Ladri_di_biciclelle.jpg

فیلمی پاسكیل دزەكان و حوكمە ئەخلاقییەكان!

رێبین مستەفا

ئەنتۆنیۆ و ژن و دوو منداڵەكەی ڕزگاربو و پاشماوەی جەنگن لە ئیتاڵیایەكی سیخناخ بە فاشیەت
هەرچۆنێك بێت ئەنتۆنیۆ وەك دەرچوونی یانسیبێك ئیشێكی حكومی چنگ دەكەوێت، ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئیشەكە پێویستی بەوەیە پاسكیلێكت پێبێت!

ئەنتۆنیۆ ڕۆژێكی لەبەردەمە بۆ دەستبەكاربوون، ناچار ژنەكەی سەرچەف و كۆمەڵێك بەرگە سیسەمی كۆن ئەنفرۆشێت بۆ كڕینی پاسكیلێك بۆ ئەنتۆنیۆی هاوسەری.
كڕینی پاسكیلەكە كۆی خێزانەكە دەخاتە نێو هەیەجان و دڵخۆشیەكی بێوێنە، چونكە پاسكیلەكە زامنی دابینكردنی پارویەك نانی ئەخلاقیە بۆ ئەنتۆنیۆ و خێزانەكەی لە زەمەنێك كە دزی و ڕاوە ڕووت پیشەی زۆرینەی ئیتاڵیایە.

بەیانیەكی زوو ئەنتۆنیۆ هاوشانی لاورۆی كوڕی دەچێتە سەر كارەكەی، دڵی دونیای بەم پاسكیلە خۆشە، ئیشەكەی هەڵواسینی پۆستەرە لەنێو كوچە و شەقامەكانی ئیتالیا، هەتا ئێرە هەموو شتێك ئاسایی دەڕوات، لەپڕ پاسكیل دزێك هەموو هاوكێشەكان سەراوژێر دەكات و پاسكیلەكەی ئەنتۆنیۆ لەپرۆسەیەكی پارتیزانی ئەدزێت، پاسكیلێك كە هەموو دەسمایەی ماڵی بۆ خەرجكرا، پاسكیلێك كە سەرچاوەی ئومێد و پاروێك نان بوو.

دزینی پاسكیلەكە حەجمانی ئەنتۆنیۆ ناهێلێ، هەموو كون و قوژبنێكی شارەكەی دەگەڕێت، لەدەرگای هەموو كەسێك دەدات بە ئومێدی دۆزینەوەی پاسكیلەكە، كەچی هیچ هەواڵێكی لە پاسكیلەكەی دەستناكەوێت، هەموو چاوەكان لەئاست دزینی پاسكیلەكەی ئەنتۆنیۆ كوێر ئەبن، لێرەوە ئەم ڕووداوە تەواوی ژیانی ئەنتۆنیۆ دەگۆڕێت.

Ladri di biciclelle1

ئەنتۆنیۆ دەیەوێ بە دزینی پاسكیلی كەسێكی دیكە قەرەبوی دزینی پاسكیلەكەی بكاتەوە، لەیەكەم هەوڵدا وەك ئەوەی شار بینایی بۆ گەڕابێتەوە هەموان دەبنە شاهێد بەسەر دزیەكەی ئەنتۆنیۆ، دەگیرێت و بەبێ گوێدانە ئەو هەموو پاڵنەرەی پەلكێشیان كردووە بۆ دزیەكە سەرزەنشت و داركاریەكی باشی ئەكەن.

ئەم فیلمە ناوازەیەی (دێسیكا) هەڵگری دەیان فكرە و ئایدیای جوانە، دیسكا لەم فیلمە پێمان ئەڵێت تۆ چەندە كەسێكی ئەخلاقی و ئاكاری بیت،چەندە پاك و نەزیهـ بیت كۆمەڵگا ئەتكات بە دز و پیاوكوژ و تاوانبار...هتد.
ئەمە جگە لە فەشەلی تاك بەرامبەر حوكمە ئەخلاقییەكانی كۆمەلگا،

دۆخێك نزیك بەم دۆخەی كوردستان، كاتێك سیستەم هیچ ڕێگایەك ناهێڵێتەوە بۆ ژیانێكی ئەخلاقی، هەرجوڵەیەكیش دژی ئەم بەربەریەتەی سیستەم چێیكردووە، ڕاستەوخۆ لەلایەن دەڵاڵ و وتەبێژانی سیستەم مۆرانەی تاوانبار و لادەر ئەنرێت بەنێوچاوانی كەسەكە!
لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا چ كارێك ئەخلاقییە؟ چ شتێكیش نا ئەخلاقییەكان؟


ئەم بابەتە 81 جار خوێندراوەتەوە