Octavio-Paz.jpg

بە بیانوی مردنی ئابڕوی شیعری جیهانەوە

ئەمڕۆ یادی مردنی یەکێک لە گەورەترین شاعیرانی دونیایە "ئۆکتاڤیۆ پاز" ئەو لە شاعیرە ورد و خوێندەوارەکانی جیهانە و ساڵی ١٩٩٠ ئەکادیمیایی سویدی خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشی. پاز بە ئابڕوی شیعری جیهان ناودەبرێت..

ئەمەی خوارەوە، نووسینێکی کورتە لەسەر ژیان و کار و ئەدەبیاتی ئەو.

 ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ٣١ـی مارسی ١٩١٤ لە مەکسیکۆسیتی-مەکسیک لە دایک بووە، ١٩ـی ئەپڕێڵی ١٩٩٨ بە شێرپەنجە لە هەمان شوێن کۆچی دواییی کردووە. ئەو شاعیر، نووسەر، دیپلۆمات و ڕەخنەگرێکی مەکسیکی بوو. پاز بە ئابڕووی شیعری جیهان ناسراوە. لە حەڤدەساڵیدا دەستی بە نووسین کرد. باوکی، پارێزەر بوو، باپیریشی چیرۆکنووس، هەردووکیان لە پەروەردەی پازدا کاریگەر بوون. لە گەنجێتیدا بەها کۆمەڵایەتییەکانی لە باوکییەوە وەرگرت و ئەدەبیاتیش لە باپیرییەوە فێر بوو. سەرەنجام شاعیریی لە بری پارێزەریی هەڵبژارد. لە ساڵی ١٩٦٢ـدا بوو بە باڵیۆزی مەکسیک لە هیند و چوو بۆ ئەوێ. لە ساڵی ١٩٦٨ـدا وەک هەڵوێستێک لە هەمبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندانی ئارامی خوێندکاران لە مەکسیک، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و ئیتر تا کۆتایییەکانی ژیانی، وەک سەرنووسەر و چاپەری چەند گۆڤارێکی تایبەت بە هونەر و سیاسەت مایەوە.

ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ساڵی ١٩٨٠ـدا لە لایەن زانکۆی هارڤاردەوە دوکتۆرای شانازیی پێ بەخشرا و لە ساڵی ١٩٨١ـدا خەڵاتی سێرڤانتسی بردەوە. سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ـدا ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێل، لە هەمبەر نیو سەدە تێکۆشان لە بواری شیعر و ئەدەبیاتی مەکسیکدا، خەڵاتی نۆبێلی بە پاز بەخشی. ئەو لە سوید گوتارێکی گرنگی بە ناوی «لە گەڕان بە دوای هەنووکە»ـدا خوێندەوە.

پاز پێی وایە شاعیر شیعر بۆ دڵی دەنووسێت، بەڵام پێوستە لەگەڵ خوێنەریشدا پەیوەندیی دروست بکات. هەروەها شیعر نهێنییەکە ناتوانین هەرگیز چۆنیەتیی ئافراندنەکەی وەسف بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەبێ ئەوی بیر لە ڕەوتی ئافراندنەکەی بکەینەوە، ناتوانین درکی بکەین. هەروەتر شیعر وەجدێکە، واقعییەت ڕەت دەکاتەوە، یانیش دەیگۆڕێت.

 پاز لە ساڵی ١٩٣٧ لە ناوەڕاستی جەنگی براکوژی ئیسپانیا بەشداری لە کۆنگرەی نووسەران دەکا لە مەدرید. چاوی بە میگێل هێدناندێس، لوی سێرنۆدا، ڕافایل ئەلبێرتی، پابلۆ نیرۆدا و سێزار پالێژۆ دەکەوێ. برادەرایەتی بێ هاوتا لە نێوان پاز و سێرنۆدا دروست دەبێ و تەنیا بە مەرگ دەوەستێ. ئەمەش لە کۆمەڵە شیعری (وشە ڕۆشنکەرەوەکان) هەستی پێدەکرێ، پاز ئەم کتێبە ساڵی ١٩٦٤ پێشکەش بە ئەو دەکا.

 پاز کە دەگەڕێتەوە مەکسیک بەشداری کاری سیاسی دەکا و بەشداری لە دەرکردنی ڕۆژنامەی کارگەران دەکا کە بە ناوی (میلی _ populaire) دەردەچێ و لە هەمان کات سەرپەرشتی گۆڤاری (ئەتۆلیە) دەکا.

 لەم سەردەمەدا برادەرایەتی دوورخراوە ئیسپانیەکان دەکات و لە ڕێگای بنیامین پێرێ و لیۆناردۆ کارینگتۆن دەناسێ و لە ڕێگای ئەوانەوە پەیوەندی خۆی لەگەڵ سوریالیستەکان توند و تۆڵتر دەکا.

 دەبێتە هاوڕێی ئەندرێ برۆتۆن و پەیوەندیان توندو تۆڵدەکات، پاز پاش گەشتەکانی بۆ ژاپۆن و هیندستان لە ساڵی ١٩٥٢ بە قوڵی بەر فەلسەفەی ڕۆژهەڵات دەکەوێت و کاری تێدەکات.

 ئەو بەناوبانگترین ئەزموونی شیعری خۆی ساڵی ١٩٦٠ بڵاودەکاتەوە (بەردی هەتاو_pierre de Soleil)١

 بەردی هەتاو شاقولی بە مێژوودا ڕۆ دەچێ، سوودی لە میسیۆلۆجیای گرێک و کەلەپووری شارستانییەتی ڕۆژئاوا و گەنجینەی ئەمریکای لاتینیش وەرگرتووە.

 لە بەردی هەتاوی پازدا، خۆشەویستی و ڕق، توڕەیی و هۆشیاری و زەمەنێکی بازنەیی بەناو یەکدا دەچن و تیایدا وێنای ئەودونیایە دەکات کە پاز لە ژیان و خەونەکانیدا ئەزموونی دەکات.

 ئەو دەربارەی شیعر زۆری نووسیوە و قسانی باش و ورد و زیرەکانەی لەسەر شیعری خۆیی و شیعر بە گشتی و دونیای ئەدەبیات هەبووە، لێرەدا بەشێکی کەم لە وتارێکی ئەو دەربارەی شیعر دادەنێین بە وەرگێڕانی "ئەکبەر حەسەن"

 شیعر و مێژوو ئۆكتاڤیۆ پاز له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ئه‌كی هه‌موو قه‌سیده‌یه‌ك هه‌وڵێكه‌ بۆ ئاشته‌وایی نێوان شیعر و مێژوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی شیعردا، چونكه‌ شاعیر، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ش ئاوێزانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ تێیدا ده‌ژی و به‌شداری ئه‌وه‌ ده‌بێ پێی ده‌وترێ "ڕه‌وتی سه‌رده‌م" – ئه‌و دۆخه‌ په‌ڕگیره‌ی كه‌ ئیدی وێناكردنی مه‌حاڵه‌، هه‌میشه‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌دایه‌ له‌ سته‌می مێژوو هه‌ڵبێت. كۆی هه‌وڵه‌ شیعرییه‌ مه‌زنه‌كان –هه‌ر له‌ گوته‌ی جادوویی و قه‌سیده‌ی داستانییه‌وه‌ تا ده‌كاته‌ قه‌سیده‌ی میكانیكی- له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان قه‌سیده‌ بكه‌نه‌ بۆته‌یه‌ك تێیدا مێژوو له‌ شیعردا بتوێته‌وه‌، واقیع له‌ ئوستووره‌دا، شێوازه‌ عامییانه‌كان به‌ وێناكاری، مێژووی دووباره‌نه‌بووه‌وه‌ به‌ كه‌رنه‌ڤاڵ كه‌ مێژووی زیندووی گه‌رانتیكراوه‌ به‌ به‌پیتییه‌كی نهێنی، كه‌ هه‌میشه‌ بۆ ده‌سپێكردنی ماوه‌یه‌كی نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. سروشتی قه‌سیده‌یه‌ك هاوشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سروشتی جه‌ژنێك، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژژمێردا مێژوویه‌كه‌، كه‌چی دابڕانێكه‌ له‌ به‌ستێنی كاتدا و سه‌رچاوه‌گرتنی ئێستایه‌ كه‌ خولاوخول، به‌بێ ڕابوردوویه‌ك یان سبه‌ینێیه‌ك، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. هه‌موو قه‌سیده‌یه‌ك جه‌ژنێكه‌: له‌ زه‌مه‌نێكی په‌تیدا دڵۆپه‌ ده‌كات. په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و مێژوو په‌یوه‌ندیی پاشكۆیه‌تی و كۆیلایه‌تییه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ تاقه‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی مێژوو بین، ئه‌وا هاوكات ماده‌ خامه‌كه‌ی و قوربانییه‌كانیشین؛ چونكه‌ مێژوو ته‌نها له‌سه‌ر حسابی ئێمه‌ به‌دی دێت. شیعر له‌ ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ده‌گۆڕێت، چونكه‌ شیعر له‌سه‌ر حسابی مێژوو به‌دی دێت. هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی –قاره‌مانه‌كان، بكوژ، ئه‌ڤیندار، ئالیگۆری، ڕازاندنه‌وه‌ی بڕگه‌یی (fragmentary inscriptions)، پابه‌ست (refrain)، سوێند، سه‌رسامبوونی خۆنه‌ویستانه‌ له‌سه‌ر لێوی منداڵێك كاتێك یاری ده‌كات، تاوانباران به‌ سزای سێداره‌، ئه‌و كیژه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار سێكس ده‌كات، ده‌سته‌واژه‌یه‌ك كه‌ با هه‌ڵی گرتووه‌، نووزه‌ی گریانێك- هه‌موو ئه‌مانه‌، له‌گه‌ڵ ته‌عبیری كه‌ونینه‌، نوێ و لێخوازراو (اقتباس) خۆیان ڕاده‌ستی مه‌رگ یان كێشران به‌ دیواردا ناكه‌ن. به‌ڵكو سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئامانجی خۆیان، سوورن له‌سه‌ر ژیان تا ئه‌وپه‌ڕی. خۆیان له‌ هۆكار و به‌رهۆ به‌ده‌ر ده‌كه‌ن، چاوه‌ڕێی ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ ڕزگاریان ده‌كات و ببن به‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت. ناشێت به‌بێ مێژوو شیعر هه‌بێت، كه‌چی شیعر یه‌ك ئه‌ركی هه‌یه‌: وه‌رچه‌رخاندنی مێژوو. هه‌ر بۆیه‌ تاقه‌ شیعری شۆڕشگێڕانه‌، شیعرێكی ئه‌پۆكالیپتییه‌. به‌شێكی كه‌م، زۆر كه‌م له‌ وتاره‌كه‌ی پاز.

       

١بەردی هەتاو _ لەلایەن نووسەر ئەحمەدی مەلا ساڵی ٢٠٠١ لە فەڕەنسییەوە کراوە بە کوردی و لە لایەن دەزگای ئاراسەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە