Jamal.jpg

ساڵی سقوطەکەی داریوش!

تێکستی: جەمال غەمبار

ئەمڕۆ ئازاری کۆڵۆنم

زۆر بێتاقەتی کردم .

دەبوو گوێ لە گۆرانییە

کۆنەکەی (داریوش)

بگرم ..

گۆرانیی (ساڵی سقوط) !

سەرەتای هەشتایەکانی

سەدەی بیست

لە (بەغدا)

 ئێوارەیەک

لە شەقامی ڕەشید

فاتیح عزالدین

ئەو گۆرانییەی

بۆ دەکردم بە کوردی .

ئەو ئێوارەیە

فاتیح ،

هێند نەبوو

لە سەربازیی هەڵاتبوو ..

تەنانەت تاکێ پێڵاوی بیر کردبوو !

دەیویست شەوەکەی

بگاتەوە سلێمانی !

من تەلەبەی کۆلێژی

قانون بووم

فاتیحیش

سەربازێکی هەڵاتوو !

کەسمان پارەمان پێ نەبوو ...

بەو ئێوارەیە

چووینە دوکانی سەعاتفرۆشێک

سەعاتەکەی دەستی من

وابزانم ، پانزە دیناری

ئەو کاتەی کرد .

فرۆشتمان .

هەشت دینارم دایە فاتیح

باقیەکەی بۆ خۆم بوو !

ئەو شەوە فاتیح

لە سەربازیی فیراری کرد و

لە جەنگدا ، نەکوژرا !

دوای ساڵێک

بیستمەوە

لە کاتی فیرارییەکەیدا ، 

شەوێک لە گوندی (مالوومە)

بەدەم ، نازانم تاوڵەکردن

یان شەترەنجەوە

فاتیح وتبووی

من حەزم لە هێلکەی

مریشکی (مەسڵەحە) یە

نەک مریشکی کوردی !

ئیتر ئەمە حەزی بەشەرە!

کەچی بۆ بەیانییەکەی

ڕاپۆرتیان لە فاتیح دابوو ؛

وتبویان :

ئەمە (عێراقچییە )

واتا (ئاش) ە !

دواتر وابزانم

فاتیح - یان هەتا سنووری

(پێنجوێن ) راو نابوو !

هێشتا

لە بەغدایێ بووم

شەوێک فاتیح هاتە خەونم :

وتی ؛

هەموومان شوێن سەرابێ

کەوتووین

ناویان ناوە ؛ ئازادی !

 

سەرنج :

فاتیح عزالدین : یەک لە هاوڕێ شاعیرەکانمە ، نەوەی سەردەمی ژەنەڕاڵی پایز و شکستە رۆحییەکانی ئێمەیە !


ئەم بابەتە 155 جار خوێندراوەتەوە