Dr.Nawzad-.jpg

ساڵیادى كۆچى دوایى رۆماننوسى عێراقى "سه‌عد محه‌مه‌د ره‌حیم"

نه‌وزاد ئه‌سوه‌د

له‌ بیست و یه‌كه‌مین فێستیڤاڵى روناكبیریى گه‌لاوێژدا 6-7-8/4/2018، كه‌ ئه‌و كاته‌ من سه‌رۆكى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ بووم، ژماره‌یه‌ك نووسه‌رى عێراقى و عه‌ره‌بى و ئێرانیمان بانهێشت كردبوو بۆ گفتوگۆ ده‌رباره‌ى ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى فێستیڤاڵ به‌ ناونیشانى "وه‌رگێڕانى ئه‌ویدى له‌ڕووى رۆشنبیرییه‌وه‌"، یه‌كێك له‌و نووسه‌ره‌ بانگهێشتكراوانه‌، رۆماننوسى ناودارى عێراقى سعد محمد رحیم، خاوه‌نى رۆمانى (كوژرانى كتێبفرۆشه‌كه‌- مقتل بائع الكتب)، به‌داخه‌وه‌ له‌پاش كۆتایى فێستیڤاڵ، هه‌ر له‌ سلێمانى كۆچى دوایى كرد.

دواى ئه‌وه‌ى رۆمانه‌كه‌م خوێنده‌وه‌، له‌رێگه‌ى فه‌یسبوكه‌وه‌ چه‌ندین نامه‌مان گۆڕییه‌وه‌ و گفتوگۆمان له‌وسه‌ر رۆمانى ناوبراودا ده‌كرد، له‌ یه‌كێك له‌ نامه‌كاندا پێشنیازى ئه‌وه‌م بۆ كرد كه‌ بانگهێشتى بكه‌ین بۆ فێستیڤاڵ و له‌ ته‌وه‌رى وه‌رگێڕاندا به‌شدارى بكات، زۆرى پێخۆشبوو و ده‌موده‌ست ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕى، پاش ماوه‌یه‌ك ناونیشانى بابه‌ته‌كه‌ى خۆى بۆ ته‌وه‌ره‌كه‌ نارد كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو: (وه‌رگێڕانى ئه‌ویدى و ساته‌وه‌ختى ونبوونى رۆشنگه‌رى).

له‌ رۆژى دووه‌مى چالاكییه‌كانى فێستیڤاڵدا، سه‌عد محه‌مه‌د ره‌حیم به‌شداریى كرد و بابه‌ته‌كه‌ى خۆى پێشكه‌ش كرد، ئه‌گه‌رچى له‌ رووكاردا ته‌ندروستیى زۆر باش بوو و به‌جوانى بابه‌ته‌كه‌ى پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام به‌ر له‌ده‌ستپێكردن، خۆى وتى داواى لێبوردن ده‌كه‌م كه‌ ته‌ندروستیم باش نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ نه‌توانم وه‌كو پێویست وه‌ڵامى پرسیاره‌كانتان بده‌مه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌و رۆژه‌ و رۆژانى پێشتریش به‌ سه‌لامه‌تى تێپه‌ڕین، بگره‌ زۆربه‌ى شه‌وان داده‌نیشتین و گفتوگۆمان ده‌كرد. به‌ڵام له‌ رێكه‌وتى 8/4/2018 له‌ كاتێكدا جانتا و شتومه‌كه‌كانى ده‌پێچایه‌وه‌ و خۆى ئاماده‌ ده‌كرد بۆ سه‌فه‌ر بۆ به‌غدا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لاى كه‌سوكارى، ته‌ندروستیى به‌ راده‌یه‌كى به‌رچاو تێكچوو، ئێمه‌ به‌ په‌له‌ گه‌یاندمانه‌ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى و پاشان بۆ به‌شى بووژانه‌وه‌ى دڵ، به‌داخه‌وه‌ به‌ره‌به‌یانیى رێكه‌وتى 9/4/2021 هه‌ر له‌وێدا به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ گیانى سپارد، له‌و ساته‌وه‌خته‌دا من و عه‌بدولڵا تاهیر به‌رزنجى به‌دیاریه‌وه‌ وه‌ستابووین. پێشتریش چه‌ند جارێك نه‌شته‌رگه‌ریى دڵى بۆ كرابوو. بۆ رۆژى دوایى له‌ مه‌راسیمێكى تایبه‌تى و به‌ ئاماده‌بوونى نووسه‌رانى گه‌لاوێژ و هه‌ندێك له‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى كه‌ له‌ به‌عقوبه‌وه‌ هاتبوون، ته‌رمه‌كه‌یان برده‌وه‌ بۆ زێدى خۆى له‌ قزربات و له‌وێدا به‌خاك سپێردرا.

سه‌عد محه‌مه‌د ره‌حیم له‌ ساڵى 1957 له‌ قزربات-سه‌عدییه‌ له‌دایك بووه‌، له‌ ساڵى 1980دا كۆلێجى كارگێڕى و ئابووریى له‌ زانكۆى به‌غدا ته‌واو كردووه‌. خاوه‌نى ده‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك و پێنج رۆمانه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كتێبى ره‌خنه‌یى و لێكۆڵینه‌وه‌ى هزرى.

170233181_241666601040308_1435861240797569149_n


ئەم بابەتە 112 جار خوێندراوەتەوە