Karwan1.jpg

(هەولێر) و (هەولێری) لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە

کتێبی (هەولێر) و (هەولێری) لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە له‌ نوسینى (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور) بڵاو کرایەوە.

كتێبه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ى سه‌د نامیلكه‌ى فكرى و ڕه‌خنه‌یى و كتێبى پێنجه‌مى پڕۆژەی (ڕێگە)یه‌، نوسه‌ر سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ى له‌ پێشه‌كى كتێبه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى:

"کاتێ هاوڕێیانی پڕۆژەی (ڕێگە) ئاگاداریان کردمەوە، کە نیازیان وایە گوتاری {(هەولێر) و (هەولێری) لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە} لە شێوەی کتێبی گیرفاندا چاپ بکەن، هەم دڵخۆش بووم و هەم ترس دایگرتم، کە هەر بە گشتی لای من نووسین بەو دووانەوە گرێ دراوە. چێژێکی بێسنوور لە بەرانبەر ترس و دڵەڕاوکێی گەورەدا. دڵخۆشم، بەوەی ئەم گوتارەم دوای دە ساڵ دەکەوێتەوە بەر چاوی خوێنەر، لە کاتێکدا بابەتێکی هەستیار لە خۆی دەگرێت. دەتوانم بڵێم لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا هیچ گوتارێکی ترم هێندەی ئەمەیان ڕووبەڕووی گفتوگۆی نەکردوومەتەوە، بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا. دیارە بەشێکی خۆشحاڵییەکەم هەر پێوەندیی بەو خاڵەوە هەیە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێکەم لەوەوە سەرچاوە دەگرن، کە لەم دە ساڵەدا گۆڕان بەسەر بیرکردنەوە و زماندا هاتوون، بۆیە کاتێ پێیدا دەچمەوە، هەمان ئەو هێزەی تێدا نابینم، کە ئەودەم بینیومە. لەگەڵ ئەوەیشدا پێم وایە ئەم گوتارە، نەک هەر تێگەیشتنمی بردە ئاستێکی ترەوە، بەڵکوو (ڕۆشنبیر!)ی خۆمانی بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی پێشوو خستە بەر چاوم، کە ئەو ڕاچەنینە وای لێ کردم هێندەی تر بۆ ناوەوەی خۆم بگەڕێمەوە، بۆ ئەوە نا تێیدا قەتیس ببم، بەڵکوو بەو مەبەستەی دوای ئەو ڕووخانە بە شێوازێکی دیکەی تەواو جیاواز خۆم دابمەزرێنمەوە، کە ئەگەر وەک (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت هەر ڕووخانێک هاومانای دامەزراندن بێت، ئەوە من لەو پرۆسەسەدا بە ڕوانینێکی تر گەیشتووم، کە زیاتر لە ئاست (ڕووخان و دامەزراندنەوە)دا شلک (Flexible)ـە. دەتوانم بڵێم ئەو تێگەیشتنە لە بەرهەمەکانی دواترمدا ڕەنگی داوەتەوە. لەوانە گوتاری (کێ شار دادەمەزرێنێت؟ فریشتە، یان ئیبلیس؟)، (بێدەنگی وەک پرسیارێکی ئۆنتۆلۆگی)، (زۆرایەتی و جاگلەر)، {(لە ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە)} و کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)، بگرە ئەو تێگەیشتنە خزاوەتە ناو بەرهەمە ئەدەبییەکانیشمەوە".

Karwan


ئەم بابەتە 141 جار خوێندراوەتەوە