Adonis.jpg

ژووانێكی دیكه‌ت هه‌یه‌ بۆى بڕۆیت ئه‌ى خانمى عاشق؟

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

 

1

به‌رده‌وامه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى دووباره‌ى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شاعیرى سه‌رده‌مه‌، به‌وه‌نده‌ واز ناهێنێ زمان ئه‌شكه‌نجه‌ بدا: به‌ بزمارى زۆربڵێیى له‌ مه‌مكه‌نانییه‌وه‌ هه‌ڵیواسێ. به‌ڵكو پێى خۆشه‌ هه‌وایش ئه‌شكه‌نجه‌ بدا.

كۆچبكه‌، كۆچكه‌: ئه‌ى ئه‌بجه‌دییه‌ت.

 

2

ئه‌و ژنه‌ى خۆشیده‌وێ كردییه‌ ئه‌یقونه‌یه‌ك، به‌ خه‌یاڵى خۆى گوت:

ڕه‌نگیكه‌.

دواتر به‌ ده‌ست و پێى گوت، ببه‌ چوارچێوه‌.

 

3

له‌ پاڵ مردندا ده‌ژیم:

عه‌قڵم باوه‌ڕى كردووه‌

به‌ڵام، چۆن باوه‌ڕ به‌ جه‌سته‌م بێنم؟

 

4

نینۆنه‌كه‌ درێژه‌كانتم خۆشناوێ، ئه‌ى خۆر.

 

5

ئاسۆ، ئه‌مڕۆ:

به‌ هه‌تاو سه‌رخۆشه‌.

 

6

خوێنى قافیه‌ له‌به‌ر ده‌رگاى شیعر ڕژاوه‌، -

هه‌سته‌وه‌،

ئه‌سپه‌كانت ئاماده‌كه‌ ئه‌ى زمان.

 

7

دیجله‌ خه‌ڵك ده‌نێژێ،

فوراتیش ماڵئاوایى له‌ براده‌ره‌كانى ده‌كا:

لمیش له‌ نێوانیاندا چه‌نه‌بازى ده‌كا.

 

8

مه‌ترسه‌

ته‌نیا له‌و وشانه‌ نه‌بێ كه‌ ده‌ترسن.

 

9

فه‌رمانیان به‌ هه‌وا ده‌كرد، كڵاو له‌سه‌ر بكا.

فه‌رمانیان به‌ چۆله‌كه‌ ده‌كرد، ته‌قه‌ بكا.

 

10

تێتده‌گه‌م ئه‌ى شكست:

هیچ شتێك نییه‌ وا بكات سه‌ركه‌وتن خۆشه‌ویست بێ.

 

11

هه‌ناسه‌كانم

خۆیان زیندانییان كردووم.

 

12

كێ ده‌توانێ نكۆڵى له‌ خۆشه‌ویستى گه‌رمى تا مردن بكات:

له‌ نێوان ئاو و ئاگر؟

 

13

له‌ نزیك چرپاكه‌یدا بوكه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه‌:

خه‌ریكه‌ غیره‌ى لێده‌كا.

 

14

مێژوویێكه‌،

جه‌لادێكه‌ له‌ كۆشكى زه‌مه‌ندا.

 

15

چونكه‌ سێو هێشتا هه‌ر به‌رده‌بێته‌وه‌،

پێویسته‌ وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ حه‌وا

باوه‌ڕمان به‌ هه‌ڵكشان هه‌بێ.

 

16

ئاو، مافى ئه‌وه‌ى نییه‌

بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى.

 

17

نه‌خێر،

په‌له‌ مه‌كه‌ ئه‌ى به‌خته‌وه‌رى،

ئه‌وه‌ى داوام كردووه‌، پێم مه‌به‌خشه‌.

 

18

جوانترین شت بۆ دوو عاشق ئه‌وه‌یه‌

به‌ ره‌شنووس بمێننه‌وه‌ بۆ قه‌سیده‌یه‌كى ئه‌وین.

 

19

كه‌شتیێكم هه‌یه‌ له‌ ده‌ریاى خه‌ون،

ماڵێكى گه‌ڕۆكیش له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانى.

 

20

ئه‌و خونچانه‌ یه‌كسانخواز نین:

بۆچى مافى ئه‌وه‌م پێناده‌ن

ململانێ له‌گه‌ڵ په‌پووله‌ و هه‌نگدا بكه‌م

له‌سه‌ر شیله‌كه‌ى؟

 

21

ئه‌ستێره‌كان –

له‌ناو ماڵه‌كانیاندا ده‌ژین،

نه‌ ژوانیان هه‌یه‌، نه‌ یه‌كتر بینین.

 

22

دڵنه‌وایى دۆخى سروشته‌،

نیگه‌رانییش دۆخى گه‌ردون.

 

23

روخسارت كه‌ناره‌ بۆ شه‌پۆله‌كانى خه‌مت،

چاوه‌كانیشت به‌نده‌رن.

 

24

ماڵئاوا له‌ پێكه‌كانى مه‌یخانه‌ى ئێستادا:

دوارۆژ شه‌رابه‌كانى پێده‌گه‌یه‌نێ.

 

25

سه‌ره‌ڕۆ، مانگ له‌ نێوچه‌وانیدایه‌،

ئه‌ستێره‌یش له‌ پێیه‌كانى.

 

26

به‌ختێك،

هه‌میشه‌ له‌سه‌ر لێوارى ئه‌وه‌یه‌ بمگرێ.

به‌ڵام ئه‌ى به‌خت،

له‌ توانامدایه‌ چى بكه‌م

كه‌ سامان خۆى خودى هه‌ژارییه‌ و

تێربوونیش خودى برسێتییه‌؟

 

27

بۆچى، كاتێ سروشت جوان ده‌ڵێ،

شیعر چاوچنۆك ده‌بێ؟

 

28

به‌ڵێ،

خۆم تاقیمكردۆته‌وه‌:

دڵى دڕنده‌یه‌ و،

جه‌سته‌یشى كێڵگه‌ى گوڵه‌.

 

29

بێكۆتایى؟

هه‌ندێ كه‌س به‌ ئاسمانى ده‌پێوێ ( حه‌زى لێناكه‌م )

هه‌ندێ كه‌سیش ده‌یپێوێ به‌ جه‌سته‌.

 

30

خه‌ریكه‌ باڵه‌كانى هه‌ور

به‌سه‌ر روخسارى هه‌تاودا ده‌شه‌كێنه‌وه‌:

ژووانێكی دیكه‌ت هه‌یه‌ بۆى بڕۆیت

ئه‌ى خانمى عاشق؟

 

31

تاریكى ئاوێنه‌یه‌

تیشك به‌ راستى خۆى نابینێ ته‌نیا له‌ودا نه‌بێ.

 

32

تۆوه‌كانى نكۆڵى لێده‌كه‌ن، به‌ره‌كانى نكۆڵى لێده‌كه‌ن:

چ كاره‌ساتێكه‌،

چ خۆشیێكه‌ !


ئەم بابەتە 69 جار خوێندراوەتەوە