peramerd.jpg

گەورەیی پیرەمێرد (1867- 1950) و شارستانێتی ئەدەب...

عومەر مەعروف بەرزنجی

کام سەردەمی مێژوویی بگرین و بە دوو چاوی سەرنج تێی بڕوانین، دەبینین وەک کارێکی سروشتی دەستەیەک خوێندەوار و شاعیر و نووسەر و نموونەی باڵای بەخۆوە گرتووە و سەرجەم شەقڵ و تام و بۆی ئەوکاتەیان پێوەلکاوە. دیارە پەیوەندی و دۆستایەتی و هەڵچوون و لێکدابڕان و تەنانەت دژایەتی و لەیەکتر خوێندن سروشتێکی ئاسایی مرۆڤە، لە ڕۆژگارێکی جەنجاڵی تایبەتیشدا بەشێکی دانەبڕاوی ژیانێتی و لێی نابێتەوە.

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا (۱۹٠٠-۱۹۵٠) خوالێخۆشبوو (حاجی تۆفیقی ناسراو بە پیرەمێرد ۱۸٦۷-۱۹۵٠) وەک شارەزاو گەورە پیاوێکی دڵسۆز لە بواری شیعر و چیرۆک و پەخشان و وەرگێڕان و پەندی پێشینان و سەربوردی دێرین و دانان و چاپکردنی کتێب و کاری ڕۆژنامە نووسی و خولیاو سەوداسەری نەورۆزی کورد، گەیشتبووە ئاستێکی باڵاو شێوەی فەیلەسوفێکی دەنواند، خزمەت و رەنجی فەرهادانەی پیرەمێرد لەپێناوی نەتەوەکەیدا لەوە ترازاوە کە بتوانرێ تۆسقاڵیک لە کێوی سەلیقەو توانست و گەورەیی بڕوشێنرێ. زۆرجار پەیوەندی ئەم خزمەتگوزارە باڵایە لەگەڵ خوێندەوارە ناسراوەکانی ئەوسەردەمەدا بۆ ماوەیەکی کەم ڕووی لە نشێوی کردووە و داخزاوە، بەڵام گەورەیی و سەربڵندی لەوەدابووە کە ئەم زیزبوونەی نەخستووەتە پێش بەرژەوەندی گشتی و مەسەلە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ژیانی نەتەوەکەی ، کە ئەمەیش نیشانەی بەرچاو روونی و تێگەیشتنە لە بنەماکانی شارستانێتی ئەدەب.

نووسەر و روناکبیری دیار خوالێخۆشبوو مامۆستا (عەبدوڵڵا جەوهەر ۱۹۲٠ - ۱ / ٦ / ۱۹۸۲ ) چەندجارێک و لە بۆنەی تایبەتیدا ناکۆکی نێوان پیرەمێرد و برایم ئەحمەدی بۆ باسکردوم ، تەنانەت مامۆستا برایم لەو چاوپیکەوتنە پێنج سەعاتییەدا کە دکتۆر حسێن محەمەد عەزیز لەگەڵیدا سازی کردووە، ئەم مەسەلەیەی وەک نموونەیەکی ژیان و هەڵوێستی وروژاندووە، لەوەیش دواوە کە سکاڵای هەردوکیان گەیشتووەتە مامۆستای زانا خوالێخۆشبوو ( شێخ محەمەدی خاڵ ۱۹٠٤ - ۱۵ / ۷ / ۱۹۸۹ ). بەڵام ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە و چاوێک بە رۆژنامەی ( ژیان )ی ژ ۵۳۸ ی رۆژی ۱٠ ی ئابی ۱۹۳۷ دا بگێڕین ، دەبینین کە پیرەمێردی نەمر وەک خەمخۆر و هاندەرێکی تازەپیگەیشتووان، بەبۆنەی تەواوکردنی خوێندنی مامۆستا برایم ئەحمەدەوە ئەم مژدانەیەی بڵاو بڵاوکردووەتەوە:

( لە خوێندەوارە هەڵبژێراوەگانمان برایم ئەحمەد کۆلیجی حقوقی تەواوکردووە و سەودای وەزیفەی نەکەوتووەتە کەللەوە ، هاتووە ئەوقاتی دەکا ، ئەم کورە ئیمە دەیناسین لە هەرچی زبان هەیە شێوەیەکی پەسەندی بۆخۆی داناوە، خەلەفی خەلەف شەوقییە بە، زەوقێکی عیلمی جەزبەیەکی شاعیری هەیە ، ئەتوانێ دەعوا لە پەردەیەکی جواندا تەسویر بکاو بیباتە زیهنی گوێگرانەوو، خوا وێنەیان زیاد بکات ). لە کاتێکیشدا گۆڤاری ناوازەی ( گەلاوێژ ۱۹۳۹ -۱۹٤۹ ) بەبۆنەی بەندکردنی مامۆستا برایم ئەحمەدەوە لە مانگی ئابی ۱۹٤۹ دا لە دەرچوون و بڵاوکردنەوەی ڕادەگیرێ، پیرەمێرد ئۆقرەی لێدەبڕێ و بە هەموو لایەکدا چەپۆکان دەکات، نامەیەکی بەپەلەی خەماویش بۆ مامۆستا (سەجادی ۱۹٠۷ - ۱۳ / ۱۲ / ۱۹٤۸) دەنێرێ و لە ڕۆژنامەی ( ژین ) دا بۆی دەلاوینێتەوە و کۆری شیوەنی بۆ گەرم دەکات:

داد لەدەست جەورت هەی چەرخی سەر چەوت

وا گەلاوێژ کەوت ، گەلاوێژ بۆچ کەوت!

ئاسۆی ئەدەبی کوردی پڕ تەمە

سڤیدەی بەیان شینە، ماتەمە

ژین بۆ گەلاوێژ بوبو بە پەرژین

ئێستا لەدوای ئەو بێزارە لە ژین

(ئیبراهیم) لەناو (نار) سووتاوە

(سەجادە) ی تەقوا بێڕایەڵ ماوە

هیوامان وایە کە چەرخ وەرگەڕێ

سەجادەم بەسەر شەتدا بگەڕێ

پیاوێکمان بمرێ تەعزێی بۆ دەگرین

بۆچ بۆ گەلاوێژ، نەگرین تا دەمرین

گەلاوێژ هەرچەند جارجارە هەڵدێ

لە بورجی خۆیدا دوایی هەر هەڵدێ


ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە