Nwsar_Korya.jpg

نووسەری کۆریای باشوور چۆ نام-جوو: "کتێبەکەم لە خۆم ئازاترە".

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: گوڵان مەحمود

سیناریۆنووسی پێشوو لەسەر پرسی ئەوەی کە چۆن ڕۆمانەکەی کە دەربارەی نایەکسانی نێوان دوو ڕەگەزە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانە لە کۆریای باشوور، وە بووە بە بابەتی گفتوگۆی گشتی.

چۆ نام-جوو، ٤١ ساڵ، سیناریۆنووسی تەلەفیزیۆنی پێشتر ڕۆمانەکەی "کیم جییۆنگ، ١٩٨٢ لەدایکبووە" یەکێکە لە پڕفرۆشترین و بابەتی گەرمی گفتوگۆ لە کۆریای باشوور کاتێک ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکرایەوە، هاوکات لەگەڵ جوڵانەوەی #MeToo لە وڵاتدا. کتێبەکەی نووسەر کە لە ئێستادا بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، چیرۆکی یەک ژن بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی نایەکسانی ڕەگەزی لە سەرانسەری کۆمەڵگای کۆریای باشووردا، لە ئیمتیازی منداڵی کوڕەوە بۆ شوێنی کار و هەراسانکردن. (سەرەڕای بوونی ٢١ـــەمین گەورەترین ئابووری لە جیهاندا، ڕاپۆرتێکی نوێی ڕەگەزی لە کۆریای باشوور بە ١٠٨ لە تێکڕای ١٥٣ دەخەمڵێنێت). لەگەڵ خێزانەکەیدا لە سیئۆل دەژی.

گاردیان: کاردانەوە بۆ کتێبەکەت لە کۆریای باشوور چۆنبوو؟

چۆ نام-جوو: خوێنەران گوتیان کە بەڕاستی دەتوانن بە چیرۆکەکەوە ببەسترێنەوە-ژنان دەیانگوت هاوشێوەی ژیانیانە. هەندێک حاڵەت هەبوون کە تیایدا  هێرش کرایە سەر کەسە بەناوبانگەکان (لە ئینتەرنێت) بۆ خوێندنەوەی. دەرفەتێکی خستەڕوو بۆ گفتوگۆی گشتی، بۆیە هەندێک شانازی دەکەم بە بەخشینێکی بچووک.

گاردیان: جوڵانەوەی #MeToo چۆنبوو لە کۆریای باشوور؟

چۆ نام-جوو: لە مانگی پێنجی  ٢٠١٦ـدا، ژنێک کوژرا لە وێستگەی گانگنام، وە لە مانگی ١٠ـی هەمان ساڵدا، ژمارەیەکی زۆر حاڵەت لە ئابڕووچوونی دەستدرێژی سێکسی هەبوو لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، لەناویاندا ئەدەب و هونەر. خەڵکی دەستیانکرد بە قسەکردن لەبارەی ئەو ترس و هەڕەشانەی کە ژنان هەستیانپێکردووە-وە پێشتر گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوه. دواتر داواکای گشتی، سیو جی-هیون، بەشداریکرد لە جوڵانەوەی #MeToo دا، وە ئەزموونی خۆی ئاشکراکرد (لە کاتی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی کۆریا، سیو باسی ئەزموونی خۆی لە دەستدرێژی سێکسی کرد لە کار ـدا، وە ئەوەی ڕوونکردەوە کە هانی ژنانی دیکەی داوە بێنە پێشەوە).

گاردیان: شتەکان بەوشێوەیە دەبینیت کە لە گۆڕاندان-یاخود کچانی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبنەوە؟

چۆ نام-جوو: هێشتا توندوتیژی سێکسی و جیاکاری بوونی هەیە. لە هەواڵێکی ئەم دواییانەدا، پێشکەشکارێک هەبوو کە نەیتوانیبوو کارەکەی دەستکەوێت چونکە بەرپرسە حکومییەکان نمرەی کەمتریان پێدابوو تەنها لەبەر ئەوەی مێیە. بەڵام هەندێک گۆڕانکاری هەیە. ئەو ژنانەی کە ناڕەزایی و سکاڵایان هەبوو، دەستیانکرد بە گردبوونەوە بە یەکڕیزی. لەم دواییانەدا، بڕیاری ئەوە درا کە لەباربردن تاوانێکی نادەستوورییە. سەرەڕای ئەوەی کە گۆڕانکارییەکان هێواشن، بڕواموایە کە ناگەڕێینە دواوە.

گاردیان: گوتت کە باوکت و مامت ڕێکەوتنیان کردووە بەرلەوەی تۆ لەدایکبیت: ئەگەر کوڕبیت، مامت-کە پێنج کچی هەبووە-بتکات بە منداڵی خۆی. هەستت چۆنە کە ڕەنگبووە لە خێزانێکی جیاوازدا گەورەبیت؟

چۆ نام-جوو: لەڕاستیدا، ئەوە بەلامەوە گرینگ نییە. لەوکاتەوەی کە ژنم، گرینگ نەبووە کە لەگەڵ مامم بژیم یاخود باوکم. بەڵام ئەگەر وەک کوڕ لەدایکبوومایە، پێموایە نەمدەتوانی لەم ژیانە تێبگەم، ئەو جیهانەی تیایدا دەژیم، بەهەمان ڕێگا-ژیان وەک کەسێک لە لایە لاوازترەکە، ئێمە جیهان بە پانتاییەکی زۆر فراوانترەوە دەبینین.

گاردیان: کارێکی باو بووە کە منداڵی کوڕ و کچ بگۆڕدرێنەوە؟

چۆ نام-جوو: زیاتر لە نەوەی دایکمدا باوبووە. بەبیستنی ڕێککەوتننامەی نێوان باوکم و مامم، بەڕاستی تووشی شۆک بووم. بەڵام وەک لە کتێبەکەدا دەیڵێم، ئەو مۆدێلە هەبوو کە ژنان منداڵەکانیان لەباردەبرد ئەگەر بە کچێک دووگیان بوونایە-کە لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا گەیشتە لوتکە.

گاردیان: ڕۆمانەکە ملیۆنان کۆپی لێ فرۆشرا و وەرگێڕدرایە سەر هەژدە زمان. هەستکردن بەو سەرکەوتنە جیهانییە چۆنە؟

چۆ نام-جوو: کاتێک ڕۆمانەکەم کرا بە فیلم، دەرهێنەر (کیم دۆ-یۆنگ) گوتی کە هەستیکردووە کتێبەکە دەربارەی ژیانی ئەوە، وە منیش هاوڕام! زۆر ڕێکخراوتر و ئازاترە لە خۆم.

گاردیان: هەندێک ئەستێرەی کەی پۆپ، وەک سوو-یۆنگ لە گێڵ جەنەرەیشن و ئاڕ ئێم لە بی تی ئێس، بە کتێبەکەیاندا هەڵدا. کاریگەری ئەوە چیبوو-وە ئایا تۆ هەواداری کەی پۆپ ـیت؟

چۆ نا-جوو: وشەیەکمان هەیە کە تازە داهێنراوە لە کۆریا: "idol-seller". وەک پڕفرۆشترین، بەڵام ئێمە دەڵێین کە ئەستێرەکانی پۆپی کۆری ئایدڵەکانن. شایەتی کەسانی بەناوبانگ کاریگەری زۆری هەیە. لەمێژە هەواداری کەی پۆپ ـم: هەواداری گروپی ماماموو و گۆرانیبێژ تایۆن ـــم.

گاردیان: ڕۆمانەکە دیمەنێک لەخۆدەگرێت که تیایدا بە نهێنییەوە وێنەی ژنان دەگیرێت لە حەمامی کارەکانیاندا. ئەوە چەند بەربڵاوە لە کۆریادا؟

چۆ نام-جوو: سایتێکی گەورە هەبوو کە ئەندامەکانی گرتەی نایاساییان بڵاودەکردەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ داخرا. بەڵام هەتا ئەمڕۆش، هەواڵی بەردەوام هەیە دەربارەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون و گرتەی نایاسایی دەگرن.

گاردیان: دەرهێنەری فیلمی پاراسیت بۆنگ جون-هۆ بەمدواییانە گوتی: "کۆریا، بەڕووکەش، وا دەردەکەوێت کە وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند و درەوشاوە بێت...بەڵام جیاوازی ڕێژەی داهاتی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران لە بەرفراوانبووندایە. نەوەی گەنجان، بەتایبەتی، هەست بە بێهیواییەکی زۆر دەکەن". هاوڕایت؟

چۆ نام-جوو: بەڵێ، پێموایە نەوە گەنجترەکەی کوڕان هەستێکی دیاریکراو بە دۆڕانیان هەیە چونکە پێیانوایە هەمان هێز و سەرمایە و هەلیان نییە بە بەراورد بە نەوەکانی پێشوو. بەڵام پێموایە ئەو پیاوانە نابێت لە ئاستی ژنان کەمبکەنەوە، کە هەلی کەمتریان هەیە.

گاردیان: بۆچی تێکڕای لەدایکبوون لە کۆریا زۆر کەمە؟

چۆ نام-جوو: نرخی باجەکان بەڕاستی بەرزە، وە ئاسایشی کاری زۆرمان نییە. گەنجان پێیانوایە کە کارێکی سەختە بەتەنها پشت بە خۆیان ببەستن بۆ ژیان (خۆیان خۆیان بژیەنن). هەروەها، سیستەمەکەمان لە سودی کۆمپانیایە وەک مۆڵەتی دایکایەتی کە زۆرباش نییە، بۆیە لەسەر هەردوو ژنان و پیاوانیش قورسە لەنێوان کاری دەرەوە و کارەکانی ماڵەوەدا ڕێکبکەون.

گاردیان: باسی سەرکێشییەکانی دایکایەتی و باوکایەتیت کرد-دایکایەتی چۆن دەبینیت؟

چۆ نام-جوو: زۆرجار لە کۆمەڵگای کۆریدا، خەڵکی بەشێوەیەکی زۆر دڵخوازانە سەیری ئەو ژنانە ناکەن کە منداڵ بەخێودەکەن. لە حاڵەتی مندا، پاش ئەوەی پشووی کارم هەبوو، بەڕاستی هیچ هیوایەکم نەبوو کە دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ سەر کار. کاتێکی سەختم هەبوو. بەڵام ئەگەر بوونیادی کۆمەڵایەتیمان بگۆڕێ، هەموومان نرخێکی گەورەتر بۆ پەروەردەکردنی منداڵ دادەنێین، پێموایە دەتوانین زیاتر خۆشی ببینین لە هێنانە دنیای منداڵ.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی گاردیان


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە