Anfal.jpg

ئەنفال و شانۆ: پرسیارێک لەیادەوەریی

نیهاد جامی

پەیوەندی مرۆڤی کوردیی بە یادەوەری و کۆیادی گشتی، پیاچوونەوەیە بەساتەوەختی زیندەگی ئێستا نەک گەڕانەوە بێت بۆ ناو یادەوەریی، ئەو ئێستایە زەمەنێکە ناتوانێت وابکات یادەوەریی زیندوو بیت، ئێستایەکمان هەیە لەناو ڕابردوودایە، هەر کاتێک دەیەوێت لەسەر ئەنفال کار بکات نایەت ئەنفال بکاتە دەرگایەک بۆ تێگەیشتن لەئێستادا بەلکو دەمانباتە نا وچیرۆکێک کەهەموو دەرگاکانی لەڕابردوودا داخراون، بۆ ئەوەی ئەو دەرگایە بکەینەوە، دەبێت لەناو گێڕانەوەی ڕووداو نەمێنینەوە، هێندەی ئەو ڕووداوە بێنینە انو ئێستامانەوە، چۆن ئەنفال دێنینە ناو ئێستامان؟ ئەوە پرسیارە گرنگەکەیە کە دەمانەوێت لەیادەوەریی ئەنفالدا ئاراستەی خۆمانی بکەین.

کارکردنەوە لەسەر ئەو پرسیارە، وەستاندنی گێڕانەوەیە، کارێک کە رۆژنامەنووسەکان دەیکەن، شانۆ دەبێت ئەو گێڕانەوەیە بباتە ناو مانایەکی هەمیشەیی، بۆ ئەوەی ئەو مانایە وەدەست بێنین، پێویستمان بەکارکردنەوەیە لەسەر ئاماژەکانی تراژیدیا، کەچۆن ئاماژەکان لەگێرانەوە تێکدەشکێنین و  سەر لەنوێ مانایەکی شانۆیی پێ دەبەخشین؟ ئەوەیان پرسێک نیە بۆ گێڕانەوەی ڕووداو بەوەی لەوێ چی ڕوویدا، بەلام گرنگە ئەو چیرۆکانە نمایش بکەین کە هێشتا مانا ئەخلاقیەکانی خۆیان نەدۆڕاندووە، ئاماژەکان بریتی لە نوگرە سەلمان وەک شوێن، کارەکتەرەکان کۆیادی مرۆڤی کوردین ژنەکانن مناڵەکانن، لێرەدا بەبێ ئەوەی دەستکاری ناوەرۆکی شانۆنامەکان بکەین، دەتوانین ئەنفال لەناو شانۆنامە جیهانیەکان بخوێنینەوە، کە دیدێکی نوێ بە شانۆو مرۆڤی کوردیی ببەخشێت.

کێشەی ئێمە ئەوەیە ساڵانە شانۆکاران شانۆ لەم یادە نمایش دەکەن، کەپڕیەتی لەگێڕانەوەی ڕووداوێک کەبینەر بەر لەکۆتایی دەزانێت چی ڕوودەدات، شانۆ یەکی مردوو دەبەخشێت، کە ئەنفالی تیا دەکوژێتەوە، بۆ ئەوەی ئەنفال لەدنیاادا ئاماژەیەکی زیندووی بوونی ئێمە بێت دەبێت ئاماژەکانی بگوازینەوە ناو تێکستگەلێک کە نامۆ نیە بەدنیا، بەڵام ئەوەی دنیای پێ دەهەژێنین ئەوەیە ئەو قەڵایە چی بوو؟ بۆچی پیاوەکان لەوێ نین؟ بۆ کارەکتەرەکان ژنن؟ پیاوەکان دێن مناڵی بچکۆلەن؟ گەڕان بەدوای پاڵەوان گەڕانە بەدوای پیاوەکان؟ ئاخۆ ئێمە لەکارکردن تا ئەم ساتە ئەوجۆرە پرسیارانەمان لەخۆمان کردووە؟ بەدلنیاییەوە ئێمە لەدەرەوەی پرسیارەوە کار لەگەل ئەنفال دەکەین، چونکە شتی ئامادەکراومان هەیە و دەمانەوێت بیری بینەری بێنینەوە، سەرەنجام هیچ ناکەین و بینەریش لەبەردەم شانۆیەکی مردوودا دێلینەوە، بۆ ئەوەی ئەنفال وێنەیەکی زیندوو بێت ناکرێت لەیادەوەری رووداوەکەدا شانۆی بۆ نمایش بکەین، بەلکو پێویستە ئەنفال وەک ڕووبەرێکی سەربەخۆی خوێندنەوەی سانۆ سەیربکەین، تاوەکو بتوانین دیدی خۆمان بۆ مێژوو لەئێستادا ببینینەوە، نەک لەناو مێژوو جێی بێلین.


ئەم بابەتە 100 جار خوێندراوەتەوە