Jwbran.jpg

جوبران خەلیل جوبران، هاوڕێ دوور و تەنیاکەی مەی

لە رۆژى 6/1/1883 جوبران خەلیل جوبران، شاعیر و نوسه‌ر و نیگارکێشی لوبنانی لە گوندى بوشرا لە لوبنان لە دایکبووە، لە رۆژى 10/4/1931 لە تەمەنى (48) ساڵى بە نەخۆشى سیل لە شارى نیۆیۆرک کۆچى دوایى کردووە، لەو شارەى لێى لەدایکبووە هەرلەو شارەش بەخاکسپێردراوە، مى زیادە، ژنە رۆماننوس و شاعیر و نوسه‌رى فەڵەستینى لوبنانى زۆر سه‌رسامى نوسینه‌كانى بووه‌، تا وایلێهاتووه‌ زۆرى خۆشویستوه‌ و بۆ ماوه‌ى زیاتر لە بیست ساڵ (37) نامەیان بۆ یه‌كترى ناردووه‌ بەبێ ئەوەی یەکتر ببینن، چونكه‌ ئه‌و لە ئەمریکا بوه‌و مى زیاده‌ش له‌ قاهیرە دوور لە بەیەکگەیشتنی جەستەیی و شکلی ئەمان تەنیا بەخۆشەویستی روحی تێکەڵی یەکتر بون، دوای ئه‌وه‌ى جوبران كۆچى دوایى ده‌كات، ئیتر مه‌ى شێت ده‌بێت و ده‌نێردرێته‌ شێتخانه‌. .

نوسەران دەربارەی ئەو نامانە دەنووسن: ئەونامانە لە عاشقانەترین نامەکانی مێژووی خۆشەویستین.

مەی زیرەکییەکی بێوێنەی هەبووە، توانایەکی مەزنی هەبووە بۆ فێربوون بۆ نمونە: لە پاڵ فێربونی هەردو زمانی عەربی و عیبری دا و فێری زمانەکانی: فەڕەنسی و ئینگلیزی و ئیتاڵی و ئەڵمانی دەبێت، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو زمانانەوە بە دوای زانست و زانیاریی دابگەڕێت .

مەی، هاوڕێ دوور و تەنیاکەی جوبران خەلیل جوبران لە قاهیرە لەماڵەکەی خۆیدا هەموو ڕۆژانێکی سێ شەممان نوسەران و روناکبیرانی وەک: (تەها حوسین، عەباس مەحمود عەقاد، ئەحمەد شەوقى، ئیسماعیل سەبری، خلیل مەتران، ئه‌حمه‌د لوتفی، ئیبراهیم المازنی، عبدالرحمن شوکری، حافز ئببراهیم و چه‌ندانى دیكه‌ کۆدەکاتەوە و  هەرجارەی قسە لە سەر بابەتێکی دیاریکراو دەکەن و کۆڕ و کۆبونەوە دەکەن، ئەم کۆڕ و کۆبوونەوە روناكبیریانه‌ بۆ ماوەی (20) بیست ساڵ، بەردەوامدەبێت و کاریگەرییەکی باشی لەسەر بینینی مەی دەبێت بۆ دنیا و ژیان و پەیوەندییەکان..

جوبران بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە، لە خوێندنگه‌ نەیخوێندووە، بەڵکو لەلاى قەشەی کڵێسای شوێنی لە دایکبوونی خۆی فێری خوێندن و نووسین كردووه‌. دواى ئه‌وه‌ى قەشە هەست بە زیرەکی دەکات و هانى ده‌دات دەست بە خوێندنەوەی بابه‌تى ئاسەوار و مێژوویی و زاستی و ئەدەبی بكات. له‌ ساڵى 1890 عوسمانییه‌كان هێرش دەکەنە سەر گوندی بوشرا، له‌وكاته‌دا جوبران لاوێکی ئازا و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕبوو، دژی داگیرکاران جموجۆڵی هەبووە، بۆیه‌ دەستگیری دەکەن و پاشان ڕەوانەی بەندیخانەی دەکەن. ده‌ستگیركردنى ده‌بێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى کە دایکی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌خۆیان رزگار بكه‌ن له‌ هه‌ژارى و بۆیه‌ بەهیوای گەیشتن بە ژیانێکی باشتر، ئەو خانووەی، کە تێیدا دەژیان دەیفرۆشن و بەبێ باوكى جوبران كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ئەمەریکا. له‌ ساڵى 1894 لە بەندیخانە ڕزگاری دەبێت، بە مەبەستی گەیشتن بە بنەماڵەکەی بەرەو ئەمەریکا دەکەوێتە ڕێ. لەگەڵ دایک و برا دوو خوشکەکەی لە شاری نیویۆرک بەرەو شاری بۆستۆن کە پەنابەری لوبنانی زۆری تێدایە بەجێدێڵێ و ئەو شارە بۆ ژیان هەڵدەبژێرن. له‌ ئه‌مه‌ریكا دەستی کردوه‌ بە خوێندنی ھونەر، ھەروەھا ژیانی ئەدەبیشی دەست پێکردووه‌. لە جیھانی عەرەبدا وەک شۆڕشگێرێکی سیاسی و ئەدەبی دەناسرێت، بەیاوەری میخائیل نەعیمەو عەبدولمەسیح حەداد و نەسیب عەریزە ڕابیتەی قەڵەمی عەرەبی کە بە کۆمەڵەی نوێخوازانی شیعر و ئەدەبی عەرەبی دادەنرێن. دواى ئه‌وه‌ى به‌ پشتیوانى دایكى و كاركردنى دایكى و برا گه‌وره‌كه‌ى به‌ناوى (پێترس) له‌ شارى بۆستۆن بژێوی ژیانیان باش ده‌بێت و دوكانێك ده‌كڕن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌كى گه‌ش بۆ جوبران تاكو بتوانێت له‌ خوێندنگه‌یه‌كى شاره‌كه‌ خۆى فێربوونی زمانی ئینگلیزی بكات.

 بەڕێوەبەری خوێندنگاكه‌ى له‌ شارى بۆستۆن پەی بە زیركى و لێهاتوویی جوبران لە نیگارکێشیدا دەبات، بۆیه‌ وێنەکەیشی بەناوبانگی ئەمەریکی هولاندا بانگهێشت دەکات، تا هه‌م به‌هره‌كانى جوبران ببینێت و هه‌میش هانى بدات و فێرى هونه‌رى وێنه‌كێشانى بكات، هه‌ربۆیه‌ بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێری ئه‌ودا خەریکی وێنەکێشان ده‌بێت.، بەجۆرێک زۆربەی وێنەکانی لەسەر بەرگی کتێب و ڕاگەیاندنەکان چاپ دەبێت.

جوبران خەلیل جوبران بیرمەند و نووسەربوو، ئەو کتێبەکانی دەربارەی ژیان و خۆشەویستی و هاوسەرێتی و سامان و بەخشین دەبێت. ئەمڕۆ ساڵڕۆژى كۆچى دوایى ئه‌م شاعیره‌ مه‌زنه‌یه‌، سایتى گه‌لاوێژ وه‌ك نه‌ریتى خۆى، هه‌میشه‌ ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌.

له‌م رۆژه‌دا یەکێک لە هەرە کارە جوان و دڵئاواکەرەکانی جوبران بە وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی بۆ خوێنەرانی بڵاودەکاتەوە.

  ئەی ڕۆح، سا ڕەحمێ بە حاڵم"

ئەی ڕۆح، تا کەی ئەم گریانە، خۆ تۆ ئاشنای بە لاوازیم؟ تا کەی ئەم گلەیی و ناڵانە؟

من جگە لە پەیڤی مرۆیی، هیچی شتێکی دیکە شک نابەم، خەونەکانتی پێ وێنا کەم.

ئەی ڕۆح، سا سەیر کە و بڕوانە، تەمەنی خۆم بە گوێگرتن، بۆ ئامۆژەی تۆ بەسەر برد.

