Ywsf.jpg

گەڕان .. بەدووای دوێنێ‌ دا .. !

یوسف خەلیل

 ئەوكاتەی مەشخەڵی گڕ دەبێتە خۆڵەمێش

ساتێك نامێنێتەوە بۆ پێكەنین

هەناسەیە نابێ بۆ ئارەزوو

هیچ چاوهەڵدێنێ‌

هیچ

زیزبوونیش كەدەبێتە بەیداغی پەرت بوون

دابڕانی گەڵا و گوڵ

سیس بوون بۆ هەمیشە

هیچ، چاوهەڵدێنێ‌

هیچ

تاوانبار

بێ باكبە كەچ بریارێكدەدەی

بەڵگەی پرشنگی خۆر ئەیسەلمێنێ‌

هەڵاڵەكانی هەوێنی حەز

دەبنە گەواهی

بێ پەروا بۆخۆت نمایش دەكەیت

گەر بەساوایی بڕیارت دابێت

بێگومان ڕەش بینی تاوان دێنێتە كایە

گەر بەو سیمایە لێی بڕوانین و

پێداچوونەوە لەئارادا بێت

شنەی شەماڵ لەدایك دەبێت

كە یەكمان ناسی

وەك پەپوولە بۆ پاسارییەكان دەخناینەوە

تۆ لەڕێگایەكدا سەرگەرمی خونچەكان بووی

بەندەش لەدووڕیانێكدا بەدووای خوددا وێڵ

كەلەدەرگات دام

شیعرم دەنووسی

ئێستا بەم چەند پەیڤە هەنارییە بەنێو دوێنێدا ڕێ دەكەم

لاپەڕەی بیرەوەرییەكانم هێدی هێدی هەڵدەدەمەوە

ناسینێكی مناڵانە زوو گەشەی كردو گەورەبوو

گەڵای كردو گوڵی هەمەچەشنەی هێنایە بوون

مەخابن

خەزانی پاییز تەمەنی ئەم عەشقەی وەران

دوو خونچەی كردە دڕك بۆیەك !

لەئەرشیفی ئەم سیناریۆیەدا

هاوڕێیەتی و ڕاڤەكردنی بەستەڵەكەكان

ئاسان دەكران

لەقسەو خەندەو ئامێزو ئاوێزان بێزارنەدەبوون

پیاسەی شەقامەكان بوونە گەواهی حاڵ

گشت هەوارگەكان مەنزڵگابوون بۆ ژووان

پەرە بەگەورەبوون درا

پێگەیشتن هاتە ئارا

دیداری ماچ لەقۆزاغە چاوی هەڵهێناو

لیڤێكس كەوتەخوار

ئاوێزان بوون لەدایك بوو

بەیداغەكانی نەریت درا بەبنەماكانی ئەویین

چێژی جەستەو گڵكۆی یەكتر كرۆژان لەمیدیاو

بەندكردنی مندا هاتە قسە

شەكرلەمە دەبووە ساڕێژی برینەكانی سەرڕێ

ماچەكان ڕۆژانە تازە دەبوونەوە

خۆزگەكان لەنێو سەمای ئاسماندا دەشنانەوە

بەرنامە پەلوپۆی هاویشت و بەهرە بەمراز گەیشت

ئاشنا گەیشتە مەنزڵگاو نوێ‌ پەیڤی ئاراستەكرا

لەهاتوچۆی نمایشەكاندا جەستەمان لەیەكدی دەدا

دەست بازی و شەڕەئاوو ماچ و وێنە

دۆش دامام و وەئاگای هێنام

هێی هاوڕێ

ئەوكاتەی وشە بووە بەڵێن

دیدەمان ئاراستە دەكرا

گرەومان بردەوە

دەبینراین نەدەترسایین

سانسۆرمان رەت كردەوە

چونكە هاوڕێیەتی پەیامی بەردەوام بوون بوو

دوژمن لێ نەدەگەڕان

لەهەموو لایەك لەپیلان داناندا بوون

راستەوخۆ قسەمان دەكرد

بۆ هەموو جێیەك دەچویین

بەماچ خۆمان نوێ‌ دەكردەوە

كە دەبینراین

لەژووانێكی نوێدا ئاوێزان دەبوویین

بەردەوام لەبەرپەرچ دانەوەدا بوویین

بێ باك بوویین

دۆست خۆشحاڵ بوون بۆمان

ئەمێستا دۆش داماون

بە لەخشتە بردنت

هەرەس بە خۆزگەكان هێنرا

پاش من بەتۆشیانەوەدا

هاوڕێ

بێ باك تاوانبارت كردم

بەلەناوبردنت

هێزی ئەوین ڕمێنرا

لەمێژبوو لەدووی داو وێڵ بوون

یەكەم دۆڕان و دووەم سەركەوتن

پاش ش ش....

زەرەر دابڕان دەربەدەر

هەر چاوەڕوان بووم

مەخابن دەنگی هەرنەبوو

لەیەكەم هەوڵدا كەس نەهات بەدەنگمەوە

لەدووەم ا شیعر هات بەهانامەوە

مەبوورەو نابوورم

تەنها پیاسەیەك بەنێو مێژینەدا

تابگەیتە ئاكام

پاش خۆت بەئەرشیفی منیشدا ڕێ بكە

وەك كاندێشێكی شەیدا

وێڵ بە بەدووی خۆردا

تا لەڕاستی بگەیت

گەرچی هەموو سیناریۆیەكی خۆش و ناخۆش

هەمووكات

هەوێنن بۆ چاوهەڵێنان

بەیادی جاران پەیڤێكی نوێم لەدایك دەبن

ئەم یادانە نەمرن و هەمیشە بەزیندوی

لەخانەكانی ئەندێشەمدا

دەشنێنەوە

 

2004 سلێمانی


ئەم بابەتە 135 جار خوێندراوەتەوە