Badynan.jpg

کڵۆڵی مێژووگەرایی کارڵ پۆپەر كرا به‌ كوردى

دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان كتێبى (کڵۆڵی مێژووگەرایی) له‌ نوسینى (کارڵ پۆپەر) چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

كتێبه‌كه‌ له‌لایه‌ن (بادینان محەمەد) له‌ دووتوێى (140) لاپه‌ڕه‌دا له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ كراوه‌ته‌ كوردى، هه‌ر وه‌ك ده‌زگاكه‌ له‌باره‌ى كتێبه‌كه‌ نوسیویه‌تى: "ئەم کتێبە یەکەم کتێبی ( کارڵ پۆپەر) ە و زنجیرە (١) لە داهاتوودا زنجیرەکانی دیکەی دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران".

 سه‌باره‌ت به‌م كتێبه‌ وه‌رگێڕى كتێبه‌كه‌ نوسیویه‌تى:

 تێزى سەرەکیى ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە بۆ زستانى (١٩١٩-١٩٢٠)، ئەمیش بریتییە لەوەى کە باوەڕبوون بە چارەنووسى مێژوویى بەتەواوى بێمانایە و ناتوانرێت هیچ پێشبینییەک لە ڕەوتى مێژووى مرۆڤ بەگوێرەى مێتۆدێکى زانستى یان هەر مێتۆدێکى ئەقڵانیى تر هەبێت. نەخشەى سەرەکیى کتێبەکە لە ساڵى (١٩٣٥) تەواو کراوە، یەکەم خوێندنەوەی لە مانگى یەک و دووى ساڵى ١٩٣٦ بۆ کرا، کە لە دانیشتنێکى تایبەتدا لە ماڵى هاوڕێیەکەم (Alfred Braunthal) لە بروکسڵ وەک توێژینەوەیەک ناونیشانى "کڵۆڵى مێژووگەرایى" پێ بەخشرا. لەم چاوپێکەوتنەدا خوێندکارێکم (کە پێشتر وانەم پێ وتبوو)، هەندێک جیاکاریى گرنگى لە گفتوگۆکەدا خستە ڕوو. ئەو کەسە دکتۆر "Karl Hilferding" بوو، کە زوو بووە قوربانیى دەستى پۆلیسى نهێنیى نازییەکان (Gestapo) و ئەفسانەکانى مێژووگەرا (ئەو کەسەى باوەڕى بە مێژووگەرایى هەیە - وەرگێڕ)ى ئەڵمانیاى سێیەم (ڕایخ). هەروەها بووە قوربانیى ئایدیاى هەندێک فەیلەسووفى ترى ئێستا. دواى ماوەیەکى کورت، لە قوتابخانەى ئابووریى لەندەن توێژینەوەیەکى هاوشێوەم لەناو سیمینارى فەیلەسووف "هایەک" خوێندەوە. نزیکەى چەند ساڵێک بە هۆى ئەوەى دەستنووسەکەم لەلایەن گۆڤارى خولیى فەلسەفى ڕەت کرایەوە، چاپکردنەکە دوا خرا و دواتر لە هەمان گۆڤار قبووڵ کرا. بۆ یەکەم جار لە سێ بەشدا لە "Economica"، بەرگى یازدە، ژمارە ٤٢ و ٤٣ لە ساڵى ١٩٤٤ و لە بەرگى دوازدە، ژمارە ٤٦ لە ساڵى ١٩٤٥ چاپ کرا. لە دواتریشدا وەرگێڕانە ئیتاڵییەکەى لە میلانۆ لە ساڵى ١٩٥٤ و وەرگێڕانە فەڕەنسییەکەى لە پاریس لە ساڵى ١٩٥٦ لە شێوەى کتێب چاپ بوو. دەقى چاپە تازەکە پێداچوونەوەى بۆ کراوە و هەندێکیشى بۆ زیاد کراوە.


( کارڵ ڕایمۆند پۆپەر ) سەبارەت بە کتێبەکەی ( کڵۆڵی مێژووگەرایی ) بەم شێوەیە باسی دەکات

 

لە "کڵۆڵى مێژووگەرایى"دا هەوڵم دا پیشانی بدەم کە مێژووگەرایى مێتۆدێکى هەژارە و هیچ بەرهەمێکى نییە، بەڵام بەڕاستى بەدرۆم نەخستووەتەوە.

لە پێشدا بە هۆى هۆکارى لۆژیکییەوە لە بەدرۆخستنەوەى مێژووگەرایى سەرکەوتوو بووم، هۆکارەکەش ئەوەیە کە بۆ ئێمە ئەستەمە پێشبینیى ڕەوتى داهاتووى مێژوو بکەین.

ئەرگومێنتەکە لە توێژینەوەیەک پێک دێت کە لە ساڵى ١٩٥٠ لەژێر ناونیشانى "ناحەتمیەت لە فیزیاى کلاسیکى و فیزیاى کوانتەم" چاپم کردووە، بەڵام چیتر بەم توێژینەوەیە ڕازى نیم. پەسندترین و قەناعەتپێکەرترین لێدوان لەو بەشەدا دەدۆزرێتەوە کە لەسەر ناحەتمیەت نووسراوە و بەشێکە لە پاشکۆى: دواى بیست ساڵ لە کتێبى لۆژیکى دۆزینەوەى زانستییەکەم.

حەز دەکەم لێرە بە چەند وشەیەکى کەم ئەم ئەنجامە سەرەتاییانە بە خوێنەر ڕابگەیەنم، کە خۆم وەک چوارچێوەیەک بۆ ئەو بەدرۆخستنەوە مێژووگەراییە پێى گەیشتووم. دەشێ ئەنجامى ئەرگومێنتەکە لە پێنج خاڵدا پوخت بکەینەوە، کە بریتین لە:

١. ڕەوتى مێژووى مرۆڤ بەتەواوى لەژێر گەشەى مەعریفیى مرۆڤدایە (دەبێت ڕاستیى ئەو بنەمایە، تەنانەت لەلایەن ئەو کەسانەش دانی پێدا بنرێت کە لەناو بیرۆکەکانمان دەیبینن، بە بیرۆکە زانستییەکانیشمانەوە، پێیان وایە ڕەوتى مێژووى مرۆڤ تەنیا لێکەوتەى جۆرێکى بەرەوپێشچوونى ماددى یان فاکتەرى ترە.

٢. ئێمە ناتوانین لە ڕێگەى مێتۆدە ئەقڵانی یان زانستییەکان، پێشبینیى گەشەى داهاتووى مەعریفیى زانستیمان بکەین (ئەو جەختکردنەوەیە دەشێت لۆژیکانە لە ڕێگەى ئەم لێکۆڵینەوانەى کە لە خوارەوە نەخشەى بۆ کێشراوە، بسەلمێنرێت).

٣. لەبەر ئەوە ناتوانین پێشبینیى ڕەوتى داهاتووى مێژووى مرۆڤ بکەین.

٤. ئەمە ماناى ئەوەیە دەبێت شیمانەى مێژووى تیۆرى، یاخود زانستێکى کۆمەڵایەتیى مێژوویى کە لەگەڵ فیزیاى تیۆرى یەک بگرێتەوە، ڕەت بکەینەوە. ناکرێت تیۆرێکى زانستى لە پێشکەوتنى مێژووییدا هەبێت و وەک بنەمایەک بۆ پێشبینیکردنى مێژوویى بەکار بێت.

٥. بەمەش، وەک شتێکى خراپ و هەڵە لە ئامانجى سەرەکیى مێتۆدەکانى مێژووگەرا (Historicist) دەڕوانرێت و تێدەگەیشترێت (بڕوانە بەشەکانى (١١) بۆ (١٦)ی ئەم کتێبە).

بێگومان ئەرگومێنتەکە هەموو جۆرە پێشبینیکردنێکى کۆمەڵایەتى بەدرۆ ناخاتەوە، بەپێچەوانەوە بەتەواوى هاوڕایە لەگەڵ ئەوەى کە دەکرێت تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان تاقی بکرێنەوە، بۆ نموونە دەشێت تیۆرە ئابوورییەکان پێشبینیى ئەوە بکەن کە بەرەوپێشچوونێکى دیاریکراو لە دۆخێکى دیاریکراودا ڕوو دەدات. ئەرگومێنتەکە تەنیا شیانى پێشبینیکردنى ئەو ڕووداوە مێژووییانە بەدرۆ دەخاتەوە، کە لەوانەیە لەژێر کاریگەریى گەشەى مەعریفیى ئێمەدا بن.