ئەی سەرچاوەی ئەشکەنجەی من.. ڕابمێنە، هێندە شوێنی هەنگاوەکانی تۆم تەی کرد،

من جەستەی خۆمم وێران کرد.

دڵم "شا"م بوو، ئێستا بەندەیی تۆ ئەکا، سەبرم هەردەم هاوڕازم بوو، لێ ئێستاکە لۆمەم ئەکا. لاوێتی هاونشینم بوو، وا ئێستا گازندە ئەکا

ئەمە هەموو ئەو شتانەن خواوەندەکان پێیان داوم. پێم بڵێ ئیتر، تەماعی چی لە من ئەکەی؟

دەسبەرداری خودی خۆم و چێژەکانی ژیانم بووم، شکۆی تەمەنم جێهێشت و ئێستا بەتەنها هەر تۆم هەی.

دادپەروەرانە بمکوژە، دادپەروەری شکۆی تۆیە، یا مەرگ بانگ کە و ئازادم کە

ئەی ڕۆح، سا ڕەحمێ بە حاڵم، باری عیشقێکت داوە بە کۆڵما.. بەرگەی ناگرم:

تۆ و عیشق یەکتان گرتووە و من و جەستەش.. لاواز و لە یەک جودا

ئاخۆ ئەم نەبەردەی نێوان تۆی بەهێز و منی لاواز، چەند درێژە ئەخایەنێ و بەکوێ ئەگا؟

ئەی ڕۆح سا ڕەحمێ بە حاڵم!

لە مەودایەکی گەلێ دوورەوە، بەختەوەریت پیشانم دا:

تۆ و بەختەوەری وان لەسەر چیایەکی بەرز و من و بەدبەختییش لە ناو قووڵایی دۆڵێکدا

ئاخۆ دیدار لەنێوانی ئەو بەرزییە و ئەم نزمییەدا ڕووئەدا؟

ئەی ڕۆح سا ڕەحمێ بە حاڵم! جوانیت پیشان دام و پاشان هەر خۆشت لێمت حەشار دا:

تۆ و جوانی لەبەر ڕووناکیدان و .. من و جەهل لە تاریکیدا

ئاخۆ ڕووناکی تێکەڵ بە تاریکی ئەبێ؟

تۆ ئەی ڕۆح، بەر لە هاتنی ئاخیرەت، پێی شاد ئەبیت، لێ ئەم جەستەیە، کە هێشتا لە ژیاندایە، کەسەر و ئازار ئەچێژێ.

زۆر خێرا بەرەو ئەبەدییەت ئەچیت، ئەم جەستەیەش بەکاوەخۆ.. بەرەو فەنابوونی ئەچێ.

نە تۆ کەمێ خاوتر ئەڕۆی، نە ئەویش کەمێ خێراتر، ئەی ڕۆح، ئەمەش ئەوپەڕی بەلەنگازییە.

تۆ لەسۆنگەی هێزی کێشی ئاسمانەوە، بەرەو بەرزایی هەڵئەکشێی

ئەم جەستەیەش، بەهۆی کێشی زەمینەوە تابێ.. بۆ خوارەوە ئەچێ

نە تۆ دڵی ئەو ئەدەیتەوە و نە ئەو پیرۆزباییت لێ ئەکا، ئەمەش ئەوپەڕی کینەیە.

ئەی ڕۆح تۆ بە دانایی دەوڵەمەندیت، ئەم جەستەیەش لە سەلیقەدا هەژارە

نە تۆ ئەبووری و نە ئەویش دوات ئەکەوێ، ئەمەش ئەوپەڕی ئازارە

تۆ لە خامۆشیی شەودا ئەچیت بۆ ژووانی یار و چێژ لە ئامێز و لێکئاڵانی ئەبینی،

لێ ئەم جەستەیە، بۆ هەتاهەتایە کوژراوی تاسە و جوداییە.

ئەی ڕۆح سا ڕەحمێ بە حاڵم،!


ئەم بابەتە 117 جار خوێندراوەتەوە