەر بەو هۆیەوە هەردوو چادووباز دەبنە دوژمنی یەک.

ڕۆبەرت وئەلفرێد کارەکانیان جیا دەکەنەوە و لەوە بە دوا هەر کەسە و لە شوێنێکی جیا کار دەکەن، ڕۆبەرت بەردەوام دەبێ لە کار کردن لەگەڵ جۆن کەتەر و، ئەلفرێدیش دەڕوا کار لەگەڵ ئەندازیارێکی نوێ دەکات بە ناوی فاڵۆن. ڕۆبەرت یەکێک لە فێڵەکانی ئەلفرێد پوچەڵ دەکاتەوە بەوەی کاتێک ئەلفرێد لە خەودایە، دەچێت فیشەکی ڕاستەقینە دەخاتە نێو دەمانچەکەیەوە و بەمەش ئەلفرێد دوو پەنجەی خۆی لەدەست دەدات. ئەلفرێدیش فێڵی ون کردنی باڵندەکەی ڕۆبەرت پوچەڵ دەکاتەوە لەسەر ستەیج بەوەی کە باڵندەکەی دەکوژێت و خۆبەخشێکیش لە جەماوەرەکە بریندار دەبێت.

The Prestige1

ئەلفرێد فێڵێکی نوێ دەدۆزێتەوە، ناوی دەنێت 'پیاوی گوازراوە' کە تێیدا پیاوێک دەچێتە نێو دۆڵابێکەوە لە لایەکی ستەیجەکە و لە لاکەیتری ستەیجەکە لە نێو دۆڵابێکیترەوە دێتەوە دەرەوە.  ڕۆبەرت ناتوانێ ئەم فێڵە نوێیەی ئەلفرێد ئاشکرا بکات هەر بۆیە بڕیار دەدات بە شێوازی خۆی هەمان فێڵ بەکار بهێنێت. دوو کەسی تەواو هاوشێوە بەکرێ دەگرێت بۆ ئەم کارە، لاسایی کردنەوەی فێڵەکەی ئەلفرێت سەرکەوتنێکی زیاتر بەدەست دەهێنێت لەوەی خودی ئەلفرێد خۆی بەڵام ڕۆبەرت بەمەوە ناوەستێ و هەوڵ دەدات لەگەڵ ئۆلیڤیای یاریدەدەریداسیخوڕی بەسەر ئەلفرێدەوە بکات و نهێنیی فێلی 'پیاوی گوازراوە' ئاشکرا بکات. دواتر ئۆلیڤیا دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی ئەلفرێدەوە و لە ڕۆبەرت هەڵەگەڕێتەوە،  دەبێتە یاریدەدەری ئەلفرێد. دوای ئەوەی کە ئۆلیڤیا و ڕۆبەرت ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە، ڕۆبەرت وا لە ئۆلیڤیا دەکات کۆپییەکی دەفتەری فێڵەکانی ئەلفرێد بداتێ. دەفتەرەکە ڕۆبەرت دەگەیەنێتە ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی نیکۆلا تێسلا کە ڕۆبەرت پێی وایە تێسلا ئەو کەسەیە کە ئامێرەکەی بۆ ئەلفرێد دروست کردووە، دواتر ڕۆبەرت گومان دەکات دەفتەرەکە لە ڕاستیدا ساختە بێت و بۆ سەر لێ شێواندنی ئەو درووست کرابێت. تێسلا ئامێرێک بۆ ڕۆبەرت دروست دەکات بەڵام، لەجیاتیی گواستنەوەی ئۆبجێکت، ئەم ئامێرە نوێیە هەر ئۆبجێکتێکی تێ بکرێت دەیکات بە دوو بە ماوەیەکی زۆر کورت. تێسلا سەفەرێکی زۆر بە پەلەی لە پێش دەبێت هەر بۆیە دەڕوات بەڵەم، ئامێرەکە پێش وەخت گەیشتووە بە دەست ڕۆبەرت، تێسلا ئامۆژگاریی ڕۆبەرت دەکات کە لەناوی بەرێت چونکە تەنها نەهامەتی و بەختی خراپی بۆ دەهێنێت.

هاوسەری ئەلفرێد بە ناوی سارا خۆی دەکوژێت بەهۆی ئەو کەسایەتییە دژ یەک و سەیرەی ئەلفرێدەوە کە هەرگیز لێی تێنەدەگەیشت.

ئەلفرێد دواتر بە ئۆلیڤیا دەڵێت کە هیچکات سارای خۆش نەویستووە و ئۆلیڤیای خۆشدەوێت، دواتر ئۆلیڤیا زۆر بێزار دەبێ لە ناکۆکییە بەردەوامەکانی ڕۆبەرت و ئەلفرێد، بڕیار دەدات ئەو شوێنە جێ بهێڵێت و بڕوات.

ڕۆبەرت لە لەندەن نماییشی پیاوی گوازرەوە دەکات بە بەکارهێنانی ئامێرەکەی کە تێسلا بۆی دروست کردبوو، لە کاتی نماییشدا ئەلفرێد بە نهێنی هەوڵ دەدات بچێتە پشت شانۆکەوە، لەوێ دەبێتە گەواهیدەری مردنی ڕۆبەرت، کاتێک دەبینێ ڕۆبەرت دەکەوێتە تەڵەیەکەوە و لە نێو تەنکییەک ئاودا دەخنکێت. لەو کاتەدا پۆلیس دێت و ئەلفرێد بە تۆمەتی کوشتنی ڕۆبەرت دەگرن، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.

کاتێک هێشتا لە زینداندایە ڕۆبەرت دوبارە دەردەکەوێتەوە و دێت بۆ سەردانی ئەلفرێد لە زیندان، جێس کە کچی ئەلفرێدە لەگەڵ ڕۆبەرتدایە، ئەلفرێد داوای لێدەکات واز لە کچەکەی بهێنێت، لە بەرامبەردا هەموو فێڵەکانی خۆیی پێ دەدات بەڵام ڕۆبەرت بەمە ڕازی نابێ و لەگەڵ جێسدا دەڕوات.

پۆلیسەکان بەوە دەزانن کە ڕۆبەرت نەمردووە بەڵام لەپێناو ئاشکرا کردن و لەناوبردنی ئامێرەکەی تێسلادا، هەر سزای لەسێدارەدانەکە لانابەن و ئەلفرێد بە تاوانی کوشتنی ڕۆبەرت لەسێدارە دەدرێت.

 ڕۆبەرت دەگەڕێتەوە سەر شانۆ و، کەسێکی نەناسراو دێت و، فیشەکێک دەنێ بە ڕۆبەرتەوە، دواتر دەردەکەوێت کە ئەلفرێدە، لە کۆتاییدا رۆبەرت بۆی دەردەکەوێت کە لە ڕاستیدا ئەلفرێد لە ڕاستیدا کۆپی کراوێکە لە دوانەیەکی تەواو لەیەکچوو. ئەوەی نماییشی پیاوی گوازراوەی دەکرد و سارای خۆشدەویست دوانەکە بوو، ئەوەش کە ئۆلیڤیای خۆش دەویست کۆپییەکە بوو.

هەر جارێکیش ڕۆبەرت ئامێرەکەی تێسلای بەکار بهێنایە بۆ نماییشی پیاوی گوازراوە، دەبوایە ڕۆبەرتی ڕاستی لە پشت شانۆکەوە بخنکایە و بمردایە بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئامێرەکەوە رؤبەرتێکی نوێ کۆپی ببێت.

ئەلفرێد دەمرێ و چراکەی لەدەست دەکەوێ، هەموو شانۆکە گڕدەگرێ و دەسوتێ، ڕۆبەرت ڕادەکا و، جێس ڕزگار دەکات.

 The Prestige2

دەربارەی کریستۆفەر نۆلان

  كریستۆفەر ئێدوارد نۆڵان، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەم ھێنەری بەریتانی-ئەمێریكیی؛ لە ٣٠ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٠ لە باوكێكی بەریتانی و دایكێكی ئەمێریكی لە لەندەن لەدایكبووە، لەگەڵ "ئێما تۆماس"دا ھاوسەرگیری دەكات كە لە سەرجەم فیلمەكانی دەرھێنەرەكەدا كاری بەرھەم ھێنانی كردووە و خاوەنی چوار منداڵن. بەردەوام لەگەڵ خانەوادەكەیدا لە نێوان "شیكاگۆ" و "لەندەن"دا ھاتووچۆیان بووە، لە "كۆلێژی لەندەن" ئەدەبی ئینگلیزی و لە "خوێندنگەی كۆمەڵەی فیلم" خوێندنی فیلمی تەواو كردووە، ھەر لە منداڵییەوە ئارەزوویەكی زۆری بۆ فیلم و سینەما ھەبووە و یەكەم كورتە فیلمی خۆی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بەرھەم دەھێنێت.

کریستۆفەر نۆڵان لەو فیلمسازانەیە كە فیلمەكانی بەئاسانی واتا بەدەستەوە نادەن و مێشكی بینەر پڕ دەكەن لە ژاوەژاو و هیلاکی ، فیلمەكانی ئاڵۆز و پڕ بیرکردنەوە و تیۆری زانستی قووڵ و چیرۆکی نائاسایین و تیایاندا سوریالیانە دەربارە بابەتەکان بیردەکاتەوە و مامەڵە دەکات. پیاو لە فیلمەكانی نۆڵاندا وەكو قارەمانێك ڕۆڵ دەگێڕێت كە ھەوڵ دەدات بەسەر ڕابردوویدا زاڵ بێت و لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی ڕۆژگاری ئەمڕۆیدا خۆی بگونجێنێت، ئافرەتەكانیش كەسانی ڕۆمانسی و پاڵەوان و دەروون نەخۆشن. پاش تەواوكردنی ئەدەبی ئینگلیزی لە كۆلێژی لەندەن؛ بە فیلمی (Following-1998) دەست بە كاری فیلمسازی دەكات، پاشان (Memento-2000) بەرھەم دەھێنێت و دەبێتە براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین سیناریۆ، پاشان بە بەرھەم ھێنانی فیلمی (Insomania-2002) لە بەرھەم ھێنانی فیلمی سەربەخۆوە ھەنگاو دەنێتە بەرھەم ھێنانی فیلم لە ستۆدیۆكاندا و تریۆلۆجی (The Dark Knight/ 2005-2012) دەخاتە سەر شاشەی سینەماكان، پاشان (Prestige -2006) و بەدوایدا (Inception-2010) بەرھەم دەھێنێت كە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسكار بوو بۆ باشترین سیناریۆ و وێنەگرتن، پاشان ساڵی ٢٠١٤ فیلمی (Intersteller) بەرھەم دەھێنێت كە براوەی خەڵاتی (Saturn) بوو بۆ باشترین فیلمی زانستی خەیاڵی، و ساڵی ٢٠١٧ش (Dunkirk) دەخاتە سەر شاشەی سینەماكان كە بەھۆیەوە بۆ یەكەمجار براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بوو بۆ باشترین دەرھێنەر. لە فیلمەكانیدا "جۆناثان نۆڵان"ی برای لە نووسینی سیناریۆدا یارمەتی داوە و "ئێما"ی ھاوژینیشی كاری بەرھەم ھێنەریی بۆ كردووە، فیلمەكانی نۆڵان لە ئێپیستۆمۆلۆژی و مێتافیزیاییەوە ڕەگیان داكوتیووە و ھەمیشە لە پاڵ ئاڵۆزترین فیلمەكاندا ناوی دەھێنرێت، براوەی چەندین خەڵاتی ئەكادیمییە و ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٩ وەكو یەكێك لە ١٠٠ كاریگەرترین مرۆڤی جیھان ناوی ھێنراوە، فیلمەكانی زیاتر لە ٣٤ جار بۆ خەڵاتی ئۆسكار پاڵێوراون و ١٠ جار براوە بووە. دواین فیلمیشی لەم ساڵدا ٢٠٢٠ خرایە سەر شاشەی سینەماكان و چاوەڕێ دەكرێت سەركەوتنێكی بەرچاو بەدوای خۆیدا بھێنێت.

 لە کۆتا فیلمیدا tenet لەسەر زاری کارەکتەرێکییەوە دەڵێت:  ئێمە لەلایەن داهاتووەوە هێرشمان دەکرێتە سەر.

ئەم ڕستە قوڵ و ئێجگار پێشبینی کەرانە، کە زۆر جار و لە زۆر شوێنی فیلمەکانی نۆلاندا وەک بۆمب لە دیمەنێکدا تووشی بیرکردنەوە و ڕاچڵەکینمان دەکات. پێمان دەڵێت کە هەموو ئەو شتانەی ڕودەدەن لە برسێتی و جەنگ و دڵڕەقی و کوشتن و بریندار کردن، ئامادەکردنی سایکۆلۆجی و جەستەیی ئێمەیە بۆ مردن و جەنگێکیی ئەبەدی کۆتایی هێنەرانە کە دەکرێت درێژکراوەی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بێت.

 


ئەم بابەتە 71 جار خوێندراوەتەوە