Adonis.jpg

رۆژانێك.. كڵاون له‌ (كا)

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

قسه‌ ده‌كه‌م/ ده‌نگم نایه‌

ته‌نیا له‌و وشانه‌ نه‌بێت، كه‌ بێده‌نگن.

 *

ئایا فه‌زاش زیندانه‌ و

هه‌وا پاسه‌وانێتى؟

 *

مه‌وه‌سته‌/ بڕژێ ئه‌ى فرمێسك،

تاوه‌كو ئاسمانى جه‌سته‌ بێ هه‌ور نه‌بێ.

 *

خودى (كان) یش خێرى به‌خشى،

ژیانى كرده‌ سه‌ده‌قه‌، تا هاوار بۆ غه‌یب بكا و

ئاسمان بدوێنێ.

 *

شیعر له‌و كاته‌ى ده‌مانخوا،

ده‌مانژیێنێت.

 *

هه‌روه‌ها.. رۆژیش ژنه‌:

ساده‌ترین ته‌شریحى جه‌سته‌ى شه‌و،

ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌سه‌لمێنێ.

 *

نازانم چۆن جه‌سته‌م بدوورمه‌وه‌،

كه‌ دڵم پارچه‌ پارچه‌ى كردووه‌.

 *

به‌رده‌وام.. یه‌قین بۆ سه‌ر سفره‌كه‌م داوه‌ت ده‌كه‌م:

كه‌چى ته‌نیا گومان له‌سه‌رى داده‌نیشێت.

 *

به‌ڵێ، متمانه‌م له‌ ده‌ست داوه‌/

ته‌نانه‌ت باوه‌ڕم به‌ ده‌ریاش نه‌ماوه‌.

 *

ژیام/

له‌ ئاو نه‌گه‌یشتم...

ئاگریش نه‌زانى كردم.

 *

ئه‌ى خۆشه‌ویستم،

بۆچى ده‌مه‌وێت ده‌ستت بگرم و بتبه‌مه‌ دۆڵێك

كه‌ هیچى لێ نه‌چێندرابێ؟

 *

له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ حه‌زت كرد، بڕوانه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌:

ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینیت، خۆڵه‌مێشت بیربێته‌وه‌.

 *

ئه‌مڕۆ، مانگم بینى له‌ شاردا، شه‌وى به‌ دواى خۆیه‌وه‌ راده‌كێشا

من له‌ ژێر دره‌ختێك ده‌گه‌ڕامه‌وه‌، كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو رانم راكشاوه‌،

كانیێكه‌ میواندارى له‌ كاروانه‌ تێپه‌ڕیوه‌كان ده‌كا،

له‌و كاته‌دا هه‌وره‌كان، به‌ ره‌نگى شین و خۆڵه‌مێشیى په‌رت ده‌بوون،

وه‌ك ئه‌وه‌ى هێڵكاریی شه‌پۆلدار بن و

په‌نجه‌ى ده‌ریا، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى ئاسۆ بینه‌خشێنێ.

 *

رۆژانێكه‌، له‌ سه‌رى زه‌مه‌ن هه‌ڵده‌فڕن،

وه‌ك ئه‌وه‌ى كڵاوى كا بن.

 *

به‌رد/

ئه‌و به‌رده‌ى په‌یكه‌رى خه‌ڵكى لێ دروست ده‌كرێ،

گوێى لێده‌گرم،

كاتێ، له‌سه‌ر سینگى خشتبڕه‌وه‌ ده‌گریێ.

 *

هه‌وا لێژ ده‌بێته‌وه‌،

تاوه‌كو زه‌وى دانیشتوو به‌رزكاته‌وه‌ بۆ دۆڵێك،

دۆڵێك، بێجگه‌ له‌ چاوێكى ره‌ش چیتر نییه‌،

كه‌ شه‌وانه‌ خه‌ون ده‌یباته‌ لوتكه‌ى چیاكان.

 *

ئه‌ى خۆر، له‌به‌ر چاوى لاله‌نگى چه‌قۆكانت تیژمه‌كه‌وه‌،

به‌سته‌، ئه‌و خوێنه‌ نا دیاره‌ى لێى ده‌رژێ:

وه‌ك قوربانییه‌ك بۆ ئاسمان.

 *

كاتێ سه‌ردانى ئه‌و دراوسێیه‌م كرد،

كه‌ تازه‌ له‌ زیندان ده‌رچوبو:

په‌نجه‌ره‌كان ده‌نوزانه‌وه‌ و

مردنیش، له‌ تارمه‌كه‌ دانیشتبوو.

 *

لێره‌/ له‌ وه‌رزى دروێنه‌،

له‌ ژێر دار زه‌یتونێكى پیر دانیشتبووم:

چاودێرى مێرووله‌م ده‌كرد،

چۆن به‌ بارى گه‌نمه‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌،

هه‌ر له‌وێش، گوێم له‌ بولبوله‌كان ده‌گرت،

كاتێ ده‌نوكیان له‌ مه‌ره‌كبدانه‌كانى ئاسمان نقوم ده‌كرد.

 *

رۆژگارێكه‌/ كه‌سى تیادا نه‌ماوه‌،

بتوانێت كێڵگه‌كه‌ى بڕوێنێت،

یان كێڵگه‌كه‌ى دروێنه‌ بكا:

به‌بێ ئه‌وه‌ى پاڵى بى یه‌كێكى تره‌وه‌ نه‌دابێ، كه‌ پاڵى به‌ یه‌كێكى تره‌وه‌ داوه‌،

كه‌ پاڵى به‌ یه‌كێكى تره‌وه‌ داوه‌.

 *

هه‌ڵكه‌/ ئه‌ى (با)، هه‌ڵكه‌ و یارمه‌تیمانده‌:

تا ئاگرێك، له‌م ساراى سه‌هۆڵبه‌ندانه‌ بكه‌ینه‌وه‌.

 *

(هه‌موو دۆزینه‌وه‌یه‌ك، كوفره‌)

قسه‌یه‌كه‌ مێژوو سه‌لماندویه‌تى،

ژیانى باپیرانیشمان ده‌یسه‌لمێنێ.

پرسیارێك له‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌م، گومانى هه‌یه‌:

ده‌توانیت یه‌ك دۆزینه‌وه‌م نیشانده‌ى،

بۆ خوا په‌رستى؟

 *

له‌ وه‌رزى به‌هار، له‌ نێوان من و (با) دا دوژمانه‌یتیه‌كى كۆن هه‌یه‌:

هه‌ر چه‌ند جارى هه‌ڵیده‌كرد و گیا و گوڵى كێڵگه‌كه‌مانى ده‌له‌نجاند،

عه‌ترى ده‌برد و چاومى پڕ ده‌كرد له‌ غوبار.

 *

هه‌ست ده‌كه‌م، پێویستیه‌كى زۆرم به‌ كه‌سێك هه‌یه‌،

بتوانێت بێته‌ ناومه‌وه‌ و گوناهه‌كانم بژمێرێت.

چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م له‌م ساته‌دا،

گوێ له‌ تاره‌كه‌ى ئۆرفیۆس بگرم،

یان فارابى و باسى مۆسیقا بكات.


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە