Shwan.jpg

............................

شوان سەعید

کە باخچەکەیان تێکدا،

بلۆکێک بەر سێبەرەکەمان کەوت و ئەوینمان

بە سەختی بریندار بوو.

کە گۆڕەپانەکەیان کرد بە سوپەرمارکێت

لەژێر تایەی شۆفڵەکاندا،

هەزاران یادگاری من و تۆ خوێنیان پڕژا.

کە وێستگەی پاسەکانیان کرد بە ئەپارتمان

لەناو داروپەردووی دووکانە کۆن و بەردینەکاندا

هەزاران نیگای ئێمە بەجێمان.

کەدیواری قوتابخانەکەیان بۆیە کردەوە،

تەرمی سەد نامەی من و تۆ بەسەر دیوارەکانەوە نێژران.

کە بازاڕی باڵندەفرۆشەکانیان گواستەوە،

لەناو گمەی کۆترەکاندا بۆ دەنگی گریانی خۆمان گەڕاین.

کاتێک جلشۆر کەوتە  بازاڕەوە و تەنافەکانیان

پێچایەوە،

شنەبایەک لەسەربان، بەدوای قەمیسێکی

سپی من و

تەنورەیەکی شینی تۆدا گەڕا و نەیدۆزیەوە.

کە جۆلانەکانیان، لە کارگەی ئاسندا تواندەوە،

یەکەمین جار جێگەی دەستی من و تۆ

سوور هەڵگەڕا و

دڵۆپ دڵۆپ بەسەر شانی ئاگردا گریا و

توایەوە و دڵی بۆ ڕۆژانی جەژن تەنگبوو.

هەتا سەربانی ماڵەکان داربوون،

هەموو شەوێک بە گۆشەیەکی ئاسمانەوە

ئەستێرەکەی تۆم دەناسیەوە.

هەتا ئامێری بەفرگرەکان پڕ نەکرابوون

لە ئاسکرێم،

هەموو ڕۆژێک بە ئاسانی دەمتوانی لەپشتی

تەپەدۆری چلورەکانەوە، ڕەنگی چاوت

بدۆزمەوە.

کە تۆڕی کۆمەڵایەتی هاتە ناو گیرفانمانەوە،

من واژوویەکی خواروخێچ بووم لەناو نامەیەکی کۆنی تۆدا،

تۆ شووشە عەترێکی شکاو بووی لەناو جانتای

سەفەرێکی دوورودرێژی مندا.

دونیا بە هەزار جۆر گۆڕا، نیلوفەر

بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە،

تەنها شتێک لەمندا نەگۆڕا، خۆشەویستی و

بیرکردنی تۆ بوو.


ئەم بابەتە 84 جار خوێندراوەتەوە