هەنگاوى یەکلاکەرەوە لەم ئەرگومێنتە، لێدوانى دووەمە. پێم وایە ئەگەر شتێک هەبێ بە ناوى گەشەى مەعریفیى مرۆڤ، ئەوا لێدوانى دووەم لەناو خۆیدا سەلمێنراوە کە ناتوانین ئەمڕۆ مەزەندەى ئەوە بکەین سبەینێ چی دەزانین. پێم وایە ئەوە وەک بەڵگە دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەندە بەس نییە بۆ سەلماندنێکى لۆژیکیى لێدوانەکە. سەلماندنى لێدوانى دووەم کە لە بڵاوکراوەکە باسم کردووە، ئاڵۆز دەبێت و پێویست ناکات سەرسام بم، ئەگەر بتوانرێ سەلماندنى سادە بدۆزرێتەوە. سەلماندنى من بریتییە لە پیشاندانى ئەوەى کە هیچ پێشبینیکەرێکى زانستی، چ زاناى زانستە مرۆڤایەتییەکان یان ئامێرێکى ژماردن، ناتوانن بە شێوەیەکى شیاو لە ڕێگەى مێتۆدە زانستییەکانەوە پێشبینیی ئەنجامەکانى داهاتووى خۆیان بکەن، بەڵکوو دواى ڕوداوەکە دەتوانێت ئەنجامەکان بەدەست بهێنێت، ئەوکاتیش دەرفەتى پێشبینیکردن نەماوە، چونکە ڕووداوەکە ڕووی داوە. بە واتایەکى تر: دواى ئەوەى پێشبینیکردنەکە بووە بە شیکردنەوەى ڕابردووى ڕووداوەکە، دەتوانن ئەنجامەکانى خۆیان بەدەست بێنن.

ئەم ئەرگومێنتە کە بوونێکى لۆژیکیى هەیە، بۆ هەموو پێشبینیکەرێکى ورد و ئاڵۆز تەرخان کراوە، بە لەخۆگرتنى ئەو کەسانەش کە پێشبینیى کۆمەڵگا دەکەن، ئەمەش ماناى ئەوەیە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت زانستییانە پێشبینیى دۆخى داهاتووى مەعریفەى خۆی بکات.

لە هەندێک شوێندا ئەرگومێنتەکەم ڕواڵەتی و ساکارە، لەبەر ئەمە دەشێت وا لێى بڕوانرێت، تەنانەت ئەگەر ڕەوایەتییە لۆژیکییەکەشى گونجاو بێت، بایەخێکى ڕاستەقینەى نییە.

هەر چۆنێک بێت، هەوڵم داوە بایەخى پرسەکە لە دوو توێژینەوە پیشان بدەم. لە توێژینەوەى دووەمدا (کۆمەڵگاى کراوە و دوژمنەکانى)، چەند ڕووداوێکم لە مێژووى بیرى مێژووگەرا (Historicist) دەستنیشان کردووە، بۆ ئەوەى کاریگەرییە بەردەوام و کوشندەکەى لەسەر فەلسەفەى کۆمەڵگا و سیاسەت ڕوون بکەمەوە، کە لە هیراکلیتس و ئەفلاتوونەوە دەست پێ دەکات بۆ هیگڵ و مارکس. لە توێژینەوەى یەکەمدا (کڵۆڵى مێژووگەرایى)، کە ئێستا بە شێوەى کتێب و بە زمانى ئینگلیزى بەردەستە، هەوڵم داوە بایەخى مێژووگەرایى وەک پێکهاتەیەکى دڵڕفێنى ڕووناکبیر پیشان بدەم. هەوڵم داوە لۆژیکەکەى شرۆڤە بکەم، کە هەندێک جار زۆر وردە و زۆر قایلکەرە و زۆر فێڵبازە، هەروەها هەوڵم داوە باسى ئەوە بکەم کە مێژووگەرایی بە هۆى لاوازییەکى بۆماوەیی و ئەستەمى چارەسەرکردنەکەى؛ ئازار دەچێژێت.

کارڵ ڕایمۆند پۆپەر

پێن - بوکینشایەر

تەممووزی ١٩٥٧

هەندێک لە ڕەخنەگرە دیارەکانى ئەم کتێبە، بە ناونیشانەکەى پەشۆکاون. ناونیشانەکە بە مەبەستى ئاماژەیەک دانرا بۆ ناونیشانى کتێبەکەى مارکس (کڵۆڵى فەلسەفە)، کە ئەویش بە ناڕاستەخۆ ئاماژەى بە کتێبى "فەلسەفەى کڵۆڵى"ى پراودن کردبوو.

کارڵ ڕایمۆند پۆپەر

پێن - بوکینشایەر

تەممووزی ١٩٥٩


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە