Edwar.jpg

خەونێک لەناو خەونێکدا

ئێدگار ئالن پۆ - وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

وەرە با ماچێکی هەنیەت کەم

ئێستاش.. لەم ساتی دابڕانەدا

لێگەڕێ با دان بنێم بە ڕاستییەکا

تۆ هەڵە نیت کاتێ ئەڵێی

ژیانی من هەر خەونێ بووە و هیچی دی

بەڵام کە هیوا نەماوە و دوور فڕیوە

لە شەوا بووبێ یاخود ڕۆژ

لە خەونا یان بێدارییا

ئاخۆ کەمی لێ ڕۆییوە؟

چی هەیە و نییە لەم ژیانە

خەونێکە و وا لەناو خەونێکی ترا پەنهانە

من ئێستاکە لەناوجەرگەی

هاژە و نەڕەی کەنار دەریایێ وەستاوم

ئازارچەشتوو بەدەست شەپۆلەکانیەوە

چنگێ لمی ئاڵتوونییش لەناو دەستمایە

ئەگەر چی کەمیشە، کەچی

وردە وردە لە درزی پەنجەکانمەوە

ئەڕژێنە خوار بەرەو نەمان

لە کاتێکا قوڕگیشم پڕە لە گریان

ئاخ خودایە..

بۆ ناتوانم توندتر دەستم بنووقێنم

تا نەهێڵم.. ئەو لمە کەمەم لێ بڕژێ؟

ئاخ خودایە..

بۆ ناتوانم دەنکە لمێ لەو لمانە ڕزگار بکەم

لە دەست شەپۆلی دڵڕەقی ئەم دەریایە؟

ئاخۆ هەرچی هەیە و نییە لەم ژیانە

هەر خەونێکە و لە خەونێ ترا پەنهانە؟


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە