Baxtyar.jpg

نووسەر یان نووسیار؟ نڤیسکار یان نڤیسیار؟

بەختیار سەجادی

۱. من مامۆستای زانکۆم، توێژەرم، ڕەخنەگرم، وەرگێڕم، بەڵام نووسەر نیم. "نووسەر" ئەو کەسەیە ڕۆمان و چیرۆک دەنووسێ. 

۲. بەکارهێنانی دەستەواژەی "دەستەی نووسەران" دروست نییە مەگەر ئەوەی هەموویان نووسەر بن! لە فارسیدا بە دروستی بە ئەندامی "تحریریە" و لە ئینگلیسیشدا بە دروستی بە "editorial" بانگ دەکرێن. کەواتە، لە کوردیشدا دروست ئەوەیە بکرێتە "دەستەی نووسیاران" (ئەو پەیڤە ئینگلیسییە مانای "سەروتار"یش دەدات).

۳. هەر ئەو خاڵەی سەرەوەش سەبارەت بە زاراوەی "سەرنووسەر" دروستە. لە فارسیدا بە دروستی کراوە بە "سردبیر" و لە ئینگلیسیشدا بە editor-in-chief. بۆیە لە کوردیشدا دروست ئەوەیە لەبری "سەرنووسەر" بوترێ "سەرنووسیار". ئاساییە لە ناو کۆمەڵێ نووسیاردا یەکێکیان "سەرنووسیار" بێت، بەڵام بێ‌مانا و پێکەنینییە لە ناو کۆمەڵێ نووسەردا یەکێکیان "سەرنووسەر" بێت.

۴. "نووسەر" (writer) و "نووسیار" (editor) دەلالەت لە دوو پسپۆڕی و دوو بواری جیاواز دەکەن و ئەرک و خوازیاریشیان جیاوازە. مەرج نییە هەموو نووسەرێک نووسیار بێ و بەپێچەوانەشەوە. گەرچی لە بنەڕەتدا و بە پێی ڕێزمان و ئاخاوتەی کوردی "بنووس"-یش بە مانای نووسەرە، بەڵام تازە کەس بەکاری ناهێنێ مەگەر بۆ جەختکردنەوە و ڕاکێشانی سەرنج.

۵. بیست ساڵ لەمەوبەر ئەو خاڵانەی سەرەوەم وەک پێشنیاز خستە بەردەم بەرپرسانی دەزگای ئاراس و خۆشبەختانە پەسەند کران. زاراوەی "سەرنووسیار" لە هەموو کتێبە چاپکراوەکانی ئەو دەزگایە و کۆمەڵێ بڵاوکراوەی ناوەندی تریشدا بەکار هێنرا.

۶. بۆ editor تا ئێستا هەر "نووسیار"مان داناوە، بەڵام کۆمەڵێ دەلالەتی تریشی هەیە وەک بەرهەڤکار، ئامادەکار، هەڵەگر، هەڵەچن و هتد. کەواتە، "سەرنووسیار" هاوکات بە مانای "سردبیر" و "سرویراستار"یش بەکارئەبرێ.

۷. نووسیار لە نڤیسار جیاوازە. ئەمەی دوایی کورمانجییە و ئێمە دەمێ ساڵە وەک هاوواتا بۆ "نوشتار"ی فارسی و ecritureی فەرەنسی و writingی ئینگلیسی بەکاری ئەهێنین‌‌. ئەم زاراوەیە تەعبیرە لە دەقەکانی بوارێکی تایبەت، ئەگینا هەمووان دەزانن writing واتە نووسین.

۸. ئەز ئەندامی دەستەی "نڤیسیار"ی هەندێ گۆڤارم لە باکوور. وەک دەزانرێ، لە کورمانجیدا بە نووسەر دەبێژن "نڤیسکار". پێشنیازم پێ‌دان "نڤیسیار" بەکاربێنن بۆ نووسیار و پەسەندیان کرد. لە کورمانجیدا شتێکمان نییە بە ناوی "نڤیسەر" و گەر ڕۆژێک لەدایکبوو، بێگومان جیاوازە لە نڤیسار.

۹. دەستەواژەی "یەکێتیی نووسەران" لە بنەڕەتدا هەڵەیە لەبەر ئەوەی تەنها نووسەران دەگرێتەوە. ئەم هەڵەیە لە فارسی، ڕووسی و ئینگلیسیشدا هەیە، بەڵام لە عەرەبیدا نییە. ئەو دەستەواژەیە لە چارەکی دووەمی سەدەی بیستدا و بەدیاریکراوی لە سەردەمی‌ ستالین‌دا لەدایکبوو. یەکێتیی نووسەران لە ئەدەبی نەتەوەکاندا بە لای بیری چەپدا دادەگەڕا و ژانری چیرۆک و رۆمان، ئەویش‌ له چەشنە "ریالیستی سۆسیالیستی"یەکەی، تێیدا زاڵ بوو. لە عەرەبیدا باشتر لە زمانەکانی تر تەرجەمە کرا (اتحاد الادبا). لە کوردیدا "یەکێتیی ئەدیبان" یان "یەکێتیی وێژەوانان" دروستە.

۱۰. بەشێکی زۆری کەسایەتییە هەرمان و گەورەکانی ئەدەبی جیهان، وەک شێکسپیێر، گۆتە، وۆردزوۆرس، حافز، نالی، شاعیر بوون نەک نووسەر. ئەم قسەیە سەردەمی هاوچەرخیش دەگرێتەوە: ئێلیۆت، شاملوو، شێرکۆ، گۆران، پەشێو و هتد هیچ کامیان نووسەر نین. کە دەستەواژەی "یەکێتیی نووسەران" هاتە بەکارهێنان، سەرجەم ئەو ناوانەی سەرەوە دەسڕدرێنەوە بە حوکمی ئەوەی هیچ کامیان نووسەر نین. هەر ئەم قسەیە بەشێکی ئەندامی خودی یەکێتییەش دەگرێتەوە!

۱۱. سەبارەت بە دەستەواژەی "کانوونی نووسەران" پێشتر نووسینم بڵاوکردۆتەوە و پێویست بە دووبارەکردنەوەی ناکات.

۱۲. هەموو نووسەرێک دانەرە، بەڵام هەموو دانەرێک نووسەر نییە. لە فارسیدا دەستەواژەی corresponding author کراوە بە "نویسندە مسئول" کە وەرگێرانێکی هەڵەیە. لە کوردیدا و بۆ ئەو مەبەسته "دانەری بەرپرس" گەلێک باشترە لە "نووسەری بەرپرس". لێرەدا مەبەست لە "بەرپرس" ئەو کەسەیە بەرپرسی ناردن و پێداچوونەوەی وتارەکەیە (ئەمەش هیچ پێوەندییەکی بە "ئەدەبی بەرپرسیار"ەوە نییە).

۱۳. لە وەرگێڕانی زاراوەی writerly کە لە لایەن رۆڵان بارت-ەوە بەکارهێنرا، ئێمەی کورد، بە پێچەوانەی فارسەکانەوە، ڕووبەڕووی کێشە نابینەوە و دەتوانین بڵێین "نووسەرانە". ئەمەشم پێشتر لە نووسینێکی چاپکراودا بە وردی لێکداوەتەوە.

۱٤. پێویستە تا ئەو جێگەیەی پێمان دەکرێ کەڵکی تەواو لە سەرجەم توان و لایەنەکانی زمان وەربگرین. ئەم لێکدراوانەی خوارەوە هەم شێوازی نووسین ڕەنگین دەکەن و هەم دەربڕی ئاستی بەرزی زایندەیین لە کوردیدا: ژێرنووس، ڕەشنووس، ‌چڵک‌نووس، خۆش‌نووس، چارەنووس، ڕێنووس، پێنووس، تێنووس، پێش‌نووس، پاش‌نووس، ڕوونووس، پشت‌نووس، کێل‌نووس، دەست‌نووس، بەردنووس، ڕۆژنامەنووس، بەرنامەنووس، بلۆگ‌نووس، وێبنووس، پەراوێزنووس، ڕۆژنووس، پەخشان‌نووس و هتد.


ئەم بابەتە 115 جار خوێندراوەتەوە